عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی و نوێگەری لە شیعری منداڵاندا

10:08 - 2023-10-03
کەلتور
517 جار خوێندراوەتەوە
عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

ئەرسەلان حەسەن

شاعیر ناوێکی دیار و درەوشاوەی بواری ئەدەبیاتی  منداڵانە و خۆی لەقەرەی زۆربەی بوارەکانی نووسین بۆ منداڵان داوە و سەرکەوتووش بووە کە ئەمە نەک هەر قسەی منە، بەڵکو رای زۆربەی ئەو هەڤاڵانەیە لەو بوارەدا دەیانناسم. شاعیر هەمیشە خۆزگە و خولیای بووە شتێک بنووسێت نوێ بێت. 
لێرەدا دەمەوێت باسی چەند نموونەیەک لەو شیعرانە بکەم کە بە نوێگەری و گۆڕانکاریی لە بواری نووسینی شیعر بۆ منداڵانیان دەزانم، یان ئەم شێوازە نووسینە لە شیعری شاعیراندا کەمتر بەرچاو دەکەوێت.
هەمیشە پێگەی مامۆستا لە کۆمەڵی کوردەواریدا تایبەت بووە و کۆمەڵگا بەچاوێکی پڕ لە رێز و خۆشەویستی و پیرۆزەوە لە مامۆستای روانیوە و ئەوەش وایکردووە لە سەر قوتابی رەنگبداتەوە و لەکاتی خوێندنیدا رێز لە مامۆستا بگرێت و بەچاوی باوک یان دایک تەماشای بکات، بەڵام نکۆڵی لەوەش ناکرێت هەندێک مامۆستا لای قوتابیان لە هەندێکی دیکە خۆشەویستترن و ریشەشی لە هەڵسوکەوتی مامۆستا لەگەڵ قوتابییەکانیدایە، کە دەکرێت لە شیعری وانەی پڕ لە خۆشەویستیدا بەدیبکەین، شاعیر لەم شیعرەدا دەڵێت: 
وانەی پڕ لە خۆشەویستی
کە زەنگ لێیدا
بە هێمنی
چووینەوە پۆل
بۆ وانەی نوێ
کە مامۆستا کاروانیش هات
بۆ وانەکەی
هەموو گیانمان بوو بوو بە گوێ ...

هەروەها لە شیعرێکی دیکەدا کە باسی خۆشەویستیی مامۆستا دەکات، پێماندەڵێت هێمنی و ئارامی مامۆستا دوو پاڵنەرن بۆ قوتابی تا مامۆستای زۆر خۆش بووێت و قوتابی لەوە بگات کە مامۆستا مرۆڤێکی دڵسۆزی بوارەکەیەتی و هەوڵ و تێکۆشەنەکانی لەم بوارەدا ماندوونەناسی کردووە و بۆ بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاری و بەئاگاهێنانەوەی کۆمەڵگاکەی شەو و رۆژ کۆڵ نەدات. ئەوەتا شاعیر لە شیعری کێم خۆشدەوێت؟ دا دەڵێت:
کێم خۆشدەوێ؟
من حەز دەکەم
هەموو رۆژێک
بیرکاری و زانست مان هەبێت
دەزانن بۆ؟
چونکە مامۆستا رێبوار و
مامۆستا تارا رووخۆشن ...

دەمێکە زانیومانە و پێمان گوتراوە خوێندنەوە خۆراکی مێشک و وەرزشی مێشکە و هۆکاری زۆر بوونی عەقڵ و زیاتر رۆشنبیرکردنی مرۆڤ و هەتوانی زامەکانییە. خوێندنەوە سوودی بۆ مرۆڤ زۆرە و زۆربەی گرێ و گۆڵ و ئاستەنگەکانی بەردەم مرۆڤ ناهێڵێت و شەختە و بەستەڵەکەکانی دەتوێنێتەوە. خۆ ئەگەر خوێندنەوەش بۆ منداڵ چ خۆی بخوێنێتەوە یان بۆی بخوێننەوە، بەدروستی و بە پێی رێنیشاندەرێکی باش بێت، ئەوە گومانی تێدا نییە سوودی بۆ گەشەکردنی توانستی منداڵ زۆرە و منداڵ بۆ کۆشش لە وانەکانیدا چالاکتر دەکات و گرینگی و بایەخی خۆیشی بۆ دواڕۆژی دەبێت. شاعیر لە شیعری لە هۆڵی خوێندنەوەدا دەڵێت:
لە هۆڵی خوێندنەوەدا
دوێنێ لەگەڵ  شەنگەی هاوڕێم
چووین بۆ هۆڵی خوێندنەوە
لە دوای کەمێک حەوانەوە
یەکی گۆڤارێکمان وەرگرت
ئای چەند خۆش بوو
بە هێمنی خوێندمانەوە ...

یاری و منداڵ دوانەیەکن بەئەستەم مرۆڤ دەتوانێت لێکیان جیابکاتەوە، چونکە منداڵ وزەیەکی زۆری هەیە و بۆ خەرجکردنی وزەکەی پێویستی بەجووڵەی زۆرە، دیارە یاریش هەر وەک دەزانین بێ جووڵە نابێت و پێویستە دایک و باوکان و تەنانەت مامۆستاکانیش بزانن منداڵ پێویستییەکی زۆری بەیارییە و یاریش کاریگەری لە سەر منداڵ زۆرە، چونکە ئەوەی دەمانەوێت راستەوخۆ بەمنداڵی بڵێین، لە کاتی یاریکردندا لەگەڵ هاوڕێکانی فێریان دەبێت، بە یاسا و رێسای یارییەکانیشەوە. کەواتە نابێت رێگرییان بین لە یاریکردن، بەڵکو هەلی زیاترییان بۆ بڕەخسێنین تا بەخولیا و ئاواتەکانیان بگەن. هەر بۆیە گرنگی و بایەخی یاریی لای شاعیر وایکردووە بیر لەوە بکاتەوە رۆژێک بۆ یاریی تەرخان بکات و وەک هەموو رۆژەکانی ساڵ، ناوی بنێت
 رۆژی یاریی:
رۆژی یـــاری
رۆژێک لەگەڵ
رۆزیا و لاڤین
بۆ یاریی ماڵە باجێنە
هەر یەکە و شتێکمان هێنا و
لێی دانیشتین ...

هەروەها شاعیر لە شیعری یاریدا، کە ئەمەش جارێکی دیکە سەلماندنی گرنگی و بایەخی یارییە لای شاعیر کە دەڵێت:
یــــــــاری
هەینی لەگەڵ  هاوڕێکانم
یاریی دوو گۆڵیمان دەکرد
لە گۆڕەپان
هێندەم زانی
ئاکۆ هات و
بێ ئەوەی داوای یارمەتی
بکات لێمان
یەکسەر هاتە گۆڕەپان  و
خۆیشی گەیاندە تۆپەکە و
هێرشی برد ...

خەیاڵ لای منداڵ گرنگی خۆی هەیە و بێگومان خەیاڵی منداڵ بەرین و فراوانە و زۆرجار دەبیستین کە منداڵ لەگەڵ یاریکردندا لەبەرخۆیەوە ورتە ورتێک دەکات. ئەو نووسینانەش بەستێنی خەیاڵی منداڵ فراوانتر دەکەن و زیاتر سەرنجی رادەکێشن و حەز و ئارەزووشی بۆ خوێندنەوە و گوێگرتن زیاتر دەوروژێنن، کە زیاتر لایان لە خەیاڵکردنەوە کردووەتەوە. 
شاعیر لە شیعری وێنەی بەلەمێکدا هاتووە بە شێوەیەکی نوێ وەک چیرۆکە شیعر و بەمیوزیکی تایبەت بەخۆیەوە وێنەی بەلەمێکی ئەوەندە جوان بە هەموو پێداویستییەکانییەوە کێشاوە و هاوکاتیش وێنەیەکی رەنگاوڕەنگ لای منداڵ دەکێشێت، دەڵێت: 
وێنەی بەلەمێک
ویستم وێنەی
دەریایەکی 
پڕ لە وردە ماسی و بەلەم
لە دەفتەری وێنەکەمدا
دروست بکەم ...

ئەگەر لە کۆتایی شیعرکە رابمێنین و بەوردی سەرنجی لێ بدەین، دەبینین منداڵەکە دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر تا وێنای بەلەمێکی ئەوەندە جوانی کێشاوە و پاش گەشتێکی خۆش با لەناو هەڵ دەکات و بەلەمەکە قڵپ دەکاتەوە، کە لێرەدا هەم منداڵەکە نائومێد و غەمگین و خەمبار دەبێت، هەم ڕەنج بەخەساری ئەو هەموو هەوڵ و کۆششە دەبێت. بەڕای من وا باشتر بوو گوتبای: لەگەڵ خۆی بردەوە ماڵ.
گەر گەڕانێک بەنێو شیعری شاعیراندا بکەین، چ ئەو شیعرانە بۆ گەوران یان بۆ منداڵان نووسراون، زۆربەی ناوی شیعرەکان وەکویەکن یان دووبارە دەبنەوە، کە دەتوانین لێرەدا ئاماژە بە هەندێکییان بکەین وەک نیشتمان، کوردستان، دایک، بووکەشووشە، یاری، تۆپ، سەعات...هتد.
شاعیر عەلی حەمەڕەشید بەرزنجیش لەم شاعیرانە بەدەر نییە و ئەویش لە هەمان ژینگەدا دەژی، بۆیە بۆ ئەو و هەموو ئەوانەش لەم بوارەدا دەنووسن ئاساییە بۆ هەمان شت بنووسن، بەڵام لێرەدا دەتوانین بڵێین ئەو هاتووە بە شێوازێکی نوێ و جیاواز شیعرەکەی نووسیوە و لە شیعری فڕین بۆ ئامێزی دایە دا ئەوەتا دەڵێت:
فڕین بۆ ئامێزی دایە
بۆ ئاسـمـانم دەڕوانی
لێوانلێو بوو لە جوانی...

ئێستا هەموومان، بە گەورە و بچووکەوە دەزانین 1/6 ی هەموو ساڵێک رۆژی جیهانی منداڵانە و ساڵانە لەم ڕۆژەدا بۆنە و ئاهەنگ و پێشەنگا و کۆنسرێت و چەندین چالاکی جیا جیا بۆ منداڵان ساز دەکرێت. شاعیر ئاوڕ لەم رۆژە دەداتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمڕۆژە لای منداڵ چەندە رۆژێکی گرنگ و بەنرخە و چەندە منداڵ بەم رۆژە شاد و خەنییە. هاتووە بەمشێوازە شیعرێک بۆ ئەم رۆژە مەزنەی لای منداڵ و گەورەکان، دەنووسێت:
رۆژی جیهانی منداڵان 
وتم دایە
سبەی جەژنە
یەکی شەشە
رۆژی جیهانیی منداڵە
لە زۆر شوێنی کوردستاندا...

لە کۆتاییدا، دەمەوێت بڵێم شاعیر عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی سەرجەم ئەم شیعرانەی بەزمانێکی کوردی جوان و رەوان و پارا و نووسیووە و بەشکیش نیم منداڵ دەتوانێت بەئاسانی و بە بێ هەست کردن بە هەناسە سواری و ماندوو بوون ئەم شیعران ئەزبەر بکات و منیش، هیوادارم لەم نووسینەدا توانیبێتم لایەکم لە شیعر تازە و نوێگەرییەکانی شاعیر عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی کردبێتەوە و هیوای بەردەوامی و داهێنان و زیاتر خزمەتکردن بەدنیای منداڵانی بۆ دەخوازم و خزمەتێکیشم بە ئەدەبی منداڵان و دنیا جوانەکەی منداڵان کردبێت.  

بابەتە پەیوەندیدارەکان