مرۆڤ و هاوبەشیکردن، داهێنان و گەشەپێدان

09:44 - 2023-09-24
ئابووری
578 جار خوێندراوەتەوە
قووچەکە بەناوبانگەکەی ئەبراهام ماسلۆ، لە بارەی پێویستییەکانی مرۆڤەوە

فەیسەڵ عەلی
ئەو ناونیشانەی سەرەوە، چوار وشەی جیاواز لەخۆ دەگرێت، هەر یەکێک لەو وشانە پرشنگدارن، بەڵام کاتێک چواریان بەیەکەوە دەبنە تەواوکەری یەکتر پرشنگدارتر دەبن. وشە بنچینەییەکەی نێوان ئەو چوارە، مرۆڤە، بەهای مرۆڤ لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە هەموو بوونەوەرەکانیتر جودایە، هەروەها توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ دەوروبەری خۆی هەیە و سوودی لە سەرچاوەکان وەرگرتووە و توانیویەتی داهێنانی تێدا بکات. مرۆڤ لە کاروانی ژیانیدا، توانیویەتی مەعریفەی زۆر و هەمەجۆر بەدەست بهێنێت. بە هاوبەشی مرۆڤیتر رۆڵی لە داهێنان و کاری بەرهەمهێن و گەشەپێداندا هەبێت، نەک لەسەر ئاستی یەک نەوە و لە چوارچێوەی یەک شارستانیدا، بەڵکو لەسەر ئاستی نەوە لە دوای نەوە و شارستانییە جیاوازەکان، کە بە درێژایی مێژوو مرۆڤی پێدا تێپەڕبووە.

خاڵی دەستپێک
مەبەستی ئەم نووسینە، خستنەڕووی پرسی هاوبەشیکردنە لە ژیانی مرۆڤ و رۆڵییەتی لە داهێنان و گەشەپێداندا. دەشێ خاڵی دەستپێکی ئەم هاوبەشیکردنە لە خودی سروشتی مرۆڤ و پێداویستییەکانی ژیانییەوە سەرچاوەی گرتبێت. ئەگەر لە میانی پێناسەی ئەبراهام ماسلۆ 
(Abraham Maslow)وە، لەو پێداویستییانە بڕوانین، لە پێنج ئاستدا دەیبینین، ئەمانە دەگرێتەوە، پێداویستییە بنچینەییەکان ئاستی یەکەمییەتی، پێداویستییەکانی ئەمان ئاستی دووەمییەتی، پێداویستییەکانی ئینتیما و خۆشەویستی ئاستی سێیەمییەتی، پێداویستیی پێگە و رێز ئاستی چوارمییەتی، ئاستی پێنجەمیشی پێداویستییەکانی ناوازەیی و دەستەبەرکردنی خودە.
رەنگە گونجاو بێت لێرەدا، لە پرسی پەیوەندیی ژیانی مرۆڤ بە هاوبەشییەوە، باس لە بیرۆکەی دەستی نادیار (Invisible Hand) بکەین، ئەو بیرۆکەیەی ئادەم سمیس (Adam Smith) کە بە باوکی ئابووری ناسراوە، لە کتێبی سامانی نەتەوەکاندا باسی کردووە. بیرۆکەکە دەڵی: مرۆڤ بە تەنها ناتوانێ  پێداویستییە هەمەجۆرەکانی دابین بکات، بەڵکو لە رێی هاوبەشیکردنی ئەوانیترەوە دابینی دەکات. ئەو دەتوانێ لە بوارێکی دیاریکراوەوە کارێکی بۆ گونجاو بێت و بیکات، وەک کشتوکاڵ، پیشەسازی، یان کڕین و فرۆشتن، یان هەر کارێکیتر، تا لێوەی پێداویستیی خۆی و پێداویستیی ئەوانیتری ناو کۆمەڵگەکەی دابین بکات، لە بەرامبەریشدا لە بوارەکانی تردا پێداویستییەکانی تری دەست بکەوێت. بیرۆکەکە وای بۆ دەچێت، لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییدا ئەو پرسە بە شێوەیەکی سروشتی روو دەدات، بەبێ ئەوەی پلانی پێشوەختەی هەبێت، بە تایبەتی لەگەڵ بوونی جیاوازیی ئاراست و تواناکانی مرۆڤ لە بوارە هەمەجۆرەکاندا. لەبەر ئەوەی ئەوە بەشێوەیەکی لەخۆڕا روو دەدات، بیرۆکەی هاوبەشی لەخۆڕای نێوان مرۆڤەکان بە دەستی نادیار ناونراوە.

دوو وتەی گرنگ
قسەی زۆر کاریگەری هەندێک لە ناودارانی خاوەکار لەمەڕ هاوبەشیی سەرکەوتوو هەیە، لێرەدا دوو وتەی گرنگ هەڵدەبژێرین، یەکێکیان دەڵێ: « هاوبەشیی سەرکەوتوو، ئاسۆیەکی فراوان بۆ هەر هاوبەشێک دەڕەخسێنێت»، دووەمیشیان، دەڵێ: « هاوبەشیی سەرکەوتوو پێویستی بە هاوبەشیی بەهێز هەیە». لە وتەی یەکەمدا راستییەک هەیە، کە هاوبەشی دەرفەتی فێربوون لە هاوبەشەکانیتر دەڕەخسێنێت، تا لە میانی ئەو هاوبەشییەدا ئاسۆی نوێی کار و کارە هەمەجۆرەکانیان یەکدی تەواو بکەن. لە وتەی دووەمیشدا راستییەک هەیە، لەوەی هەر هاوبەشییەک سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت، ئەگەر هەر هاوبەشێک رۆڵێکی کارای لەو هاوبەشییەدا نەبێت، رۆڵی هاوبەش هێزی ئەو لەو شەراکەتەدا نیشان دەدات، ئەگەر ئەو رۆڵەی وەک پێویست نەبوو، ئەوا پێناچێت ئەو هاوبەشییە بەردەوام بێت.

خستنەڕووی بەرهەمەکان
لە بواری داهێناندا وتەی ناودارانی بزنس هەیە، کە بۆ ئەوان داهێنان بزوێنەری سەرەکی بزنسی نوێ و نوێبووەوەیە. لەم چوارچێوەیەدا ئەم وتەیە دەخەینەڕوو: «پێشەنگیی کار تەرکیز، ناوازەیی، رێکخستن، داهێنان و بەردەوامی دەگرێتەوە». تەرکیز ئاراستەی کاری بە ئامانجگیراو دیاری دەکات، ناوازەیی لایەنە هەمەجۆرەکانی ئەو کارە بەهێزتر دەکات، رێکخستن رەسمی پەیکەری کار و رێوشوێنەکانی دیاری دەکات، داهێنان بیرۆکەی نوێ و نوێبووەوە پێشکەش دەکات، کە دەرهاویشتەی کارەکە سوودی زۆری بۆ سوودمەندانی بەرهەمەکانی دەبێت، لە دواییشدا بەردەوامی دێت، کە لە کاتی پێویستدا داوای هاوبەشی لەگەڵ ئەوانیتر دەکات، ئەمە لەلایەک و لەلایەکیترەوە، بازاڕکاری دەکات و بەشێوەیەکی دروست بەرهەمەکان دەخاتەڕوو، بە جۆرێک ئارەزووی بەکاربەران جێبەجێ دەکات.

ئەرکی کڕیار نییە
لە چوارچێوەی ئەوەی سەرەوە، وتەی یەکێک لە دیارترین پێشەنگانی بزنس لە نیوەی دووەمی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا دەخەینەڕوو، ئەویش ستیڤ جۆبز (Steve Jobs) دامەزرێنەری کۆمپانیای (Apple)ە کە دەڵێ: « ئەرکی کڕیاران نییە خواستەکانی خۆیان دیاری بکەن، بەڵکو داهێنان و پێشکەشکردنی بەرهەمی نوێ و خستنە بازاڕی، ئەرکی ئێمەیە». لێرەدا مەبەستی ئەوەیە، پێویستە پێشەنگانی بزنس و هاوبەشەکانیان و ئەو داهێنەرانەی لەگەڵیاندان ئەو بەرهەمانە بخەنە بازاڕەوە کە کڕیاران پێویستیانە، بەر لەوەی کڕیارەکان هەست بەو پێویستییەیان بکەن، واتە، ئەوەی لێرەدا ناوازەییە، هەڵگێرانەوەی ئەو وتەیەیە کە دەڵێ: «پێویستیی دایکی داهێنانە» لەمەیاندا داهێنان پێش پێویستییە.

لە رێگەی تیمی کارەوە
ستیڤ جۆبز، لە بواری رۆڵی کۆمپانیاکان لە پێشکەشکردنی دەستکەوتی نوێدا، وتەیەکی تری هەیە کە دەڵێ: «دەستکەوتە گەورەکانی پێشەنگانی بزنس لە کەسێکەوە سەرچاوە ناگرن، بەڵکو لە رێی تیمێکی کارکردنەوە بەرهەم دێت». دەستکەوتی لەو جۆرە، بە تایبەتی لەم سەردەمەی تێیدا دەژین، ئاڵۆزە و کەسێک بە تەنها ناتوانێ ئەنجامی بدات. پرۆگرامەکانی سیستمی کۆمپیوتەری، ئەوانەی (مایکرۆسۆفت) یان (ئەپڵ)، و ئەوانیتر، بەرهەمی ئاڵۆزن و ژمارەیەکی زۆری شارەزا تێیدا بەشداربوون، بە جۆرێک کە کەسێک بە تەنها ناتوانێ پێی بیکات. لێرەدا دەبێ جیاوازیی لە نێوان سەرکردایەتی بزنس لە لایەک و لە لایەکیتریش جێبەجێکردنی بزنس و داهێنان تێیدا بکەین. بزنس پێویستی بە سەرکردایەتی و تەواوکاریی هەیە، هەروەها هاوبەشیشی پێویستە.

هاوبەشیی نێوان زانکۆکان
لێرەدا رەنگە گونجاو بێت، نمونەیەکی زیندوو لەمەڕ هاوبەشی و داهێنان و گەشەپێدان بخەینەڕوو. ئەویش هاوبەشیی نێوان زانکۆکان کە مەعریفە بڵاودەکەنەوە و بایەخ بە داهێنان لە بوارە هەمەجۆرەکاندا دەدەن، ئەمە لە لایەک و لە لایەکیتریشەوە، ئەو کەرتانەی مەعریفە تەوزیف دەکەن و بەرهەمی نوێ و نوێبووە پێشکەش دەکەن. سەرکەوتنی ئەم جۆرە هاوبەشییە مسۆگەرە، چونکە هەر لایەک رۆڵی سەرەکی خۆی تێدا دەگێڕێت، هەروەها ئاسۆیەکی فراوانی کار بە لایەکەیتر دەبەخشێت. بەو جۆرە مەعریفە و پێدراوەکانی لە زانکۆکان خزمەتی کۆمەڵگە دەکات چ بەوەی پێداویستییەکانی دابین دەکات و چ بەوەی بەرهەمی نوێی دەخاتە بازاڕەوە، کە بەدەرە لە پێویستی کۆمەڵگە، هەروەها تەوزیفکردنی مەعریفە لە کەرتە هەمەجۆرەکانی ناو ئابووریدا، تا توانای کێبڕکیی زیاتر بێت و لە ژینگەی پێشبڕکێی مەعریفی جیهانییدا رۆڵی بەرچاوی هەبێت، ئەمە یەک لە خەسڵەتە دیارەکانی ئەم سەردەمەیە.
ئەم نووسینە، گرنگیی پێدانی خۆڕسکی مرۆیی بە پرنسیپی هاوبەشی و پێشەنگیی بزنس و داهێنان و بەرهەمی نوێ و نوێبووەی روون کردەوە، لەگەڵ کاراکردنی توانای کێبڕکێ و دەستەبەرکردنی گەشەپێدان، کە دەکرێ ئەوانە لەسەر ئاستی دیاریکراوی ناوخۆیی، تا بە ئاستی فراوانی جیهانی دەگات دەستەبەر بکرێن. بە هیوام لە داهاتوودا لەسەر ئەم پرسە نووسینی تریشمان هەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان