وتەبێژی کۆنگرە: سەرۆکی یەکێتی کاتی زیاتر بەئەندامانی کۆنگرە دەدات

04:16 - 2023-09-30
کوردستان
355 جار خوێندراوەتەوە

پەسەندکردنی مادەکانی پەیڕەوی ناوخۆ لە لایەن ئەندامانی کۆنگرەوە بەردەوامە و وتەبێژی کۆنگرەش دەڵێت: "هەر دەنگۆیەک لەبارەی دروستبوونی کێشە لەناو کۆنگرەدا هەبێت، دوورە لە راستییەوە، کۆنگرە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت، هەروەها لە لایەن سەرۆکی یەکێتییەوە کات دراوە بە ئەندامانی کۆنگرە بۆ ئەوەی زۆرترین گفتوگۆ لەبارەی پەیڕەوی ناوخۆوە بکەن".
تەلار لەتیف، وتەبێژی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەبەر ئەوەی لە 13 ساڵی رابردوودا پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی لە لایەن ئەندامانی کۆنگرەوە پەسەندنەکراوە، بۆیە لە لایەن سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە زۆرترین کات دراوە بە ئەندامانی کۆنگرە بۆ ئەوەی، مادە بە مادە گفتوگۆی چڕ و وردی لەبارەوە بکەن و پێشنیازەکان بخەنەڕوو".
وتیشی، "سێ یەکی پەیڕەوی ناوخۆ، لە لایەن ئەندامانی کۆنگرەوە پەسەند کراوە و کارکردن بەردەوامە بۆ پەسەندکردنی مادەکانی دیکە، چونکە ئەندامانی کۆنگرە مافی خۆیانە کاتی زیاتریان هەبێت بۆ ئەوەی گفتوگۆی وردتر لەبارەی پەیڕەوی ناوخۆوە بکەن، راستەوخۆش دوای پەسەندکردنی سەرجەم مادەکانی پەیڕەوی ناوخۆ دەست بە رێکارە تەکنیکییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەکرێت".
وتەبێژی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی دەشڵێت: "هەر دەنگۆیەک لەبارەی دروستبونی کێشە و ناکۆکی لەناو کۆنگرە هەبێت، دوورن لە راستییەوە و کۆنگرە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت".

PUKMEDIA

#کۆنگرەی پێنجەم

بابەتە پەیوەندیدارەکان