رۆزا دڵشاد مەریوانی
پەیوەندی ژن و مێردایەتی یەکێکە لە پەیوەندییە هەرە ئاڵۆزەکانی مرۆڤایەتی بەوەی ئەزموونی هیچ کەسێک لە کەسێکی دیکە ناچێت و ناتوانرێت ئەزموونی دوو هاوسەر وەک پێوەر بۆ سەرکەوتنی پەیوەندی دوو هاوسەری دیکە بەکاربێنیت، تەنیا هەندێ خاڵی سەرەکی نەبێت لەنێوان ژن و مێردەکاندا دەکرێت هەمووی یان هەندێکی هاوبەش بێت دەنا ژیان و ئەزموون و کاراکتەری هەر کەسێک و ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژی وادەکات پەیوەندییەکان ئاڵۆز و جیاواز بن لە یەکتری.
بڕیاری پێکەوە ژیان
کاتێک دوو کەس بڕیاری پێکەوە ژیان دەدەن هیچ شتێک لەبارەی ئەو ژیانەوە نازانن تا بە واقیعی تێیدا نەژین و هەمیشە لە سەرەتاکانی ژیانی ژن و مێردایەتیدا کێشە لەنێوان هاوسەراندا روودەدات زۆرجار لەبەر هیچ شتێک نا تەنیا لەبەرئەوەی سەرەتایانە و جارێ لەیەک تێنەگەیشتوون و هەندێ رەفتار و سروشتی کەسیی هەیە تا لەیەک ماڵدا پێکەوە نەژین پێی نازانن و ئاشنای نابن، لەبەرئەوەشە تا دەگەنە ئەو ئاستەی بە تەواوەتی هەموو رەفتار و خووەکانی ژیانی رۆژانەی یەک فێردەبن پێیدەچێت و لەو ماوەیەدا پێوستیان بەوەیە سازش بۆ یەکتری بکەن و لە هەڵە بچووکەکانی یەک خۆشبن و کەمێک بەرامبەر یەک لەخۆبوردە بن، چونکە ژن و مێردایەتی یەکێکە لەو پەیوەندییانەی دەکرێت زۆر بە ئاسانی تێکبچێت و خێزان هەڵوەشێتەوە ئەگەر ئەو دوو کەسە بایی ئەوەندە هۆشیارییان نەبێت بەرامبەر ئەوەی ئەمە کۆی ژیانە پێکەوە بەشی دەکەن و وەک مرۆڤ قبووڵی یەکتری نەکەن و پشوو درێژ نەبن ئەگەری زۆرە پەیوەندییەکەیان هەڵبوەشێتەوە و کۆتایی پێبێت.
خێزان باشترین کەپرە
لە هەموو دنیادا بە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانیشەوە ژیانی خێزانی و خێزان هیچ جێگرەوەیەکی نییە و باشترین کەپرە مرۆڤ لە سایەیدا بژی بە تایبەت بۆ منداڵ و تەندروستی دەروونی منداڵ، بێگومان لە سایەی خێزانێکی تەبا و تەندروستدا، بەڵام هەندێکجار ژن یان مێرد بەردەوام دەیەوێت لەو پەیوەندییەدا ویست و ئارەزووەکانی خۆی زاڵ بکات و کەسێتی ئەوی تر بسڕێتەوە، بۆیە لەو کاتانەدا تای تەرازووی ئەو پەیوەندییە لاسەنگ دەبێت و لەوێوە کێشەکان دەستپێدەکات، ئەمە لە کاتێکدایە زۆرجار ژن و مێرد ئەو راستییە لەبیر دەکەن ئەوان کاتێک بڕیاری پێکەوە ژیان و دروستکردنی خێزانیان دەدەن تەنیا بڕیار لەبارەی چارەنووسی خۆیانەوە نادەن، بەڵکو لەبری ئەو منداڵانەشی لە ئەنجامی ئەو پەیوەندییە دروست دەبن دەدەن و مافی ئەوانیشە لە سایەی پەیوەندییەکی تەندروستی دایک و باوکیاندا بژین و تاوانە لە ئەستۆی ئەو ژن و مێردە کاتێک بەهۆی کێشە و ناکۆکییەکانیانەوە منداڵەکانیان دەکەنە قوربانی و لە ژینگەیەکی شێواو و ناتەندروستدا گەورەیان دەکەن، لەکاتی وادا وەک ئەوە وایە یەکێک تاوانێک بکات و بێ تاوانێک باجەکەی بدات، بۆیە واباشترە ئەگەر نەتوانن بەردەوام بن لەیەکتری قبووڵ کردن و باشکردنی ئەو رەفتار و هۆکارانەی دەبنە هۆی شێواوی خێزانەکەیان بە ئاشتی جیاببنەوە وەک لەوەی بەردەوام بن لە بەخێوکردنی منداڵەکانیان لە ژینگەیەکی ناجێگیر و پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێدا.