رانیا چاوی لە ئایندەیەكی پرشنگدارە

10:47 - 2023-10-02
وەرزش
392 جار خوێندراوەتەوە

ئەیاز هەركی

ڕانیا ئەمین كچە وەرزشكاری كوردێکی ئێزدی دانیشتووی ناحیەی خانكێی سەر بە قەزای سێمێلە، هەر لە منداڵییەوە حەز و خولیای زۆری بۆ وەرزش هەبووە و چەندین میدالی لە پاڵەوانێتییەكانی بەرزكردنەوەی قورساییدا بەدەستهێناوە.
لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆك چەندین پلەی یەكەمیی پاڵەوانێتییەكانی بەدەستهێناوە، ئێستا هیوادارە لە داهاتوویەكی نزیكدا بەشداریی پاڵەوانێتییەكان لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عیراقدا بكات و بگاتە ئاستی جیهانیی، چونكە هەموو وزە و تواناكانی خۆی بۆ ئەم بوارە تەرخانكردووە.
ڕانیا ئەمین بۆ ستادیۆم وتی، من دەرچووی كۆڵێجی پەروەردەی وەرزشیی  زانكۆی دهۆكم، لە تەمەنی سیانزدە ساڵییەوە وەرزش دەكەم، بەتایبەت یاریی بەرزكردنەوەی قورسایی، هەروەها بەشداریم لە چەندین خول و پاڵەوانێتی جیاجیادا كردووە، و تا ئێستا توانیومە 75 كیلۆگرام لەكێشی خۆمدا بەرز بكەمەوە،  ئەمەش ئەنجامێكی گەورەیە بۆ كچێك.
هەورەها ووتی: من بەردەوام  ڕاهێنانی خۆم دەكەم بۆ زیادكردنی هێزی لەشی خۆم، بۆ بەرزكردنەوەی قورسایی زیاتر، زۆر چێژ و ئارامی لە وەرزش وەردەگرم وهێز و متمانەیەكی زۆرم پێدەبەخشێت.
 باسی ئەوەشی كرد كە ئێش و ئازارەكانی كچان و ژنانی ئێزدی كاریگەری زۆری لەسەر من هەبووە و ماوەیەك لە وەرزش دوور كەوتمەوە، بەڵام دواتر گەڕاومەتەوەو هیوادارم ڕۆژێك بێت بتوانم هاریكاریی ئەو كچ و ژنانە بكەم كە لە دەستی داعش ڕزگاریان بووە تا بیانهێنمە بواری وەرزشەوە بۆ ئەوەی دڵ و دەرونیان ئارام بێت، چونكە زۆریان دەیانەوێت بەشداربن، بەڵام دابوو نەریتە كۆمەڵایەتییەكانی دەڤەرەكەمان وای كردووە بەشداریكردنی زۆرێك لە كچان و ژنان لە وەرزشدا سنووردار بێت.
لەكۆتاییدا ووتی: ئێمە دەمانەوێت پاڵپشتی كچان و ژنانی وەرزشكار بكرێت لە سنووری پارێزگای دهوك تا  هێزوتوانای كچان و ژنانی وەرزشكار دەربكەون، هەرچەندە من وەك كچێك زۆرجار رووبەڕووی ئاستەنگ بوومەتەوە، بەڵام بێهیوا نیم و باوەڕم بە هێز وتواناكانی خۆم هەیە و پلانی گەورەم هەیە بۆ داهاتوو كە دەمەوێت گرنگی زیاتر بە وەرزشەكەم بدەم و وەك كچە كوردێكی ئێزدی بتوانم تواناكانم لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و جیهان دەربخەم و وەرزشەكەم زیاتر بەرەو پێش ببەم.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان