بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەمریکادا، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە پۆستەکەی لادرا

12:26 - 2023-10-04
جیهان
346 جار خوێندراوەتەوە

بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەمریکادا، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دەنگ لە پۆستەکەی دووخرایەوە و ئەوەش بە ئاماژەیەک دادەنرێت بۆ ئەو دابەشبوونەی لەناو کۆمارییەکاندا ھەیە.
مات گیتس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆمارییەکان داواکارییەکی خستە دەنگدانەوە بۆ دوورخستنەوەی کیڤن مکارتی سەرۆکی ئەنجومەنەکە.
بەپێی دەنگدانەکە، 216 ئەندام دەنگیاندا بە دوورخستنەوەی "مکارتی" و 210 ئەندامی ئەنجومەنەکەش بە نەخێر بۆ دوورخستنەوەی دەنگیاندا. دوای دەنگدانەکە دروستبوونی بۆشایی لەو پۆستەدا راگەیەنرا و "پاتریک ماکھنری" لە کۆمارییەکان وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە شێوەیەکی کاتی دیاریکرا. 
دوورخستنەوەی مکارتی دوای ئەوەھات کە رۆژی شەممەی رابردوو کۆنگرێسی ئەمریکا بودجەیەکی کاتی بۆ بەردەوامبوونی خەرجییەکانی ئەمریکا و رێگریکردن لە داخستنی حکومەتی فیدراڵی پەسەندکرد بۆ ماوەی 45 رۆژ، لە کاتێکدا زۆرێک لە ئەندامانی کۆمارییەکان دژی ئەو ھەنگاوە بوون. 
مکارتی سەربە پارتی کۆمارییەکانە و دوای دوورخستنەوەی رایگەیاند، ھەوڵەکانی مات گیتس بۆ دوورخستنەوەی بە ھۆکاری تایبەتی بووە و پەشیمان نییە لەسەر ھیچ بڕیارێک کە داوێتی، وتیشی، ئەو بۆ ئەوە دروستبووە کە کێشەکان چارەسەربکات نەک کێشە دروستبکات و بە شانازییەوە پۆستەکەی بەجێدەھێڵێت.
لە بەرامبەردا، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ھەموو کات لەگەڵ کۆماری و دیموکراتەکان بە نیازپاکییەوە کاردەکات و گەلی ئەمریکاش پێویستی بە کەسێکە کە ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە ژیانیانەوە ھەیە بیکاتە لەپێشینە.

#ئەمریكا

بابەتە پەیوەندیدارەکان