رێبازی چێژ یان به‌ها؟

بایه‌خدان به‌ شتی مه‌عنه‌وی یان چێژه‌كانی ژیان؟

09:43 - 2023-09-27
ئابووری
375 جار خوێندراوەتەوە

رۆڵف دۆبێڵێ

لە فارسییەوە: محەمەد كەریم

(25)


ئه‌م چالاكیانه‌ی خواره‌وه‌ تا چ راده‌یه‌ك ده‌بێته‌ هۆی شادی و خۆشحاڵیت؟ (0 تا 10) به‌ (حه‌زت لێی نییه‌)، (زۆرت حه‌ز لێیه‌ و ناتوانیت هیچ بكه‌یته‌ جێگره‌وه‌ی) نمره‌یان بده‌رێ:
*خواردنی ئه‌و شوكولاته‌یه‌ی حه‌زت لێیه‌. *شه‌ڕكردن له‌ پێناوی وڵاته‌كه‌تدا. *به‌سه‌ربردنی كاتی بێ ئیشی به‌و چالاكیانه‌ی حه‌زت لێیه‌. *به‌خێوكردنی منداڵه‌كانت. *دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌ له‌ ئه‌فریقا. *روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی گه‌رمای زه‌وی. *ته‌ماشای فتبۆڵ. *یارمه‌تیدانی پیره‌ژنێك. *به‌سه‌ربردنی پشوو له‌ كاریبی.
زۆربه‌ی كه‌سه‌كان نمره‌ی 
(9 تا 10) یان داوه‌ به‌ خواردنی شوكولاته‌، به‌سه‌ربردنی پشوو له‌ كاریبی، ته‌ماشای فتبۆڵ له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌. زۆربه‌ی كه‌سه‌كانیش نمره‌ی (2 تا 3)یان داوه‌ به‌ به‌خێوكردنی منداڵ.
ئێستا پرسیارێكی ترتان لێده‌كه‌م:
هه‌ست ده‌كه‌یت ئه‌و چالاكیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ تا چ راده‌یه‌ك له‌ رووی مه‌عنه‌وییه‌وه‌ مانا و به‌هایان هه‌یه‌؟ پاشان له‌ (0 تا 10) به‌ (ته‌واو بێبه‌ها و بێمانان)، (زۆر به‌هادار و به‌ مانان) نمره‌یان بده‌رێ.

وه‌ڵامه‌كان پێچه‌وانه‌ ده‌بنه‌وه‌
به‌ ئه‌گه‌رێكی زۆره‌وه‌ وه‌ڵامه‌كان پێچه‌وانه‌ ده‌بن و به‌خێوكردنی منداڵ نمره‌یه‌كی زیاتر وه‌رده‌گرێت له‌ به‌سه‌ربردنی پشوو له‌ كاریبی و یارمه‌تیدانی پیره‌ژنێكیش به‌نیسبه‌ت خواردنی شوكولاته‌ و پیسكردنی ده‌م و پل به‌هایه‌كی زیاتری ده‌بێت.
ئێستا به‌ رای تۆ چ شتێك گرنگتره‌؟ به‌ده‌ربڕینێكی دیكه‌ تۆ ده‌بێت ته‌ركیز له‌سه‌ر به‌ها ئاكارییه‌كان بكه‌یت یان له‌سه‌ر خۆشی و خۆشحاڵییه‌كانی خۆت؟
ئه‌م پرسیاره‌ ته‌نیا تایبه‌ت نییه‌ به‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌ و له‌ سه‌ده‌كانی رابردووشدا هه‌میشه‌ زیهنی فه‌یله‌سوفان و توێژه‌رانی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردووه‌ و ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ فه‌یله‌سوفان به‌ چێژخواز  (Hedonist) به‌ناوبانگ بوون و باوه‌ڕیان وابوو ژیانێكی باش  به‌ مانای ئه‌وپه‌ڕی سوودوه‌رگرتنه‌ له‌ ده‌رفه‌ته‌كان بۆ خۆشگوزه‌رانی و چێژبینین. به‌ پێی ئه‌م باوه‌ڕه‌ ئێمه‌ بۆچی ده‌بێت یارمه‌تی پیره‌ژنێك بده‌ین له‌ كاتێكدا ده‌توانین هه‌مان ده‌رفه‌ت بۆ بینینی ڤیدیۆیه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ یوتوب به‌كاربێنین؟

تاكه‌ رێگه‌ی به‌خته‌وه‌ری

به‌هه‌رحاڵ زۆربه‌ی فه‌یله‌سوفه‌كان باوه‌ڕیان وایه‌ ژیان له‌سه‌ر بنه‌مای چێژ و خۆشی جۆره‌ ژیانێكی ئاژه‌ڵانه‌یه‌ و شایانی مرۆڤ نییه‌ كه‌ بیه‌وێت وه‌كو ئاژه‌ڵ ره‌فتار بكات. ژیانی باش، هه‌میشه‌ هاوشانی چێژ و خۆشی نییه‌ و مرۆڤ ده‌بێت بایه‌خ به‌ مانا و به‌ها باڵاكان بدات كه‌ پێی ده‌گوترێت ئیدمۆنیا (Eudemonia). 
ئیدمۆنیا یان به‌ها و چێژی باڵا و مه‌عنه‌وی به‌ پێی باوه‌ڕی ئه‌م فه‌یله‌سوفانه‌ ته‌نیا رێگه‌ی گه‌یشتنه‌ به‌ به‌خته‌وه‌ری و ژیانێكی باش. بۆ نموونه‌ دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌ك له‌ ئه‌فریقا و یارمه‌تیدانی كه‌سانیتر به‌هایه‌كی زۆری هه‌یه‌ كه‌ به‌ڕای فه‌یله‌سوفانی وه‌كو ئه‌رستۆ و ئه‌فلاتون ده‌توانێت ببێته‌ هۆی شادی و چێژ. وێڕای ئه‌مه‌ باوه‌ڕیان وابوو خووی باش و ئازایه‌تی و خاكێتی و به‌ ویژدانی ئه‌و خاسیه‌تانه‌ن كه‌ تاكه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانێكی ژیانێكی باش ده‌بێت له‌ زاتیاندا بێت. ئه‌م چوار خاسیه‌ته‌ پاشان له‌ جێگاكانیتری وه‌كو كڵێسای كاسۆلیك وه‌كو ئه‌و خاسیه‌تانه‌ی كه‌ ده‌بێت له‌ زاتی مرۆڤدا هه‌بن باسكراون. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت بڵێین نه‌بوونی ئه‌و خاسیه‌تانه‌ ده‌بێته‌ هۆی په‌رێشانی مرۆڤ، ده‌بێت وایدابنێین سه‌ربازێكی ئینگلیزی كه‌ چه‌ندین ساڵ له‌ هیندستان ده‌ژیا و سته‌می له‌ خه‌ڵكی هیندستان ده‌كرد نابێت خۆشحاڵ بێت، به‌ڵام مژده‌به‌رێكی مه‌سیحیه‌ت كه‌ له‌ كۆندا له‌لایه‌ن مرۆڤ خۆره‌كانه‌وه‌ به‌زیندوویی ده‌خورا ده‌بێت خۆشحاڵ و رازی بووبێت، دیاره‌ كه‌ قسه‌یه‌كی ئاوا راست نییه‌.

فرێكانس و توان ده‌نگ
پۆل دۆڵان (Paul Dolan) ئه‌و ده‌روونزانه‌ شاره‌زایه‌یه‌ كه‌ له‌ قوتابخانه‌ی له‌نده‌ن ئیش ده‌كات هه‌وڵده‌دات ئه‌م چه‌مكه‌مان بۆ شیبكاته‌وه‌، بوار بده‌ن مه‌به‌سته‌كه‌م به‌ باسكردنی نموونه‌یه‌ك باشتر روون بكه‌مه‌وه‌، هه‌روه‌كو چۆن هه‌ر ده‌نگێك دوو خاسیه‌تی هه‌یه‌: فرێكانس و توان. هه‌ر ده‌قه‌یه‌ك كه‌ ئێمه‌ ئه‌زموونی ده‌كه‌ین دوو به‌شه‌: به‌شێكی خۆش و چێژبه‌خش و به‌شێكی مه‌عنه‌وی و ئه‌خلاقییه‌.
له‌ راستیدا ئێمه‌ به‌ ئاسانی و به‌خێرایی هه‌ست به‌ به‌شه‌ چێژبه‌خشه‌كانی ساته‌وه‌خته‌كان ده‌كه‌ین و ئاسایی پێویستمان به‌ شیكردنه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌یان نییه‌، به‌ڵام به‌شه‌ مه‌عنه‌وییه‌كه‌ی هه‌ر رووداوێك په‌یوه‌ندی به‌ تێگه‌یشتن و مامه‌ڵه‌ی ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌. بۆ نموونه‌ خواردنی شوكولاته‌ زیاتر له‌وه‌ی ره‌هه‌ندی مه‌عنه‌وی هه‌بێت ره‌هه‌ندی مادی هه‌یه‌، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ یارمه‌تیدانی پیره‌ژنێك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌ و ره‌هه‌نده‌ مه‌عنه‌وییه‌كه‌ی له‌ ره‌هه‌نده‌ مادییه‌كه‌ی زیاتره‌.
هه‌ڵبه‌ته‌ پۆل دۆڵان مه‌به‌ستی نییه‌ ریزبه‌ندییه‌كی دیاریكراو بۆ رووداوه‌كان و ئه‌زموونه‌كانی مرۆڤ دیاریی بكات، چونكه‌ باوه‌ڕی وایه‌ هه‌موو مرۆڤێك خۆی ده‌توانێـت ره‌هه‌ندی مادی و مه‌عنه‌وی رووداو و به‌سه‌رهاته‌كان دیاریی بكات، به‌ڵام بۆ نموونه‌، به‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌وه‌ خواردنی شوكولاته‌یه‌ك له‌ خوێندنه‌وه‌ی په‌ره‌گرافێكی ئه‌م كتێبه‌ چێژبه‌خشتره‌ و ره‌هه‌ندێكی مادی زیاتری هه‌یه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ره‌هه‌ندی مه‌عنه‌وی كتێب خوێندنه‌وه‌ له‌ خواردنی شوكولاته‌ زیاتره‌. وێڕای ئه‌وه‌ش ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێم كه‌ نووسینی ئه‌م كتێبه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌لای منه‌وه‌ چێژبه‌خش نه‌بووه‌ و ده‌بوو به‌رده‌وام له‌وه‌ رابمێنم كه‌ بابه‌ته‌كان به‌ چ شێوه‌یه‌ك و به‌چ ریزبه‌ندییه‌ك ده‌ربڕم، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ هه‌وڵدان بۆ نووسینی و بیرۆكه‌كانم له‌سه‌ر كاغه‌ز به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ هۆشمه‌ندانه‌ و باش بێنه‌به‌رچاو ره‌هه‌ندێكی مه‌عنه‌وی زۆر به‌رزی هه‌یه‌ و له‌ رووی مه‌عنه‌وییه‌وه‌ گه‌شه‌م پێده‌دات.
هه‌ردوو ره‌هه‌نده‌كه‌ پێویستن
به‌ باوه‌ڕی من بۆ گه‌یشتن به‌ شادیی پایه‌دار تۆ پێویستت به‌ هه‌ردوو ره‌هه‌نده‌كه‌ هه‌یه‌ و ناتوانیت به‌بێ ره‌هه‌ندی مادی یان مه‌عنه‌وی ته‌سه‌وری شادی بكه‌یت.
هۆڵیوود هه‌موو ساڵێك چوارسه‌د تا پێنج سه‌د فیلم به‌رهه‌م ده‌هێنێت و پاره‌یه‌كی زۆر له‌م پیشه‌سازییه‌دا له‌ گه‌ڕدایه‌ و مایه‌ی سه‌رسوڕمان نییه‌ كه‌ توێژه‌ران له‌وه‌ ده‌كۆڵنه‌وه‌ بۆچی زۆربه‌ی خه‌ڵك حه‌زیان له‌ سینه‌مایه‌. له‌ سه‌رده‌مانێكدا بیرۆكه‌ی دروستكردنی ئه‌و فیلمانه‌ی كه‌ ته‌نیا لایه‌نی چێژ و سه‌رگه‌رمییان هه‌بوو، ره‌واجی په‌یداكرد و ده‌رهێنه‌ران ته‌نیا بیریان له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ بینه‌رانیان بهه‌ژێنن و سترێس و بێتاقه‌تیان بۆ نه‌قڵ نه‌كه‌ن. به‌ ده‌ربڕینێكی دیكه‌ بینه‌رانیان له‌ واقیعی ناخۆش و به‌ئازار دوور ده‌خسته‌وه‌ و به‌ به‌كارهێنانی ئه‌كته‌ری رووخۆش و چیرۆكی سه‌رنجڕاكێش و كۆتایی فه‌نتازی هه‌وڵیان ده‌دا بینه‌ران به‌ره‌و هۆڵه‌كانی سینه‌ما رابكێشن، به‌ڵام فیلمه‌ غه‌مگینه‌كانی وه‌كو (ژیان جوانه‌ و عه‌قڵێكی جوان)یش كه‌ له‌ دروستكردنیاندا به‌هیچ جۆرێك ره‌هه‌ندی چێژ حسابی بۆ نه‌كرابوو، سه‌ركه‌وتوو بوون و هه‌میشه‌ وه‌كو فیلمی نایاب و مایه‌ی په‌سه‌ندی بینه‌ران باسیان ده‌كرا و سه‌رنجی ره‌خنه‌گرانیشیان به‌لای خۆیاندا راده‌كێشا. ده‌توانین بگه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی بۆ په‌سه‌ندكردن ره‌هه‌ندی مه‌عنه‌ویش پێویسته‌. ته‌نانه‌ت فیلمێكی غه‌مگین كه‌ پاره‌یه‌كی زۆر بۆ دیكۆر و جلوبه‌رگی ئه‌كته‌رانی خه‌رج نه‌كراوه‌، ده‌كرێت باش بێت و مایه‌ی سه‌رنج بێت له‌ كاتێكدا بایه‌خ به‌ لایه‌نی مه‌عنه‌وی درابێت.

باشتره‌ هاوسه‌نگی رابگریت

بایه‌خدان به‌ ره‌هه‌ندی مه‌عنه‌وی له‌ بازاڕی ئیشوكاریشدا گرنگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ و ئه‌و گه‌نجانه‌ی به‌دوای ئیشدا ده‌گه‌ڕێن زۆرجار ئاماده‌ن به‌ كرێیه‌كی كه‌م له‌ پڕۆژه‌ جیاوازه‌كاندا به‌شداری بكه‌ن، چونكه‌ به‌و ئیشه‌ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ن سوود و به‌هایان هه‌یه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ له‌وانه‌یه‌ ئیشپێكردنی كه‌سانی تازه‌ به‌ كرێی كه‌م به‌ قازانجی كاروكاسپی تازه‌ و به‌ زیانی كۆمپانیا گه‌وره‌كان بێت، چونكه‌ كه‌سانی تازه‌ ئاسایی ئه‌زموونێكی ئه‌وتۆیان نییه‌ و له‌وانه‌یه‌ تاڕاده‌یه‌ك زیان له‌ متمانه‌ی كۆمپانیاكه‌ بده‌ن. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ سه‌باره‌ت هونه‌رمه‌ندانیش راسته‌ و زۆرجار حه‌زده‌كه‌ن زۆر له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانیان ئیش بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی باسیان بكرێت و ده‌ستخۆشییان لێبكرێت، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می زۆر و بێبه‌ها بۆ فرۆشتن بخه‌نه‌ به‌رده‌ستی كڕیاران و له‌به‌رامبه‌ردا پاره‌ وه‌ربگرن.
من پێشنیازت بۆ ده‌كه‌م له‌ نێوان ره‌هه‌ندی مادی و مه‌عنه‌ویدا هاوسه‌نگی رابگره‌ له‌ زیاده‌ڕه‌وی خۆت به‌دوور بگره‌. ئه‌وه‌ت له‌بیر بێت ئه‌گه‌ر زۆر شوكولاته‌ بخۆیت، زۆر ته‌ماشای ته‌له‌فزیۆن بكه‌یت، ئاخری لێیان ده‌ته‌كیته‌وه‌، بێگومان ئه‌گه‌ر بیست و چوار سه‌عاته‌ش یارمه‌تی خه‌ڵك بده‌یت به‌بێ ئه‌وه‌ی كاتێك بۆ چێژی خۆت له‌به‌رچاو بگریت ماندووت ده‌كات. به‌م پێیه‌ باشتر وایه‌ بایه‌خ به‌ هه‌ردوو ره‌هه‌نده‌كه‌ بده‌ین. ئه‌گه‌ر ئیشێكی باشت بۆ كه‌سێك كرد باشتر وایه‌ وه‌كو خه‌ڵات پارچه‌یه‌ك شوكولاته‌ بده‌یت به‌ خۆت و ئه‌وه‌ بزانیت شایانته‌.

سه‌رچاوه‌: هنر خوب زیستن، ص141-145

یارمه‌تیدانی به‌ساڵاچوویه‌ك به‌هایه‌كی مه‌عنه‌وی به‌رزی هه‌یه‌ بۆ مرۆڤ

بابەتە پەیوەندیدارەکان