رۆزا دڵشاد مەریوانی
کاتێک دەڵێن دایک ئاوێنەیە بۆ منداڵەکەی واتای وایە وەک نموونەیەکی باڵا تەماشای دایکی دەکات بەتایبەت لە سەرەتاکانی تەمەنیدا دایک چۆن رەفتار بکات و چ جۆرە ئاکارێکی هەبێت ئەویش بەو جۆرە دەردەچێت بۆ نموونە جنێوفرۆش و توندوتیژ بێت منداڵەکەشی لە دەرەوەی ماڵ بەوشێوەیە رەفتار دەکات، بەبێئەوەی بزانێت راستە یان هەڵەیە و ئەو تەنیا وەک ئاوێنەیەک لاسایی دایکی دەکاتەوە و وادەزانێت دایکی هەر چییەک بکات ئەوە راست و ویستراوەکەیە.
گرنگی پەروەردە
تەنانەت هەندێ لە توێژەرانی بواری پەروەردە و دەروونی منداڵ باس لەوە دەکەن گرنگی پەروەردە لەوەدا نییە منداڵەکەت دابنێیت و وەک گەورە یاسا و رێسا و ئاکارە باشەکانی بۆ بژمێریت و داوای لێبکەیت بەوشێوەیە بێت و جێبەجێی بکات، ناتوانیت داوا لە منداڵەکەت بکەیت لە قۆناغی پێش چوونە خوێندنگە و تێکەڵاوبوونی لەگەڵ ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵک درۆ نەکات یان جنێو نەدات و پێی بڵێیت هەڵەیە لە کاتێکدا چاوی لە تۆیە هەموو ئەو شتانە دەکەیت، بۆیە ئەو پێنج ساڵەی یەکەمی تەمەنی منداڵ بە گرنگترین ساڵەکانی دروستبوونی کەسێتی مرۆڤ دادەنرێت و زۆرێک لە دایکان ئەو راستییە نازانن کە بەشێکی گەورەی کەسێتی منداڵ لە داهاتوودا بۆ دایک دەگەڕێتەوە، بۆیە دەبێت دایک لەو پێنج ساڵەی سەرەتادا زۆر ئاگاداری رەفتار و گوفتارەکانی بێت، چونکە ئەگەر رەفتار یان خوویەکی هەڵەشی هەبێت دەکرێت لەبەر منداڵەکەی وازیلێبێنیت و هەوڵبدات زاڵ بێت بەسەریدا، لەبەرئەوەشە کاتێک دەبینە دایک بەشێکی گەورە لە کەسێتیمان دەگۆڕێت و دەبینە کەسێکی باشتر لەبەر هیچ شتێک نەبێت لەبەر منداڵەکانمان بۆ نموونە ئەگەر زوو هەڵبچین ئارامتر دەبینەوە و لەکاتی قسەکردندا ئاگامان لەو وشانە دەبێت کە بەکاریدێنین..هتد.
تەنیا هەستی دایکایەتی نییە
دایکایەتی تەنیا سۆز و خۆشەویستی و بەزەیی و هەستی دایکایەتی نییە، بەڵکو درک پێکردنە بەوەی ئێمە ئاوێنەیەکین بۆ منداڵەکانمان و کاریگەرییەکی گەورەمان لەسەر پێکهێنانی کەسێتیان هەیە، واتا بوونی ئەو دوو فاکتەرە نموونەی دایکێکی نموونەییمان پیشان دەدات، راستە ناکرێت و ناتوانین بەردەوام نموونەیەکی باش پیشانی منداڵەکانمان بدەین، چونکە دواجار دایکیش مرۆڤە و هەموو مرۆڤێک هەڵە دەکات، بەڵام گرنگ ئەوەیە لەکاتی کردنی ئەو هەڵەیەدا لەبەرچاوی منداڵەکەت دوای تێپەڕبوونی دۆخەکە بۆی روون بکەیتەوە ئەو کارەی کردووتە هەڵە بووە و داوای لێبووردنی لێبکەیت کە ناچار بووە ئەو لایەنەی تۆ ببینێت و دەبێت تێبگات کامە هەڵەکەیە و ناکرێت لەبەرئەوەی تۆ کردووتە شتێکی باش بێت بەلایەوە و لاساییت بکاتەوە.
مانایەکی جیاوازی هەیە
جگەلەوە منداڵیش ئاوێنەی دایکێتی، تەنیا دایک لەو وتەیە تێدەگات، چونکە مانایەکی زۆر جیاوازی هەیە لەوەی پێشوو، پەیوەستە بە قۆناغەکانی تری منداڵەوە تا ئەو رۆژەی دایک لە ژیاندا بێت وەک ئاوێنەیەک تەماشای منداڵەکانی دەکات واتا کاتێک دایک منداڵەکەی بە جوانی و تەندروستی و دڵخۆشی و سەرکەوتوویی دەبینێت وەک ئەوە وایە لە ئاوێنەیەکدا تەماشای خۆی بکات و چەندە ئەو شتانە خۆی خاوەنی بێت دڵخۆشی دەکات بەهەمانشێوە ئەگەر هی منداڵەکەی بێت دڵخۆش دەبێت، بەداخەوە زۆربەمان کاتێک زۆر گەورە دەبین ئینجا تێدەگەین بۆ دایک لە شکست و ناخۆشییەکانمان خەمبار دەبێت و لە سەرکەوتن و گەشانەوەماندا دڵخۆش دەبێت، چونکە هەر منداڵێک ئاوێنەیەکە بۆ دایکی و جوانی و ناشیرینییەکانی خۆیمان تێدا دەبینێت و دوو هێندەش خەمبار دەبێت لە شکست و ناخۆشی و کارە خراپەکانی منداڵەکانی، ئەگەر هیچ دەسەڵاتێکی نەبێت لە گۆڕینی ئەو دۆخە تەنیا تەماشاکردنی وێنەی خراپەکەی خۆی نەبێت لە ئاوێنەی منداڵەکانیدا.