خوێندنی كوردی لە نێوان ئاستەنگ و بەردەوامبووندا

09:40 - 2023-10-03
ڕاپۆرت
601 جار خوێندراوەتەوە
لە کەرکوک خوێندن بە زمانی کوردی لە پاشەکشەدایە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد


رۆژی 1/10/2023، لەگەڵ دەستپێكی خوێندن لە كەركوك ژمارەیەك لە مامۆستایانی خوێندنی كوردی بایكۆتیان کرد و لە بەردەم پەروەردەی كەركوك گردبوونەوە و داوای گواستنەوەی راژەكانیان دەكرد لەسەر حكومەتی هەرێمەوە بۆ سەر حكومەتی عیراق.
پەروین فاتیح بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە كەركوك/ بەشی خوێندنی كوردی پشتیوانی داواکاری مامۆستایانی کرد و رایگەیاند، چەند لیژنەیەك بەئیمزای هەزاران مامۆستا پێكهێنراوە سەردانی بەغدا دەكەین و دواتر نووسراویش بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەنێرین بۆئەوەی چیتر مافی مامۆستایانی ناوچە كێشەلەسەرەكان پێشێل نەكرێت و راژەكانمانیش بخرێتە سەر بەغدا.
وتیشی، ناكرێت ئێمە نەوت و خۆراكمان لەسەر بەغدا بێت و مووچەكەمان لەسەر هەرێم بێت و چەند مانگ جارێک مووچەمان پێ بدرێت، بۆیە داواكارین بەغدا راستەوخۆ هاوشێوەی مامۆستایانی خوێندنی عەرەبی مووچەكانمان پێبدات.
لەدوای پڕۆسەی ئازادی عیراق، خوێندنی كوردی لە كەركوك شان بە شانی پێكهاتەكانی تر لە خوێندنی عەرەبی و توركمان و ئاشووریدا دەرگای بۆ واڵابوو لە ناوچە كوردییەكان و تائێستا بەردەوامە، بەڵام لە ماوەی دەستپێکردنیدا گەلێك ئاستەنگ و تەنگ و چەڵەمەی هاتۆتە پێش كە بەشێك لەو تەنگ و چەڵەمانە تایبەتن بە بارودۆخی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان، لەڕووی سیاسییەوە پەیوەستە بە رووداوە سیاسییەكانی كوردستان و عیراق، هەروەها بەشێك لەو ئاستەنگانەش دەكەوێتە ئەستۆی كارگێڕی و رۆشنبیری ‌و ئیدارەدانی قوتابخانەکان لەڕووی بودجە و دابینکردنی كەلوپەلی خوێندن و شوێنەوە.
فرمێسك عەلی دایكی سێ خوێندکارە و نیشتەجێی یەكێك لە گەڕەكە كوردنشینەكانی کەرکوکە و دەڵێت، هەر لە سەرەتای پڕۆسەی ئازادی عیراقەوە دوان لە منداڵەكانم خستەبەر خوێندنی كوردی ئێستا یەكێكیان لە زانكۆی كەركوك دەخوێنێت‌ و تووشی ئاستەنگ بووە، جیاوازی زۆری لەگەڵ خوێندکارانی قوتابخانە عەرەبی و توركمانییەكاندا هەیە و نمرەی بەرز بەدەستناهێنن و ناتوانن وەك پێویست وەڵام بدەنەوە لە وانەكاندا، چونكە زمانی عەرەبی وەك پێویست نازانێت و كاتێكیش بە كوردی وەڵام دەدەنەوە بە چاوێكی تر سەیریان دەكەن، بۆیە ئێستا منداڵە بچووكەکەم خستۆتەبەر خوێندنی عەرەبی بۆئەوەی وەك خوشك و براكانی لێنەیەت.

گرفتی خوێندکارانی کورد
پەروین فاتیح بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی لە پەروەردەی كەركوك رایگەیاند، لە دوای رووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەر و رووداوەكانی ئەم دواییەی كەركوك و وەرگرتنەوەی پلە و پۆستی فەرمانگە حكومییەكان لە پێكهاتەی كورد، ئەمە وایكرد خوێندكارانی كوردی كەركوك ناچاربن روو لە خوێندن بە زمانی عەرەبی بکەن، چونكە كاتێك خوێندكارانی كورد شەشی ئامادەیی تەواو دەكەن ‌و دەچنە زانكۆ كێشەی زمانی عەرەبیان بۆ دروست دەبێت، چونكە وانەكان هەمووی بە زمانی عەرەبییە و كاتێكش زانكۆ تەواو دەكەن نمرەی باش بەدەست ناهێنن ‌و نابنە 10 یەکەمەكان و خوێندكارانی عەرەب و توركمان لە یەکەمەکان دەبن، بۆیە ئێستا دایك و باوكی خوێندكارانی كوردی كەركوك بیر لەوە دەكەنەوە منداڵەكانیان بخەنە بەر زمانی عەرەبی بۆ ئەوەی لە دوا رۆژدا ئەو كێشەیەیان بۆ دروست نەبێت، جگە لەوەش لە زۆربەی فەرمانگەكانی كەركوك بە زمانی عەرەبی و توركمانی قسە دەكەن، هۆكارەكەشی كەمی فەرمانبەری كوردە.
عەلی محەمەد مامۆستایە لە یەكێك لە قوتابخانە كوردییەكانی كەركوك وتی، لەم چەند ساڵەی دوایدا قوتابخانەیەكی زۆری ئەهلی بە هەموو زمانەكان لەشارەكە كراوەتەوە و ئەمەش هەنگاوێكی گەورەیە بۆ لاوازكردنی قوتابخانەكانی كوردی، چونكە بەشێكی زۆری خێزانە دەوڵەمەندەکان منداڵەكانیان دەنێرنە ئەو قوتابخانە ئەهلییانە.
وتیشی، پێویستە خوێندنی كوردی بەشێك لە پڕۆگرامەكانی خوێندنی بکات بە زمانی عەرەبی بۆ ئەوەی لەگەڵ خوێندنی كوردی منداڵی كورد ئاشنا بێت بە زمانی عەرەبی ئەمەش لە ئاستەنگی تێنەگەیشتن لە زمانی عەرەبی رزگاری دەبێت.

رێگە بەکردنەوەی قوتابخانەی عەرەبی نادرێت

پەروەردەی كەركوك بەشی كوردی، بەهیچ شێوەیەك رێگە بەكردنەوەی قوتابخانەی عەرەبی نادەن لە گەڕەكە كوردییەكان، چونكە مەترسی بۆ سەر زمانی كوردی دەبێت.
وتیشی، لەكاتی شەڕی داعشدا لە هەندێك ناوچەی دەرەوەی كەركوك وەك قەزای داقوق، سەرگەڕان و ناوچە دوورە دەستەكان قوتابخانە کوردییەکان داخران و كەمی كردووە، هۆكارەكەشی لەبەر پاراستنی گیانی قوتابیان و مامۆستایان بوو، هەركات دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە هێوربوونەوە ئەوا بەدڵنیاییەوە دەكرێنەوە.
بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی لە پەروەردەی كەركوك ئاماژەی بەوەشكرد، كێشەی مامۆستایانی خوێندنی كوردی ئەوەیە لە یەك قوتابخانە دوو جۆر مامۆستامان هەیە، هەمانە مووچەكەی لەسەر حكومەتی بەغدایە و مووچەكەی لەكاتی خۆی وەردەگرێت، هەشمانە سەر بەحكومەتی هەرێمە و سێ مانگ جارێک مووچەكەی وەردەگرێت، ئەم كارەش وادەكات مامۆستا توانای وانەوتنەوەی نەبێت ‌و ئاستی دابەزێت.

خوێندکارانی کورد عەرەبی نازانن
محەمەد كەریم سێ لە منداڵەكانی لە خوێندنی كوردی دەخوێنن وتی، ئەگەر لەڕووی پرۆگرامی خوێندنەوە سەیری خوێندنی کوردی بكەین پڕۆگرامێكی رێكوپێكی هەیە، بەڵام مامۆستای بەتوانای نییە، چونكە بەشێكیان لە زمانی كوردیدا كۆڵەوارن و هەندێك لە مامۆستاكانیش زمانی كوردی نازانن و بە رەچەڵەك توركمانن یان عەرەبن كە لە خوێندنی كوردیدا دامەزراون، هەروەها بەشێك لەو مامۆستایانەش بە خولی خێرا دامەزراون خوێندنی ئامادەییان تەواو كردووە و لە بواری وانەوتنەوەشدا شارەزایی باشیان نییە و لێرەشدا تەنها قوتابی كورد زەرەرمەند دەبێت.
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د.بێستون عادل مامۆستای زانكۆی كەركوك بەشی پەروەردە رایگەیاند، خوێندکارانی خوێندنی کوردی كاتێك شەشی ئامادەیی تەواو دەكەن ‌و دێنە زانكۆ زمانی عەرەبی نازانن و هەموو پرۆگرامەكانی خوێندنیش لە زانكۆ بەزمانی عەرەبییە، بەڵام دوای هەوڵ و ماندوبوونێكی زۆر توانرا نووسراو بۆ خوێندنی باڵای عیراق بكەین و كێشەی خوێندكارانی كوردیان بۆ روون بكەینەوە، خوێندكارە كوردەكان دەتوانن لە تاقیكردنەوەكاندا بە زمانی كوردی وەڵامی پرسیارەكان بدەنەوە.

#کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان