بازاڕی دراو جووڵه‌ی تێكه‌وت

10:18 - 2023-09-26
ڕاپۆرت
364 جار خوێندراوەتەوە

كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید

له‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردووه‌وه‌ نرخی دینار به‌رامبه‌ر به‌ دۆلاری ئه‌مریكا جووڵه‌ی تێكه‌وتووه‌ و هه‌ر یه‌كه‌م رۆژ كڕین و فرۆشی 100 دۆلارییه‌ك له‌ بازاڕی ئازاددا سێ چوار هه‌زار دینار كه‌میكرد، به‌یانی دووشه‌ممیه‌ له‌ بازاڕی دراوی به‌غدا 100 دۆلار به‌ 154 هه‌زار و 500 دینار ده‌فرۆشرا و به‌ 154 هه‌زار دیناریش ده‌یانكڕی.

ئه‌م دابه‌زینه‌ی نرخی دۆلار و به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ی دینار، جووڵه‌یه‌كی خسته‌ بازاڕی دراوه‌وه‌ له‌ عیراق به‌ گشتی، به‌ڵام ئاراسته‌ی جووڵه‌كه‌ تا ئێستاش نازانرێ و دیارنییه‌ داخۆ جووڵه‌كه‌ هه‌روا به‌ قازانجی دینار به‌رده‌وام ده‌بێت، یان پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌ و دووباره‌ نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ دینار به‌رز ده‌بێته‌وه‌، نه‌بوونی دڵنیاییش هه‌میشه‌ كاریگه‌ریی نه‌رێنی هه‌یه‌ له‌سه‌ر بازاڕ.
پێشتر بانكی ناوه‌ندی عیراق بڕیاری دابوو نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ دینار جێگیر بكات، به‌ جۆرێك له‌ ده‌رچوونییه‌وه‌ له‌ بانكی ناوه‌ندی هه‌ر 100 دۆلار به‌ 130 هه‌زار دینار بێت و له‌ كۆتاییدا به‌ 132 هه‌زار بگاته‌ ده‌ستی به‌كاربه‌ر، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌نگاوه‌شدا، نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ئازاد 150 هه‌زار و سه‌روتریش بوو.
بیروڕای جیاجیا هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی نرخی دیناری عیراقی، زۆربه‌ی بۆچوونه‌كانیش بۆ باشتربوونی دۆخه‌كه‌ و جێگیركردنی نرخی دراو و گه‌شه‌ی ئابووری گه‌شبینانه‌ نین، له‌ تازه‌ترین كاردانه‌وه‌دا محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی سیاسه‌تمه‌داری عیراق له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی جووڵه‌ی بازاڕی دراودا رایگه‌یاند: عیراق تووشی داڕمانی ئابووری ده‌بێت، هاوشێوه‌ی ئه‌و داڕمانه‌ی له‌ نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا تووشی بوو، ئه‌گه‌ر سێ مه‌رج جێبه‌جێ نه‌كات.
ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ جه‌ختی كرده‌وه‌، كه‌ خاڵی یه‌كه‌م و هه‌ره‌ گرنگ بۆ جێگیركردنی نرخی دراو ئه‌وه‌یه‌، حكومه‌تی عیراق ده‌بێ و كاڵاو شمه‌ك و پێویستییه‌كانی خه‌ڵك به‌ نرخی ره‌سمی بۆ هاووڵاتیان دابین بكات، كه‌ ئێستا نرخی ره‌سمی هه‌ر 100 دۆلارێك 132 هه‌زار دیناره‌ و ئه‌و جیاوازییه‌شی له‌ نرخه‌كه‌دا دروست ده‌بێت، ده‌بێ حكومه‌ت بیگرێته‌ ئه‌ستۆ.
مه‌رجی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌، كه‌ حكومه‌ت باشترین و ئاسانرین رێگه‌ ده‌سته‌به‌ر بكات بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتیان دۆلاریان به‌ نرخی ره‌سمی ده‌ست بكه‌وێت.
خاڵی سێیه‌میش، ده‌بێ حكومه‌تی عیراق، له‌ رێگه‌ی ئاڵوگۆڕی نه‌وته‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی بازرگانی له‌گه‌ڵ ئێران بكات، نه‌ك له‌ رێگه‌ی دراوی قورسه‌وه‌.

بابەتە پەیوەندیدارەکان