بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای هێزەکانی کۆماندۆ پێشوازیی لە عومەر عوسمان، باوكی شەهیدی فەرماندە (ئاكام عومەر) كرد و رێزلێنانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی پێبەخشی.
لە دیدارەکەدا كە دیار عومەر، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی کۆماندۆی کوردستان ئامادەبوو، سەرۆك بافڵ لە ژیان و دۆخی خانەوادەی شەهید ئاكامی پرسی و ستایشی خۆڕاگری و قارەمانێتیی خانەوادەكەی كرد نموونەی خەبات و تێكۆشان بوون لەپێناوی كوردستاندا. وتیشی، كاك ئاكام ناوێكی دیار و درەوشاوەی مێژووی خەباتی ئێمەیە و بۆ هەمیشە لە یادەوەریماندا بەزیندوویی دەمێنێتەوە.
لە بەرامبەردا باوكی شەهید ئاكام پیرۆزبایی لە سەرۆک بافڵ کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هیوای خواست، سەرکردایەتیی نوێ لە خزمەتی یەكێتی ناو یەكێتی و ژیانی خەڵكدا بێت.