هۆزێک تەختە و دار دەپەرستن

10:37 - 2023-09-24
دووتوێ
286 جار خوێندراوەتەوە

لە چەند دوورگەیەکی هەرێمی بابوای باشووری ئەندەنوسیا هۆزێک هەن بەناوی عیسمەت Asmat لە ژیانێکی زۆر سەرەتایی و دواکەوتوودا دەژین، 500 ساڵ لەمەوبەر گروپێک لە بازرگانانی هۆڵەندی بە بەلەم سەردانی ئەو ناوە دەکەن و بۆ یەکەمجار ژمارەیەک لە خەڵکی ئەو هۆزە لەوێ دەبینن، دەبێتە شەڕ لەنێوانیاندا، هۆڵەندییەکان بەپەلە رادەکەن و ئەوناوە بەجێدێڵن، ئەو هۆزە لەوکاتەی دۆزراونەتەوە تا ئێستا هەر بەسیستەمی جاران دەژین و کەلتور و دابونەریتی خۆیان ناگۆڕن، ئەو هۆزە ژمارەیان 80 هەزار کەس دەبێ و لە 12 تیرە پێکهاتوون و پێنج دیالەکتی تایبەت بە زمانی خۆیان هەیە، تێکەڵی و بەریەککەوتنیان لەگەڵ خەڵکی تر زۆر کەمە، بۆیە هەر وەک مرۆڤی سەرەتایی ماونەتەوە.

ئەسڵیان تەختەیە
ئەو هۆزە باوەڕیان وایە بنەچەیان لە تەختەودار دروستکراوە، بۆیە لایان پیرۆزە و دەیپەرستن، هەر لە کۆنەوە تەختەیان لەلا گەورە و خۆشەویستە و لە چەرخە کۆنەکانەوە تا ئەمڕۆ ژمارەیەکی یەکجار زۆر پەیکەریان لە دار دروستکردووە و ئێستا لە مۆزەخانەکانی جیهاندا هەن، پەیکەرەکانیان هەموو شتێکی ژیانی رۆژانەیانە، خۆیان، ئاژەڵەکانیان، پێداویستیەکانی راو و کشتوکاڵیان، ئەوانەی هونەری هەڵکۆڵین دەکەن، بە کەسانی دەستڕەنگین ناویان دەبەن و شوێنێکی شایستەیان بۆ دادەنێن، ئەوان باوەڕیان وا نییە یەک خواوەندیان هەبێت بەڵکو ژمارەیەکی زۆریان هەیە وەک ئاسمان، زەوی، دەریا، رووەک، ئاژەڵ ئەمانەیان لەلا پیرۆزە و وای دەبینن ئەمانە وزەبەخشن، بۆیە دەبێت بیانپەرستن و دەچنە بەردەمی درەختەکان و کڕنوشیان بۆ دەبەن، پیرۆزی دارودرەخت لایان لە رادەبەدەرە، ئەو گەلە لە سەردەمی کۆندا جلوبەرگیان لەبەرنەدەکرد، بەڵام دواتر شوێنە هەستیارەکانیان بە جلی لە تەختەو گەڵا دروستکراو دەشارنەوە.
گۆشتی دوژمنەکانیان دەخۆن
ئەو هۆزە بەوە ناسراون دوژمنەکانیان بەتەواوی دەخۆن، کاتێک لەگەڵ هۆزێکی تر دەبێتە شەڕیان یان دوژمنێکیان بۆ پەیدا دەبێت و خەڵکیان لێ دەکوژن یان بەدیل دەگرن، دەستبەجێ کەوڵیان دەکەن و گۆشتەکەیان دەخۆن، ئێسقانەکانیشیان بۆ کاروباری ناوماڵ بەکاردێنن، کەللەسەرەکان لایان بایەخدارە و حەزیان لێیە زۆرترین بەدەستبێنن، بۆ زۆر شت بەکەڵکیان دێت دەیکەن بە بەجامی ئاو یان مەنجەڵ و قاچەکانیش لێک دەدەن و دەیانکەن بە کۆلەگەیان کەلوپەلی تری ناوماڵ، خواردنی سەرەکیان بریتییە لە گیانداری ئاوی و بەروبوومی کشتوکاڵی. 

منداڵەکانیان بەناوی مردووەکان ناودەنێن.
کاتێک منداڵێک لەناو ئەو هۆزە لەدایک دەبێت بەناوی مردووەکانی خۆیانەوە ناویان دەنێن و هیچ پەلەیان نییە، جاری وایە تا 10 ساڵ منداڵ هەر بێ ناو دەمێنێتەوە تا پیاو ماقوڵان بڕیار دەدەن، زۆرجار بەناوی دوژمنە سەرسەختەکانیانەوە ناویان دەنێن، لەو بارە ئەگەر دایک و باوک بەتەمای ئەوە بن دەبێت چاوەڕێ بکەن دوژمنەکەیان دەکوژن و کەللە سەرەکەی دەهێننەوە ئاوایی، ئینجا بڕیار دەدرێت ناوەکەی وەرگرن.
سەرچاوە: Papua.de

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان