هۆکاری زۆریی پێكانی یاریزانەكان چییە؟

10:52 - 2023-10-02
وەرزش
362 جار خوێندراوەتەوە

عەلی كەریم

زۆری ژمارەی پێشبركێیەكان لە ئەوروپا بوونەتە هۆكار و سەرچاوەی زۆر و زەوەندی دەستەكەوتی ماددی بۆ یانە زەبەلاحەكان.
بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی یارییەكان و چارەسەركردنی كێشەی زۆری یارییە نێوخۆیی و دەركی و نێودەوڵەتییەكان، ساڵی رابردوو كۆبوونەوەیەك لە نێوان یەكێتیی یاریزانان و رێكخەرانی پێشبركێكاندا  کرا بۆ كەمكردنەوەی ئەو گوشارە زۆرەی لەسەر یاریزانان هەیە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لەوە كراوە، لە وەرزی رابردوودا بەو هۆیەوە زۆربەی یاریزانانی پێنچ خولە مەزنەكەی ئەوروپا تووشی پێكان بوون، بەڵام كۆبوونەوەكە هیچ ئەنجامێكی نەبوو.
لێپرسراوانی تۆپی پێی ئەوروپا پێان وابووە كە لە رووی جەستەییەوە یاریزان ئامادەیە بۆ بەرگە گرتنی باری قورسی زۆری یاریكردن و بەشداریكردن لە زۆربەی پاڵەوانتیەكاندا، ئەم راستییەش نكولی لێنەكراوە، بەڵگەش ئەوەیە ئەو یاریزانانەی كە تەمەنیان لە 35 تا 39 ساڵە لە یاریكردن بەردەوامن و هێشتا لە ئاستی خۆیاندا ماوەن  بۆ نموونە كریستیانۆ رۆناڵد و مێسی و چەندین یاریزانی تر كە بەردەوامن لە یاریی کردن.
هەر لەم باریەوە هەردوو فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی  و ئەوروپا (فیفا و یوفا)، بەپێچەوانەی داواكاریی یەكێتیی یاریزانانی جیهانەوە كە داوای كەمكردنەوەی یاریی و پاڵەوانێتییەكانیان دەكرد، بیرۆكەی تریان هەبوو، بەڵام بۆ كەمكردنی یارییەكان یان پاڵەوانتیەكان هیچیان نەوت، چونكە دەستكەوتی دارایی لە زۆری ئەنجامدانی پێشبركێكاندایە و یاریزانەكانیش دەستكەوتی داراییان دەبێت، لەو کۆبوونەوەیەدا چەندین راهێنەر و یاریزان قسە و بۆ چوونیان هەبوو:
گواردیۆللا
  پیپ گواردیۆللا نەیتوانی بێ دەنگ بێت لەو بارەیەوە و بە توندی هێرشی كردە سەر رۆژ ژمێری پێشبركێكان و گوتی: قسە و رەخنە زۆر بوون هەمووشیان بێ ئەنجام بوون، ئەمەش  بۆ ئێمەی راهێنەران جەنگێكی دۆڕاوە، هەروەها ووتی یانەكەی من زۆرترین گوشاری یاریكردنی لەسەرە، لەسەرەتای وەرزەوە یاریزانەكانمان تووشی پێكان بوون، دەتوانین بڵێین هەندی یاریزان هەیە لە یەدەگ دەتوانێ‌ یاری بكات لە شوێنی یاریزانی پێكراو، بەڵام یاریزانی ئەستێرە و گرنگ ناتوانین شوێنی پڕبكەینەوە بە یاریزانی تر، بۆ نموونە دی برۆین.
هەروەها ووتی كاتێك راهێنەری بارسیلۆنا بووم یاریزانەكان پشووی زۆریان وەردەگرت، بەڵام ئێستا چوار یان پێنج رۆژ پشوو هەیە و ئەمەش پشویەكی زۆر كەمە لە بەرامبەر زۆری پێشبركێكانی خولی ئینگلیزی. 
یۆرگن كلۆپ
بە هەمان شێوە یۆرگن كلۆپ هێرشی كردە سەر رۆژ ژمێری یارییەكان بۆ وەرزی (2023-2024) كە یارییكی زۆری تیادا دیاریكراوە و دەكرێن، ئەمەش ئەبێتە هۆی زیاتر ماندووبوونی یاریزانان ودواتر پێكانیان و دابەزینی ئاستی یاریزانەكان، ئەم پێكانە زۆرانەش كاریگەری خراپیان لەسەر ئەنجامی یانەكانیشیان دەبێت، بۆیە دەبێت بیر لە رێگە چارەیەك بكرێتەوە، چونكە  لە كۆتاییدا كێشەكە رووبەڕووی راهێنەر دەبێتەوە نەك لێپرسراوانی تۆپی پێ.

كارلۆ ئینچلۆتی
ئەم راهێنەر ئیتاڵییە بە پێچەوانەوە ری وابوو كە دەبێ‌ راهێنەرەكان قایل بن بەوەی یاریزانەكان بەشداری پێشبركێی زۆری تۆپی پێ‌ بكەن، چونكە ئەوانیش دەستكەوتی داراییان دەبێ‌.
هەر لە سەرەتای وەرزی رابردووەوە ژماریەكی زۆر لە یاریزانی ناودار و ئەستێرەكانی خولەكانی ئەوروپا  گلەیی و نارەزایی و رەخنەی زۆریان لە فیفاو یوفا هەبووەو ئێستاش بەردەوامن لە گلەیی كردن بە تایبەتی لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، هەمووشیان لەسەر ئەوە كۆكن كە (بە هۆی گوشاری زۆر و یاریی زۆرەوە ئێمەی یاریزانان بووینەتە بوكەڵەی فیفا و یوفا).
هەر بۆ زانیاری خوێنەران بە پێی ئامارێکی فیدارسیۆنی نێودەوڵەتی یاریزانە موحتەریفەکان، ساڵی پار  ژمارەی پێكانی یاریزان لە هەر پێنج خولە گەورەكەی ئەوروپا گەیشتە (3000) پێكان، ئەوەش ژمارەیەكی پێوانەیی بەرزە، لە پلەی یەكەمیشدا پریمەرلیگ بووە كە (686) یاریزانی تووشی پێكان بوون، سیریا ئەی ئیتاڵیاش لە پلەی دووەمدا بووە بە (679) پێكان، لیگ ئەی فەرنسیش سێیەم  بووە بە (587)  پێكان، پلەی چوارەم بۆ بۆندسلیگا بوو بە (562) پێكان و لالیگاش پێنجەم  بووە بە  (487) پێكانی یاریزان.



#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان