راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد
پێش نیوەڕۆی رۆژی شەممە 29/7/2023 لە ساڵۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆڕێك بۆ ناساندن و دابەشكردنی كتێبی (راگەیەنراوی رۆژنامەوانی–توێژینەوەیەكی زانستییە تایبەت بەهونەرەكانی نووسینی راگەیەنراوی رۆژنامەنووسی) لەنووسینی نوسەر و رۆژنامەنووس مەسعودی مەلا هەمزە رێكخرا.
لەكۆڕەكەدا ژمارەیەك لەنووسەران و رۆژنامەنووسان ئامادە بوون، تێیدا مەسعودی مەلا هەمزە باسی لەچیرۆكی لەدایكبوونی ئەو كتێبە كرد و وتی : 10 تا 11 ساڵ لەمەوبەر كە لە پێشەكی كتێبەكەشدا باسمكردووە، من وەكو سكرتێری رۆژنامەوانی لای جەنابی كاك كۆسرەت رەسول عەلی دەستبەكار بووم، بۆ پیشەكەی خۆم، هەوڵمدا بە دوای زۆرترین سەرچاوەدا بگەڕێم كە بەداخەوە هیچ سەرچاوەیەكی كوردیم نەدۆزیەوە، جگە لەوە هەوڵمدا سوود لەئەزموونی ئەو هەڤاڵانەی پێشوو وەربگرم كە لەو بوارەدا دەیاننووسی، لەوكاتەوە تا ئەمڕۆ كە ئەو كتێبە چاپکرا، ئەو بیرۆكەیە لەلای من ماببوو، بۆ دەرفەتێک دەگەڕام و خۆشحاڵ دەبووم ئەگەر كەسێكی تر بیری لەوە كردبایەتەوە كتێبێك لەبارەی راگەیەنراوی رۆژنامەوانی بنوسێت كە بەعەرەبی پێی دەوترێت؛ (بیان الصحفی) یا (بلاغ الصحفی) بەڵام ئەو سەرچاوەیە نەبوو دەستنەكەوت، بۆیە لەڕێگای توێژینەوەیەكی زانستییەوە هەوڵمدا خۆم شانی بدەمە بەر، هەوڵیشمدا سوود لەسەرچاوە عەرەبی و ئینگلیزییەکان وەربگرم. ئەوەبوو كۆمەڵێك سەرچاوە كە زیاد لە 100 سەرچاوەم دەستم كەوت، بەڵام بەشانازییەوە عەرەبی و ئینگلیزییەكەی من هی ئەوە نەبوو بتوانم وەریانبگێڕم ، بۆیە هەموو سەرچاوەكانم دا بەوەرگێڕی زۆرباش و وەریانگێڕا بۆ سەر زمانی كوردی ، دوای بەدەستكەوتنی هەموو سەرچاوەكان، كە زیاتر لە 600 تا 700 لاپەڕە دەبوون وەكو سەرچاوە بەكارمهێناو ئەم كتێبەی لێدروستبوو.
جێگای سەرنجە
وتیشی : زۆر بەكورتی پێناسەیەكی كتێبەكە دەكەم كە لەسێ بەش پێكهاتووە، بەشی یەكەمی خۆی دەبینێتەوە لە پێناسەو مێژوو و سەرهەڵدانی راگەیەنراوی رۆژنامەوانی، ئەوەی جێگای سەرنجە یەكەمجار راگەیەنراوی رۆژنامەوانی ساڵی 1906 لەكاتی ڕوودانی رووداوێكی شەمەندۆفێرەوە دروستبووە كە ئەوكات كۆمپانیای بەڕێوەبردنی شەمەندۆفێرەكە بۆ ئەوەی دەنگۆی زۆر دروست نەبێت لەسەری و خوێندنەوەی زۆری لەسەر دروست نەبێت، راگەیەنراوێكی رۆژنامەوانی بڵاوكردۆتەوە و وردەكارییەكەی خستۆتەڕوو، لەدوای ئەوە راگەیەنراوی رۆژنامەوانی وەردە وردە پەرەی پێدرا، تا وای لێهات لەزۆر بواردا بەكارهاتووە، ئەوەی جێگای سەرنجە لەلای من لەو توێژینەوەیەدا گەیشتمە ئەو ئەنجامەی کە لە لای ئێمە لە راگەیەنراوی رۆژنامەوانیدا تەنیا بیر لەگۆشە سیاسییەكەی دەكەینەوە، بۆ نمونە بەیاننامەی حزبێك لەدامەزراندن لەكۆبوونەوەیەكدا لەدەربڕینی هەڵوێستێك و لەهەموو ئەو شتانە ، بەڵام ئەوەی زۆر سەیرە راگەیەنراوی رۆژنامەوانی یەكێكە لەكۆڵەکە زۆر سەرەكییەكانی پەیوەندییە گشتییەكان، ئەوە بۆ من مایەی سەرنج بوو كە هەموو ئەو كۆمپانیایانەی لەبواری بازرگانی و رێكلام و پەیوەندییە گشتییەكاندا كاردەكەن بەیاخێكی تایبەت بەمەسەلەی راگەیەنراوی رۆژنامەوانی دەدەن.
سەبارەت بەبەشی دووەم، مەسعودی مەلا هەمزە وتی: لەو بەشەدا ئەوە روونكراوەتەوە كە راگەیەنراوی رۆژنامەوانی چۆن دەنوسرێت، ئەو بەشە رێك بۆ ئەوە نوسیومە كەئەو كاتانە خۆم لەناو پیشەكەدا بووم و نەمدەزانی چۆن بنوسم و رێنماییەكان چین كە بەپشت بەستن بەكۆمەڵێك لێكۆڵینەوەی زۆر باش ئەو سەرچاوانەی لە بەردەستە لەسێ لاپەڕەدا ئەوەشم خستۆتەڕوو.
چەند جۆرێكی هەیە
بەشی سێیەمی كتێبەكەی مەسعودی مەلا هەمزە باس لەجۆرەكانی راگەیەنراوی رۆژنامەوانی دەكات لەوبارەیەوە نوسەری كتێب دەڵێت : من وای دەبینم ئەو بەشە رۆحی كتێبەكەیە كە لەچوار لاپەڕە پێكهاتووە، لاپەڕەی یەكەمی باسم لەجۆرەكانی راگەیەنراوی رۆژنامەوانی لەشێوە گشتییەكەی كردووە كە چەند جۆرێكی هەیە ، لاپەڕەی دووەمی بریتییە لەڕاگەیەنراوی سیاسی، ئەوەی سەیرە لام لەسەرچاوە عەرەبی و ئینگلیزیەكانیشدا زۆر بەكەمی ئاوڕ لەو بەشە دراوەتەوە كە بەشێكی زۆر گرنگیشە، من هەوڵمداوە پێناسەی راگەیەنراوی سیاسی بكەم كە چیەو چۆنە ، لە لاپەڕەی سێیەمیاندا باسی جۆرەكانی راگەیەنراوی رۆژنامەوانیم كردووە كە دابەش دەبێت بۆ چەند بەشێک، بۆ نمونە راگەیەنراوی رۆژنامەوانی حزب یا راگەیەنراوی رۆژنامەوانی دوای كۆبوونەوە یا هەڵوێستی هاوبەشی چەند حزبێك یا چەند كەسێك یا هی رووداێك یا وەڵامدانەوەی بابەتێكی مێژووی یا رووداوێكی گەرم.
هەمان بایەخی ماوە
سەبارەت بەكۆتا بەشی كتێبەكە مەسعودی مەلا هەمزە وتی: ئەو بەشەم تەرخانكردووە بۆ راگەیەنراوی رۆژنامەوانی لەسەردەمی سۆشیال میدیا یان نیو میدیادا، بۆ نمونە نیو میدیا توانیویەتی چیبكات و تا چەند كاریگەریی دروست دەكات، یان ئایا راگەیەنراوی رۆژنامەوانی هەمان بایەخی ماوە؟.
هەموو ئەمانەم لەكتێبەكەدا خستۆتە ڕوو بە هیوام كەلێنێكی بچووك لەنێو كتێبخانەی كوردی پربكاتەوە، بەهیواشم ئەو كتێبە ئەگەر مایەی ئەوە بێت كە ژمارەیەك لە لێكۆڵەر یا نوسەری تر ئەگەر بیدەنە بەر نەشتەری رەخنەش قبوڵمە لەپێناوی ئەوەی راگەیەنراوی رۆژنامەوانی لەكتێبخانەی كوردی زیاتری لەبارەوە بوترێت یا زیاتری لەبارەوە بنوسرێت.
نوسەری كتێبەكە سوپاسی مامۆستا بارزان شێخ عوسمانیشی كرد كە پێشەكی بۆ كتێبەكە لەئەڵمانیا بۆ نوسیووە، مەسعود ئەوەشی روونكردەوە كە ئەو كتێبە لەدایك نەدەبوو ئەگەر دوو هەڤاڵی زۆر خۆشەویستی خۆی كە مەلا ئاریان و ژوان ئەحمەد سەعید-ن، ئەوان پێداچوونەوەیان بۆ نەكردبایە، راشیگەیاند : جگە لەوانیش د. ئەحمەد حەمەدەمینیش پێداچوونەوەی بۆ كردووە و سوپاسی ئەویش دەكەم.
لەكۆڕەكەدا ژمارەیەك لەئامادبوان پرسیاریان لەنووسەری كتێبەكە كردو مەسعودی مەلا هەمزەش وەڵامی پرسیارەكانیانی دایەوە.