بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژوودا

كشتوكاڵی عیراق پشت به‌ دیجله‌ و فورات نابه‌ستێ

09:52 - 2023-10-01
ئابووری
717 جار خوێندراوەتەوە
سیستمی ئاودێری عیراق پێویستی به‌ نوێكردنه‌وه‌‌یه‌

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

 قه‌یرانی بێئاوی گه‌یشتۆته‌ ئاستێك، عیراق كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین وڵاته‌ كشتوكاڵییه‌كانی ناوچه‌كه‌، به‌ ناچاری ده‌ستبه‌رداری ئاوی دیجله‌ و فورات بێت، بۆ ئاودێری. له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ عیراق به‌ وڵاتی نێوان دوو رووباره‌ ناسراوه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ ئاركۆلۆجییه‌كان ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه‌، شارستانییه‌ گه‌وره‌كان له‌ نزیك سه‌رچاوه‌ی ئاو بنیات نراون و دروست بوو، كورد ده‌ڵێ: ئاو و ئاوه‌دانی، به‌ڵام ئێستا هه‌ردوو ئاوی رووباری دیجله‌ و فورات به‌ راده‌یه‌ك كه‌میكردووه‌، كه‌ له‌ مێژوودا رووی نه‌داوه‌، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و به‌نداوانه‌وه‌یه‌، كه‌ وڵاتانی دراوسێی وه‌ك توركیا و ئێران له‌سه‌ر ئه‌و دوو رووباره‌ دروستیان كردووه‌، هه‌روه‌ها گۆڕانی كه‌شوهه‌وای گۆی زه‌ویش به‌ گشتی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كه‌مبارانی و كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاوی رووباره‌كان هه‌یه‌.

پلانه‌كه‌ بێكێشه‌ نییه‌
راسته‌ عیراق وڵاتێكی كشتوكاڵییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاو نه‌بێت، كشتوكاڵیش ناكرێت، ئێستاش كه‌ ئاوی ئه‌و دوو رووباره‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌میكردووه‌، كه‌ به‌شی كشتوكاڵ ناكات، حكومه‌تی عیراق به‌ ناچاری پلانێكی دیكه‌ داده‌ڕێژێت، له‌و هه‌ردوو وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عیراق رایانگه‌یاند: بۆ كشتوكاڵی زستانه‌ و وه‌رزی داهاتوو، پلانێكی نوێیان داڕشتووه‌، به‌ پێی ئه‌و پلانه‌ش كشتوكاڵی عیراق له‌ وه‌زری داهاتوودا پشت به‌ ئاوی ژێر زه‌وی ده‌به‌ستێ، نه‌ك رووباره‌كان.
پشتبه‌ستن به‌ ئاوی ژێر زه‌وی بێكیشه‌ و ژانه‌سه‌ر نییه‌ بۆ حكومه‌تی عیراق و ئه‌ركی زۆره‌، به‌ تایبه‌تیش كه‌ عیراق پێویستی به‌ گۆڕینی سیستمی ئاودێرییه‌ كۆنه‌گه‌ی هه‌یه‌، كه‌ پشتی به‌ستبوو به‌ ئاوی رووباره‌كان و ئێستا ده‌بێت سیستمه‌كه‌ نوێ بكاته‌وه‌ و شێوازی ئاودێریی نوێ به‌كار بهێنێت، بۆ سه‌رخستنی پلانه‌كه‌ی، عیراق ده‌بێ پێویستییه‌كانی سیستمی ئاودێریی نوێ به‌ جووتیاران بفرۆشێت، هه‌ڵبه‌ت به‌ نرخی پشتیوانیكراو.

چاودێریی ئاستی باران
به‌ گوێره‌ی تازه‌ترین داتا و زانیاری، پلانی گشتی كشتوكاڵ بۆ وه‌رزی زستانه‌ی (2023 - 2024) به‌و شێوه‌یه‌ داڕێژراوه‌، كه‌ 5.5 ملیۆن دۆنم به‌كار بهێنرێت، له‌و رووبه‌ڕه‌ش ته‌نیا 1.5 ملیۆن دۆنمی پشت به‌ ئاوی رووباره‌كان ده‌به‌ستێ و چوار ملیۆن دۆنمه‌كه‌ی دیكه‌ پشت به‌ ئاوی ژێر زه‌وی ده‌به‌ستێ. 
عه‌ون دیاب وه‌زیری سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عیراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ عه‌باس جه‌بر وه‌زیری كشتوكاڵی عیراق رایگه‌یاند: هه‌ردوو وه‌زاره‌ت به‌رده‌وام ده‌بن له‌ چاودێریكردن و به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ی ئاو و بڕ و ئاستی ئاو و باران له‌ وه‌زری زستاندا تا پلانه‌كه‌ به‌ باشترین شێوه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.
پسپۆڕانی بواری كشتوكاڵ له‌باره‌ی ئه‌م پلانه‌ نوێیه‌وه‌ ده‌ڵێن: عیراق به‌م پلانه‌ی رووبه‌ر و توانای كشتوكاڵی كه‌مكردۆته‌وه‌، چونكه‌ پێشتر عیراق له‌م وه‌رزه‌دا حه‌وت ملیۆن دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی به‌كار ده‌هێنا، ئێستا كه‌میكردۆته‌وه‌ بۆ 5.5 ملیۆن دۆنم و بۆ ئاودانی به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانیش به‌ رێژه‌ی %75 پشت به‌ ئاوی بیره‌كان ده‌به‌ستێ، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م جاره‌ له‌ مێژووی عیراقدا روو بدات.

به‌رهه‌مه‌ سه‌ره‌كییه‌كان ده‌گرێته‌وه‌
مه‌هدی سه‌هر بریكاری وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عیراق له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ: وڵاته‌كه‌ی پلانی كشتوكاڵی ئه‌م وه‌زره‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای بڕی ئاوی به‌رده‌ست و گلدراوه‌، له‌گه‌ڵ پێشبینی بۆ بڕی باران داڕشتووه‌. ئه‌و به‌رپرسیه‌ جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ له‌ پلانه‌كه‌دا زیاتر گرنگی به‌و به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییانه‌ ده‌درێت، كه‌ پێویستی سه‌ره‌كی بۆ خێزانی عیراقی دابین ده‌كه‌ن، ئامانجیش ئه‌وه‌، ئه‌و پێویستییانه‌ به‌ بڕی پێویست بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆ دابین بكرێن و ناچار نه‌بین له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ی بكه‌ین.
وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عیراق ده‌ستی به‌ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌ كردووه‌ و هه‌ڵكه‌ندنی 600 بیری ئاو له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی عیراق ده‌ستی پێكراوه‌، ئه‌وه‌ش به‌شێكی پلانه‌كه‌یه‌ و بڕیاره‌ سه‌رجه‌می بیره‌كان بگاته‌ هه‌زار بیر، وه‌زاره‌ته‌كه‌ش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ زۆربه‌ی ئه‌و بیرانه‌ی هه‌ڵده‌كه‌ندرێن، بۆ به‌كارهێنانی گشتی و بۆ جووتیارانه‌.

نه‌خشه‌یه‌كی نوێ بۆ ئاو
كه‌مال خه‌زره‌جی ئه‌ندازیاری كشتوكاڵی له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عیراق، سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی ئاو و ئاودێری له‌ عیراق رایگه‌یاند: هێشتا پێویستمان به‌ په‌ره‌پێدانی سه‌رچاوه‌كانی ئاو و كێشانی نه‌خشه‌یه‌كی نیشتمانیی بۆ ئاوی ژێر زه‌وی هه‌یه‌، چونكه‌ ئێستا ته‌نیا خه‌ریكی بیرلێدانین و له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی بیره‌كان بڕی پێویست ئاویان تێدا نییه‌، ئه‌مه‌ هه‌نگاوی سه‌ره‌تایه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌مئاوی و ده‌بێته‌ ده‌روازیه‌كیش بۆ دڕشتنی پلانی گشتگیرتر و كێشانی نه‌خشه‌یه‌كی نوێ بۆ ئاو و ئاودێری له‌ عیراق.
ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، كه‌ ئاوی ژێر زه‌وی له‌ عیراق زۆر قووڵ نییه‌ و نزیكه‌ له‌سه‌ر رووی زه‌وییه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ڵكه‌ندنی بیر بۆ جووتیار و ده‌وڵه‌تیش تێچوونی كه‌متره‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ش حكومه‌ت پشتیوانی له‌ جووتیاران ده‌كات، به‌ گوێره‌ی پلانه‌كه‌ش ئامانجی كشتوكاڵی ئه‌م وه‌رزه‌ به‌رهه‌مه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌ك ته‌ماته‌، خه‌یار، په‌تاته‌ و هه‌ندێك به‌رهه‌می دیكه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی عیراق زۆر به‌كاریان ده‌هێنێت، پشتیوانی حكومه‌تیش بۆ جووتیاران، به‌ كڕینه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر خۆیان له‌ بازاڕدا بۆیان ساغ نه‌كرایه‌وه‌.هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م پلانه‌ نوێیه‌ی عیراق وه‌ك ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ جه‌ختی له‌سه‌ر كرده‌وه‌، چاندنی چه‌ڵتووك ناگرێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاوێكی زۆری پێویسته‌.

هاندانی جووتیاران
محه‌مه‌د خوزاعی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عیراق له‌ مانگی حوزه‌یرانی رابردوودا رایگه‌یاند: حكومه‌ت قه‌رزی پێنج ساڵه‌ ده‌داته‌ جووتیاران بۆ نوێكردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌ل و پێویستییه‌كانی سیستمی ئاودێرییان، تا له‌گه‌ڵ سیستمی ئاودێریی نوێدا بگونجێت، قه‌رزه‌كه‌ش هیچ زیاده‌یه‌كی ناچێته‌ سه‌ر، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه‌ حكومه‌ت هانی بازرگانه‌كانیش ده‌دات بۆ هاورده‌كردنی كه‌لوپه‌ل و پێویستییه‌كان، هاندانه‌كه‌ش له‌ رێگه‌ی به‌خشینی ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ ده‌بێت له‌ گومرگ.
به‌ڵام وه‌ك عه‌ون دیاب وه‌زیری سه‌رچاوه‌كانی ئاو ده‌ڵێ: كێشه‌ و قه‌یرانی ئاو له‌ عیراق، به‌م پلانه‌ش چاره‌سه‌ر نابێت، چونكه‌ به‌ به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو، ئه‌م ساڵ ئاوی گلدراوه‌ی عیراق حه‌وت ملیار مه‌تر سێجا كه‌میكردووه‌، توركیاش بڕێكی زۆر كه‌م ئاو به‌رده‌داته‌وه‌ بۆ رووباری فورات، ته‌نانه‌ت به‌ رێژه‌ی %50ش كه‌متر له‌و بڕه‌ی كه‌ له‌سه‌ری رێكه‌وتووین. به‌ پێی راپۆرتێكی ره‌سمیش توركیا و ئێران به‌ هه‌ردووكیان %70ی ئاوی ئه‌و رووبارانه‌یان كه‌مكردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌ڕژایه‌ عیراقه‌وه‌. ئه‌م دۆخه‌ش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر كشتوكاڵی عیراق دروست ده‌كات و چاوه‌ڕێی كاره‌ساتی لێده‌كرێت، به‌ تایبه‌تیش كه‌ كه‌مئاوی كاریگه‌ریی قورسی ده‌بێت له‌سه‌ر چاندنی چه‌ڵتووك، كه‌ به‌رهه‌می سه‌ره‌كی ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاستی عیراقه‌.

سه‌رچاوه‌: العربي الجدید

#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان