ئەمڕۆ
بە خەمێکی قووڵ و شانازییەکی زۆرەوە یادی شکۆی نەتەوە و نیشتمان دەکەینەوە، یادی سەرۆکێک
دەکەینەوە کە ژیانی خۆی پێشکەشی نیشتمان کرد و رۆژەکانی تەمەنی لەپێناوی ئاشتی،
ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤدا بەسەربرد.
دڵتەنگین
کە كوردستان سەرکردەیەکی خەمخۆر، بەرگریکار، دڵسۆز و بەوەفا و عیراق بونیادنەر و چەترێکی
کۆکەرەوەی لەدەست دا، شانازیش دەکەین کە رێبازێکی بۆ بەجێهیشتن کە بۆ هەمیشە چرای
رێگە و رێنیشاندەرمان دەبێت لەپێناوی بەدەستهێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد و بونیادنانی
وڵاتێکدا کە تاکەکانی سەربەرزانە و ئازادانە بژین.
ئێمە
یادی سەرۆک مام جەلال دەکەینەوە، یادی ئەو سەرۆکەی خەمی کوردستانی لە شان گرتبوو و
لەپێناوی ئازادی و سەرفرازیی میللەتێکی ستەمدیدەدا خەباتی بێوچانی کرد، خەباتێک کە
تاوەکو کۆچیشی کرد بەردەوام و بێبڕانەوە بوو. یادی سەرۆکێک دەکەینەوە کە بونیادنەری
عیراقی نوێ و چەتری کۆکەرەوەی ئەو دەنگ و رەنگە جیاوازانە بوو کە تەنیا لە سایەی ئەودا
کۆدەبوونەوە.
ئەمڕۆ
سوێند و بەڵێنی هەمیشەییمان بۆ سەرۆک مام جەلال دووپات دەکەینەوە کە وەکچۆن لە
رابردوودا درێژەمان بە رێبازەکەی داوە، لە داهاتووشدا بە سوودوەرگرتن لە سیاسەتی حەکیمانە
و شوێنپێی ئەودا هەنگاو بنێین و لەپێناوی سەرفرازیی کورد، فراوانکردنی سنوورەکانی
ئازادی و دیموکراسی، کۆکردنەوەی جیاوازییەکان و یەکخستنی هەوڵەکاندا درێژە بە خەباتی
خۆمان بدەین و مێژوویەک بنووسینەوە کە رۆحی سەرۆک مام جەلال شاد بکەین و ئەو شانازییە
بە خۆمان رەوا ببینین کە هەڵگری ئەو سیاسەتە تەندروست و حەکیمانەیە بین.
بەناوی
هەڤاڵانی نوێی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و هەموو تێکۆشەرانی یەکێتییەوە بەڵێن دەدەین،
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پارێزەر و بەردەوامیپێدەری ئەو سیاسەتە دەبێت کە مام پەیڕەوی
دەکرد، دەستی ئاشتی و پێکەوەیی بۆ هەموو لایەک درێژ دەکەین و جیاوازییەکان دەخەینە
خزمەت بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانەوە. بەبێ بیرکردنەوەی حزبی و دوور لە هەموو بەرژەوەندییەکی
تایبەت، لەپێناوی بەدیهێنانی داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیردا تێدەکۆشین و هەوڵەکانمان
لەپێناوی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کورد دا دەبێت. بۆ بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی
هاوکار دەبین و بۆ بەرگری لە کوردستان فیداکار دەبین.
دروود
بۆ رۆحی سەرۆک مام جەلال.. ئاشتی و ئاوەدانی بۆ کوردستان و عیراق
بافڵ
جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان