تورکیا: بۆریی گواستنەوە ئامادەیە بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم

02:45 - 2023-10-02
جیهان
313 جار خوێندراوەتەوە


وەزیری وزەی تورکیا دەڵێت، بۆریی گواستنەوەی نەوت ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان و کار بۆئەوە دەکەن لەم ھەفتەیەدا پڕۆسەکە دەستپێبکاتەوە.
ئەرسەلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا لە پیشانگەی نێودەوڵەتی نەوت لە ئەبوزەبی ئاماژەی بەوەکرد، کار بۆئەوە دەکەن لەم ھەفتەیەدا ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری نەوتی نێوان عیراق و تورکیاوە دەستپێبکەنەوە، لە ئەمڕۆشەوە ئەو بۆریە ئامادەیە.
وتیشی، ھەموو ئەو زیانانەی بەھۆی بومەلەرزە و لافاوەوە بەر بۆری گواستنەوەی نەوت کەوتبوون چارەسەر کراون و ھەموو پشکنینەکانیش بۆ سەلامەتی بۆری گواستنەوەی نەوت لە نێوان عیراق و تورکیا تەواوبووە.
دوای بڕیارەکەی دادگای دادی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵایەکی حکومەتی عێراق، لە 25ی ئاداری ئەمساڵەوە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە راگیراوە و چەند جارێکیش کۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵا لە نێوان عیراق و تورکیادا کراوە، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە رێکەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لە رێگەی تورکیاوە.

#نەوت

بابەتە پەیوەندیدارەکان