سەرۆكایەتیی كۆمار ئەركی ئامادەكردنی ژمارەیەك پڕۆژەیاسای گرنگ لەئەستۆدەگرێت

09:48 - 2023-09-25
عیراق
644 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا، پێشوازی لە عەبدولحەلیم عەلام سەرۆكی گشتیی سەندیكای پارێزەرانی عەرەبی و وەفدی هاوڕێی كرد و رایگەیاند: سەرۆكایەتیی كۆمار ئەركی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسا و بەدواداچوون بۆ كەیسەكانی دەستگیركراوان و بەندكراوەكانی، گرتۆتە ئەستۆ.
سەرۆك كۆمار، پیرۆزبایی كۆبوونەوەی نائاسایی نووسینگەی یەكێتیی پارێزەرانی عەرەبی لە بەغدا كرد، كە بۆ یەكەمجارە لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەدا دەكرێت، هیوای سەركەوتنیشی بۆ كۆبوونەوەكە و بەدیهێنانی ئامانجەكانی خواست.
ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی كۆمار ئەركی ئامادەكردنی پڕۆژەیاساكانی لەئەستۆگرتووە، كە خۆی دەبینێتەوە لە پڕۆژەیاساكانی (ئەنجومەنی باڵای ئاو، پڕۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵی، پڕۆژەیاسای ئەنجومەنی فیدراڵی، هەمواركردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕشی هەڵوەشاوەی شۆڕش سەبارەت بە كشتوكاڵ، هەمواركردنی یاسای مادە هۆشبەرەكان و ئەوانی دیكە و بەدواداچوونی كەیسەكانی دەستگیركراو و دەستبەسەركراوان).
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك كۆمار جەختی لە گرنگیی بەهێزكردنی هاریكاری و هەماهەنگی نێوان عیراق و یەكێتیی پارێزەرانی عەرەبی كرد لە كەیسە یاسایی و دادوەرییەكان و ئاڵوگۆڕكردنی شارەزایی لەم بوارەدا، ئاماژەشی بە رۆڵی گرنگی پارێزەران كرد كە بەرپرسیارێتیی یاسایی و كۆمەڵایەتی گەورەیان لەئەستۆدایە.
ئەندامانی وەفدەكەش، جەختیانكردەوە كە كۆبوونەوەی نائاسایی نووسینگەی یەكێتیی پارێزەرانی عەرەبی لە بەغدا، بۆ یەكەم جار لە ماوەی سێ دەیەدا، ئاماژەی گەڕانەوەی عیراق بۆ رۆڵی ئاسایی خۆی، پشتڕاستدەكاتەوە.

# سەرۆك كۆماری عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان