بایدن: پاڵپشتی پڕۆسەی دیموکراسی لە عیراقدا دەکەین

12:35 - 2023-10-04
عیراق
148 جار خوێندراوەتەوە

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی دەکاتەوە کە ھەمیشە هەوڵدەدات بۆ بەھێزکردنی کاری ھاوبەشی نێوان واشنتۆن و بەغدا.
وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق پێشوازیکردووە لە ئالینا رۆمانۆڤسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق، باڵیۆزی ئەمریکا پەیامێکی جۆ بایدنی ئاڕاستەی د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق کردووە و تیایدا پیرۆزبایی لە حکومەت و گەلی عیراق کردووە بە بۆنەی  یادی 91 ساڵەی سەربەخۆیی عیراقەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، جۆ بایدن جەختیکردووەتەوە لەسەر کارکردنی ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات و پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی دیموکراسی و بەھێزکردنی دامەزراوەکان بۆ پشتیوانیکردنی گەلی عیراق.
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاندووە، ھەمیشە دەڕوانێتە پتەوکردنی کاری ھاوبەشی نێوان واشنتن و بەغدا و لە پێشینەی کارەکانیەتی،  بۆ بەدیھێنانی جیھانێکی سەقامگیر و ئارام، پێویستە شەڕی دژی تیرۆرستان بەردەوام بێت.
ھاوکات، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەردەومدەبن لە بەھێزکردنی ئەو رێکەوتنەی لە نێوان ھەردوو وڵاتدا ھەیە، کاردەکەن بۆ ئەوەی پێکەوە رووبەڕووی ئەو ئاستەنگیانە ببنەوە کە لە جیھاندا ھەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان