به‌م نزیكانه‌ دڵسۆزی شاخ له‌ كه‌ناڵی ئاسمانیی گه‌لی كوردستان

10:27 - 2023-09-24
هەمەرەنگ
4010 جار خوێندراوەتەوە
بەشێک لە ستافی فیلمەکە

دڵسۆزی شاخ، فیلمێكی دۆكیومێنتارییه،‌ باس له‌ خه‌بات و تێكۆشانی ژنه‌ شۆڕشگێڕێك ده‌كات، به‌م نزیكانه‌ له‌ كه‌ناڵی ئاسمانیی گه‌لی كوردستان په‌خش ده‌كرێت.
له‌وباره‌یه‌وه‌، هونه‌رمه‌ند عیزه‌دین قادر به‌ دوا لاپەڕەی راگه‌یاند: ئه‌م فیلمه‌ باس له‌ خه‌بات و تێكۆشانی ژنه‌ شۆڕشگێڕ دڵسۆز مه‌حمود ناسراو به‌ دڵسۆزی شاخ ده‌كات، وتیشی: هه‌روه‌ك سه‌رۆك مام جه‌لال ده‌ڵێت: «ژنانی كوردستان شانبه‌شانی چینوتوێژه‌كانی تری كورده‌واری، به‌شدارییه‌كی زۆر چالاكانه‌ و رووسوورانه‌یان له‌ تێكۆشانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستاندا كردووه‌، تێكۆشانێك كه‌ مایه‌ی شانازییه‌ بۆ خۆیان و گه‌له‌كه‌یان»، له‌و روانگه‌یه‌وه‌ له‌ ده‌ستپێكی زنجیره‌ فیلمێكی دۆكیومێنتاریدا له‌باره‌ی ژیانی تێكۆشه‌ر و شۆڕشگێڕه‌كانی گه‌له‌كه‌مان، ژیان و تێكۆشانی دڵسۆز خانمان هه‌ڵبژارد، چونكه‌ هه‌میشه‌ ژنان له‌ شۆڕشی نوێدا به‌ رابه‌رایه‌تیی ی.ن.ک  رۆڵی باڵا و كاریگه‌ریان هه‌بووه‌، ژنان شانبه‌شانی هاوسه‌ره‌كانیان له‌ شۆڕشدا و له‌ناو هێزی پێشمه‌رگه‌ و رێكخستن و زیندانه‌كان و له‌ هه‌موو بواره‌كانی خه‌بات و تێكۆشاندا، تێكۆشاون، هه‌روه‌ك مه‌به‌ستیشمانه‌ ئه‌م تێكۆشه‌رانه‌ له‌زاری خۆیانه‌وه‌ باس له‌ خه‌بات و تێكۆشانیان بكه‌ن، ده‌شمانه‌وێت خەباتی تێكۆشه‌ره‌ ماندوونه‌ناسه‌كانی نیشتمان به‌ بینه‌ری ئازیز و نه‌وه‌ی ئێستا ئاشنا بكه‌ین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵده‌ده‌ین هه‌رجاره‌ی تێكۆشه‌رێك به‌سه‌ر بكه‌ینه‌وه‌.
هونه‌رمه‌ند عیزه‌دین قادر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: ئه‌م فیلمه‌ به‌ هاوكاری مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كێتی به‌رهه‌مهاتووه‌ و لێره‌وه‌ سوپاسی کاک ستران عه‌بدوڵڵا لێپرسراوی مه‌كته‌بی راگه‌یاندن ده‌كه‌ین، راشیگه‌یاند: لۆكه‌یشنی كاره‌كه‌ له‌ناو شاری سلێمانی و گونده‌كانی هۆنده‌رێنه‌ و ده‌وروبه‌ری تۆماركراوه‌، فیلمه‌كه‌ له‌ وێنه‌گرتن و مۆنتاژ و ده‌رهێنانی عیزه‌دین قادر، یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ر لوقمان ساڵح قه‌ره‌داغی، نواندنی حیكمه‌ت هیندی، لانه‌ ئیبراهیم، محه‌مه‌د مه‌ولود، سامان كۆیی، به‌كر محه‌مه‌د، ڤینۆس یوسف، رزگار عه‌بدولقادر، په‌روین عه‌بدوڵڵا، عه‌باس عه‌شایر و ...هتد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان