جەماوەر

11:37 - 2022-05-18
دووتوێ
715 جار خوێندراوەتەوە

سەروتار
خۆشبەختانە، ژمارە (11)ی زاخاوی زاراوەكان لەبەردەستی خوێنەرانی كوردستانی نوێدایە، ئەم ژمارەیە سەبارەت بە زاراوەی جەماوەرە. ساڵانێكی زۆرە گوێمان لە زاراوەی جەماوەر دەبێت و ئەو دەستەواژانەی سەبارەت بەم زاراوەیەن لە گوێماندا دەزرنگێنەوە. لە هەشتاكانی سەدەی رابردووەوە ئەو رستەیەمان بەرگوێ كەوتووە كە دەڵێت: «جەماوەر وریا بۆتەوە»، دواتریش دەستەواژەی «كۆبوونەوەی جەماوەری»مان زۆر هاتۆتە گوێ، بەڵام هەتا ئێستاش بە پێی زانیاریی بەندە باسێكی چڕوپڕ و زانستی لەبارەی ئەم زاراوە گرنگەوە بە كوردی نەنووسراوە و خوێنەری كورد بەم زاراوەیە ئاشنا نییە. لەم سۆنگەیەوە ئەم هەوڵەی كوردستانی نوێ بۆ ئاشنابوون بەم زاراوەیە گرنگە، بەو هیوایەی ئەم هەوڵەی كوردستانی نوێ  هەنگاوێكی پتەو بێت بۆ دەیان هەنگاوی تر.
لەم ژمارەیەدا گەلێك وردەكاری سەبارەت بە جەماوەر خراوەتەڕوو. هەر لە پێناسەی زاراوەكەوە بگرە هەتا شێوازەكانی جەماوەر و خاسیەتەكانی جەماوەر و ئەو گۆڕانكارییانەی بەسەر تاكەكەسدا دێن كاتێك دەچێتە ناو جەماوەرەوە. هەروەها باسی هێزی جووڵینەری جەماوەر، هەڵوێستی ناجێگری جەماوەر و ئەو ئاوەز و عەقڵەش كراوە كە جەماوەر ئاراستە دەكات و دەیهێنێتە جۆش و خرۆش و زۆرجار تووشی هیستریای دەكات وای لێدەكات هەڵوێستی سەیر و سەمەرەی لێبوەشێتەوە. 
گومان لەوەدا نییە تێگەیشتنی قووڵ لە جەماوەر و خوێندنەوەی زیرەكانەی بە مەبەستی ئاراستەكردنی بەلای هەر دەسەڵات و حزبێكی سیاسییەوە نەك هەر گرنگە، بەڵكو چارەنووسسازیشە، چونكە جەماوەر وەكو دەریایەك وایە هەر دەسەڵات و حزبێك نەزانێت بە دروستی مامەڵەی لەگەڵدا بكات و ئاراستەی بكات كە هەڵچوو هەموو بەربەستەكان رادەماڵێ و بە هیچ هێزێك دابین نابێت. 
دیارە خاسیەتەكانی جەماوەر زۆرن و لەلاپەڕەكانی ناوەوە باسكراون، بۆیە لێرەدا بەكورتی جەخت لەسەر سێ خاسیەتی جەماوەر دەكەمەوە: 
یەكەم: چالاكی، جەماوەرێك نییە وەستا بێت و هیچ جووڵەیەكی تێدا نەبێت، بۆیە گرنگترین خاسیەتی جەماوەر چالاكییە، ئەم چالاكییەش كەوتۆتە سەر شێوازی ئەو كەسەی لەو شوێنەدا ئاراستەیان دەكات كە مەرج نییە كەسێكی لێهاتوو و شارەزا بێت و دەشێت كەسێكی نەشارەزا و نەزانیش بێت، بەڵام دەنگێكی زوڵاڵی بەلاوە بێت.
دووەم: ئامانج، دیارە ئەو كەسانەی لە جێگایەكدا كۆدەبنەوە و پێیان دەگوترێت جەماوەر بۆ ئامانجێكی دیاریكراو كۆبوونەتەوە و دەیانەوێ ئەو ئامانجە بهێننە دی. ئەو كەسانە مەرج نییە یەكتری بناسن رەنگە تەنیا شوێنەكە كۆیان بكاتەوە بۆ ئامانجێكی دیاریكراو.
سێیەم: نەبوونی مەركەز: ئەگەرچی جەماوەر بەخێرایی كەسێكی بۆ دروست دەبێت كە لەو كات و ساتەدا ئاراستەی دەكات، بەڵام مەركەزی ئاراستەكردنی دیار نییە، بە دەربڕینێكی دیكە پەیوەندییەك لە نێوان ئەو سەركردەیەی ناو جەماوەرەكە و مەركەزی بڕیاردا نییە و جەماوەر زیاتر بە هێزی سۆز و عاتیفە دەجووڵێتەوە. هەر بۆیە زۆرجار خۆپیشاندانێك یان كۆبوونەوەیەكی جەماوەری ئاراستەكەی دەگۆڕێت و وێرانكاری لێدەكەوێتەوە.

سەرنووسەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان