چیتر زەوی بۆ مرۆڤ سەلامەت نییە؟

10:32 - 2023-09-24
دووتوێ
279 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دڵان سامان


زاناکانی بواری ژینگە هۆشداری ئەوەیان داوە سیستەمی ژینگەیی و بایۆلۆژی ئەوەی ژیان لەسەر زەوی پشتی پێ دەبەستێت زۆر بە خراپی زەرەری پێگەیشتووە، بەڕادەیەک گۆی زەوی گەیشتۆتە ئاستی «دەرەوەی بازنەی سەلامەتی بۆ مرۆڤایەتی» ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن رێوشوێنە بنەڕەتییە پێویستەکان بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو زەرەر و زیانانە بریتییە لە دەستبەرداربوونی وردە وردە لە سوتەمەنی خراپ و وازهێنان لە رێگاکانی کشتوکاڵی وێرانکەر بۆ زەوی.
هاوکات لە نۆدا شەش سنووری هەسارەکە بەهۆی پیسبوونی ژینگە و لەناوبردنی سروشت لەلایەن مرۆڤەوە پێشێلکراون، ئەم سنوورانە پەیوەندییان بە دۆخی سیستەمی ژیانی بنەڕەتی زەوییەوە هەیە - وەک کەشوهەوا، ئاو، گیانلەبەرە کێوییە جۆراجۆرەکان- ئەگەر زیانەکان لە سنووری دیاریکراو تێپەڕن، لەوانەیە نەتوانین لە پیسبوونەکان رزگارمان بێت و بەرگەی ئەو گۆڕانکاریانە نەگرین کە رێگری لە بەردەوامبوونی ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە دەکەن.

  سنووری هەسارەکان
بەگوێرەی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بێت، سنووری هەسارەکان بریتین لە گەرمبوونی جیهان، جۆراوجۆری بایۆلۆجی، بایۆجیۆکیمیای، ترشبوونی زەریاکان، بەکارهێنانی زەوی، ئاسایشی ئاو، کەمبوونەوەی چینی ئۆزۆن، چڕبوونەوەی ئایرۆسۆڵ و پیسبوونی کیمیایی.
لەو بارەیەوە توێژەران دەڵێن: ئەمە یەکەم هەڵسەنگاندنی لەو شێوەیەیە بۆ دۆخی نۆ سنووری هەسارەکە، هەروەها «یەکەم پشکنینی زانستییە بۆ یەکپارچەیی تەواوی هەسارەکە».
توێژەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی 6 لەو سنوورانە پێشێلکراون و دوو دانەیان لە لێواری داڕمانی تەواوەتیدان ئەوانیش: پیسبوونی هەوا و ترشبوونی زەریاکانە، تاکە سنوورێک کە مەترسیی لەسەر نییە، دۆخی چینی ئۆزۆنە لە بەرگەهەوادا، بەو پێیەی ئەو رێوشوێنانەی وڵاتان لە دەیەکانی رابردوودا گرتوویانەتەبەر بووەتە هۆی نەهێشتنی وردە مادە کیمیاییە زیانبەخشەکان و کەمبوونەوەی کونبوونی ئۆزۆن.   

نیگەرانی
یەکێک لە قورسترین کێشەکان لە دۆزینەوەکانی راپۆرتی توێژەراندا هاتووە چوار سنووری بایۆلۆژی کە لە سیستەمی بایۆلۆژیدا بەشدارن، لە ئاستی مەترسیدان یان لە سەروو ئاستی مەترسییەوەن، سیستەمی بایۆلۆژی لەوانی تر گرنگترە بۆ هەسارەکە، چونکە بەردەوامیی بۆ ژیان دابین دەکات بە قەرەبووکردنەوەی هەندێک گۆڕانکاری فیزیکی، وەک دارەکان کە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژن.
بەڵام زانایان ئاماژە بەوە دەکەن، شکاندنی سنووری هەسارەکان بەو مانایە نییە گەڕانەوەی نەبێت و نەتوانرێت گۆڕانکارییەکان چاکبکرێتەوە و ببنە هۆی داڕمانی کتوپڕ و وێرانکەر، بەڵکو پرۆسەکە وردە وردە پەرەدەستێنێت بەهۆی گۆڕانی بنەڕەتی لە سیستەمەکانی پاڵپشتی ژیانی فیزیایی و بایۆلۆژی و کیمیایی زەویدا، شایەنی باسە سنوورەی هەسارەکە زاناکانی بۆ یەکەمجار ساڵی 2009 ناساندیان و ساڵی 2015 نوێکرایەوە. 

پاشەکشەی بەرگەگرتنی هەسارەکە
لەو بارەیەوە پرۆفیسۆر یۆهان روکستروم سەرۆکی ئەو تیمەی سنووری هەسارەکانیان داهێنا دەڵێت : زاناکان و دنیا بەگشتی لە ترسێکی گەورەدان لە روودانی کارەساتە توندەکانی کەشوهەوا لە هەموو بەشێکی هەسارەکەدا، بەڵام ئەوەی زیاتر لێی دەترسین نیشانەکانی زیادبوونی پاشەکشەی هەسارەکەیە لە بەرامبەر رووبەڕووبونەوەی زیانەکانی داهاتووی سیستەمی ژینگەیی و بایۆلۆژیدا.  
هەروەها ئەو زانایە باس لەوە دەکات ئەگەر بمانەوێت ئەمن و ئاسایش و بوژانەوە و یەکسانی بۆ هەموو مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی بەدیبێنین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مامەڵەی سەلامەت لەگەڵ سنوورەکانی هەسارەکەدا ئەوەش تائێستا نابینین جیهان دەستی بەجێبەجێکردنی کردبێت.
جگەلەوە کاسرین ریچاردسۆن پرۆفیسۆر لە زانکۆی کۆپنهاگن و بەرپرسی توێژینەوەکە دەڵێت: ئێمە دەزانین مرۆڤایەتی دەکرێت لەژێر ئەو دۆخەی پێش 10 هەزار ساڵ هەبووە رزگاری بێت، بەڵام نازانین لەژێر ئەو گۆرانکارییە گەورە و کاریگەرانەی ئێستا روودەدەن رزگاری دەبێت؟ چونکە زەوی وەک نەخۆشێکی لێهاتووە فشاری خوێنی زۆر بەرزە راستە هێشتا لەم ساتە وەختەدا تووشی جەڵتەی دڵ نەبووە، بەڵام لە هەر کاتێکدا بێت ئەگەری هەیە تووشی بێت.

 بەزاندنی سنوورەکان
جگە لەوەش توێژەران ئاماژەیان بەوەکردووە، مرۆڤ لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمەوە سنوورە جۆراوجۆرە زیندووەکانی بەزاندووە وەک لەناوبردنی سروشت کە بووەتە هۆی لەناوچوونی گیانلەبەرە کێوییەکان. هەروەها لەناوبردنی دارستانەکان و بڕینەوەیان ئەمانە و زۆر پێشێلکاری دیکە بووەتە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە سەدەی رابردوودا سنووری بەکارهێنانی زەوی پێشێل بکات.
توێژەران دەڵێن: دواجار ئەو راپۆرتە بەو ئەنجامە دەگات لە کۆی نۆ سنووری هەسارەکان شەش سنووری پێشێلکراوە، واتە ئێستا مرۆڤایەتی لە دەرەوەی پشتبەستنی سەلامەتە بە هەسارەکە. 
هاوکات پێیان وایە ئەو رێوشوێنە سەرەتاییانەی پێویستن بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو زیانانە بریتین لە قۆناغ بە قۆناغ وازهێنان لە سووتەمەنی بەردینی و شێوازەکانی کشتوکاڵی وێرانکەر بۆ زەوی.
لای خۆشیەوە پرۆفیسۆر سیمۆن لویس، لە زانکۆی لەندەن دەڵێت: ئەم راپۆرتە تووشی شۆکمان دەکات و بەڕاستی واقیعێکی نیگەرانکەر، هەسارەکە بەرەو دۆخێکی نوێ و ناسەقامگیر دەڕوات و هیچ هۆشدارییەکی لەمە روونتر نییە کە پێویستە پەلە بکەین بۆ گۆڕانکاری لە چۆنیەتی مامەڵەکردنمان لەگەڵ ژینگەدا.

سەرچاوە: عربی بوست

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان