کاریگەری با لەسەر جووڵەی فڕۆکە

10:35 - 2023-09-24
دووتوێ
452 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دەشتی حەمە سدیق عەبدولکەریم*


با رەگەزێکی گرنگە و کاریگەری باش و خراپی هەیە لەسەر جووڵەی فڕۆکە چ جای ئەو جووڵەیە لەسەر زەوی یان لە چینەکانی هەوادا بێت کە تیایدا خێرایی و ئاراستەی با پێوانە دەکرێت، کاریگەری لەسەر جووڵەی فڕۆکە دروست دەکات  لە کات و شوێنی خۆیدا، سەرەتا ئەگەر بپرسین با چییە؟  « با بە هەوای جووڵاو پێناسە دەکرێت کە بەهۆی جیاوازی پەستانی نێوان دوو ناوچەوە دروست دەبێت، بەهۆی گۆڕانی پلەی گەرما».
هەرکاتێک جیاوازی پەستان لە نێوان دوو خاڵدا هەبوو، هەوا لە خاڵی بەرزە پەستانەوە  بۆ خاڵی نزمە پەستان بە ئاراستەی ئاسۆیی دەجووڵێت، ئاراستەو خێرایی با لەسەر فڕگەی فڕۆکەخانەکان کاریگەری تەواوی هەیە لەسەر جووڵەی فڕۆکە لەکاتی نیشتنەوە یاخود هەستانی، پێویستە لە هەردوو حاڵەتەکەدا فڕۆکەوان ئاگادار بکرێتەوە و لەو راپۆرتانەی لە بەشی کەشناسی فڕۆکەخانەکانەوە دەردەچێت و بەشی چاودێری ئاسمانیش دەبێتە پردێک بۆ گواستنەوەی ئەو گۆڕانەی لە ئاراستە و خێرایی بادا هەیە لە فڕۆکەخانەکە تا فڕۆکەوانەکان پلان و رێکاری خۆی جێ بەجێ بکات لە کاتی فڕیندا. 

جۆرەکانی با و کاریگەری بۆ سەر فڕۆکە
* «HEAD WIND» واتە ئەو بایەی بەرەوڕووی فڕۆکەکە دێت کە پێچەوانەی جووڵەی فڕۆکەکەیە لەکاتی فڕیندا سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ بەرزبوونەوەی فڕۆکەکە بە وزەیەکی کەم و پێویستی بە درێژیەکی کەمترە لەسەر فڕگەکە تا بگاتە ئاستی فڕین و لە کاتی نیشتنەوەیدا دەبێتە هێزێکی بەرهەڵست بۆ فڕۆکەکە کە کاریگەری دەبێت لەسەر هاوسەنگی و خێرای یەکی کەمتر لەکاتی نیشتنەوەیدا.
 *»CROSS WIND» واتە بای بڕەڕ ئەمجۆرە بایە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر نیشتنەوە و هەستانی فڕۆکە لەسەر فڕگەی فڕۆکەخانەکان، چونکە ئاراستەکەی ستوون یاخود نیمچە ستوونە لەسەر فڕگە لەم کاتەدا فڕۆکەکە ناتوانێت لە فڕۆکەخانەی مەبەست بنیشێتەوە ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی وا لە فڕۆکەوان دەکات فرۆکەخانەیەکی تر هەڵبژێرێت بۆ نیشتنەوەی کە ئەركیکی زۆر دەخاتە سەر شانی هێڵە ئاسمانیەکە لە ڕووی ئابووری و گواستنەوەی گەشتیاران بۆ شوێنی دیاریکراویان .
*»TAIL WIND» ئەمجۆرە لە دواوەی فڕۆکەکە دەدات بەو ئاراستەیەی کە فڕۆکەکە دەفڕێت کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر فڕین، چونکە هێزێکی بەرهەڵستکار دروست دەکات لەسەر باڵەکانی فڕۆکەکە دژی بەرزبوونەوەی دەبێت و لەکاتی نیشتنەوەشدا ناهێڵێت بە شێوەیەکی ئاسان بنیشێتەوە، لێرەدا بەتەواوەتی بۆمان دەردەکەوێت  ئاراستەو خێرایی با کاریگەری نێگەتیڤ و پۆزەتیڤی لەسەر جووڵەی فڕۆکە دروست دەکات. 
*پێشبینەری کەشناسی


#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان