جەمال لۆلۆ
گومانی تێدا نییە هەڵسەنگاندنی پیاوی گەورە لە زمانی پیاوی گەورەوە وەک پێدانی بڕوانامەیەکی گەورە و رێزلێنانێکی گەورە وەهایە. بەتایبەتی کەسایەتییەکە خۆی قبووڵکراوی نەتەوە و کۆمەڵگەکەی خۆی بێت. پیاوە گەورەکان زۆرجار لە هەندێک خاڵدا هاوبەشن. بە نموونە د. عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ و مام جەلال.
لە ڕووی سیاسییەوە هەردووکیان هەڵگری بیری پێشکەوتنخوازین، بەڵام دۆگما نەبوون. هەردووکیان یەک ئامانجیان هەبوو، ئەویش بەدەستهێنانی مافی میللەتی کورد و هەڵێنجانی لەناو ئەم بیرەدا. باوەڕم وایە بۆ سەرەتای چوونە نێو سیاسەتیشیان هەر ڕاستە.
لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە دوو کارەکتەری کۆمەڵایەتی گەورەن کە پێگە و بڕوانامەکەیان نەبووەتە بەربەست لەبەردەم تێکەڵاوبوون لەگەڵ خەڵکی ئاسایی و سادەی کۆمەڵگەدا.
هەردووکیان ساڵی 1933 لە دایک بوون، هەرچەندە د. عیزەدین دەڵێت لە دایک بووی ساڵی 1934 ە، وەک قسەیەکی خۆش کە مام جەلال زۆر حەزی لە گێڕانەوە و قسەی خۆش بوو، هەموو جارێک دەیگوت: «پرۆفیسۆر». ئەوە بانگ کردنی مام جەلال بوو، هەمیشە دەیگوت د. عیزەدین تۆ عاشقیت بۆ حزبی شیوعی، وای لێ کردووی تا بڵێیت ساڵی لە دایک بوونی من و حزبی شیوعی یەک ساڵە. سەبارەت بە ساڵی لە دایکبوونی د. عیزەدین لە نووسراوێکی دەست خەتی مامۆستا سەفوەتی رەحمەتی دا نووسراوە «22ی زولحەججەی 1351 عیزەدینی کوڕم لە دایک بوو» کاتێک ئەم رۆژە ساڵە دەکەیت بە میلادی دەکاتە 18 نیسانی 1933.
بەڵام هێندەی د. عیزەدین نا
تەمەنێک ئەم دووانە ئاشنا و دۆستی یەک بوون. د. عیزەدین دەیگوت من و مام جەلال لە خۆپیشاندانەکانی 1948دا پێکەوە بەشداربووین. ئەگەر زیاتر ورد ببینەوە، هەردووکیان لە رۆژی 3ی تشرینی یەکەمدا کۆچی دواییان کردووە.
هەردووکیان بەشیرست بوون و زۆرترین قسە و نەقڵی خۆشی بەشیر موشیریان لە لابوو. هەروەها دۆستی نزیکی جەواهیری بوون. هەموو جارێک مام جەلال دەیگوت من شیعری جەواهیریم زۆر لەبەرە، بەڵام هێندەی د. عیزەدین نا.
ساڵانی نەوەدەکان. ئەکادیمیای کادیرانی (ی.ن.ک) دەکرێتەوە، لە دەستپێکدا مام جەلال بابەتێک پێشکەش دەکات. دواتر پێشنیاز دەکات با خەڵکانی دەرەوەی (ی.ن.ک) بانگهێشت بکەن تا لێرە وانەتان پێ بڵێنەوە. یەکەم ناو، پێشنیازی د. عیزەدین دەکات. دواتر دەرگای پرسیار دەکاتەوە. کادیرێک دەپرسێت، مام بۆ چی د. عیزەدین کە بە بیری ئەو ناگونجێت لەبەر ئەوەی لە شاخ نەبووە و یەکێتیش نییە؟ لە وەڵامدا مام جەلال کە بەوە ناسراوە راشکاوانە وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: دەزانم تۆ کادیرێکی چاکی راستگۆیت، بەڵام ئەوە قسەی خۆت نییە و هانیان داوی، من ئەوەندەی د. عیزەدینم ناسیوە، بە چەند خاڵێک بۆت باس دەکەم:
1
پێش هەموو شتێک نکۆڵی ناکرێت کە پیاوێکی گەورە و خوێندەوارە و پەروەردەی بنەماڵەیەکی خوێندەواریشە.
2
تەنیا رۆشنبیری کوردە کە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی فراوانی لە ئاستێکی گەورەدا هەبێت و پردی پەیوەندییەکانی نێوان رۆشنبیرانی کورد و عەرەب بێ، بگرە بەشێک لە سیاسییە گەورەکانی عەرەبیش کە من بۆ خۆم کەڵکی زۆرم لەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەی د. عیزەدین وەرگرت بۆ بواری سیاسیش. بێ شک لە رێگەی خودی د. عیزەدین خۆیەوە. بەتایبەت پەیوەندییەکانم لەگەڵ سیاسەتمەدار خالید بەگداش سکرتێری حیزبی شیوعی سوریا. کە دۆستێکی نزیکی چەندین ساڵەی د. عیزەدین بوو. هەروەها بەشێکی تر لە هەڵکەوتووانی بیری پێشکەوتنخوازی عەرەب کە پەیوەندی باشیان لەگەڵ د. عیزەدین هەبوو.
3
ئاگاداربن د. عیزەدین راستە یەکێتی نییە، بەڵام وەفادارە بە رێبازەکەی خۆی و راستگۆیە و هەتا ئێستا لەو رێبازە لای نەداوە کە هەڵگری بیری چەپە بە مانا راستەقینەکەی.
4
نکوڵی ناکرێ کە هەڵگری هەر رێبازێک بێت، بێ شک لایەنە کوردایەتییەکەی فەرامۆش نەکردووە و لە ئامانجە یەکەمەکانییە.
5
د. عیزەدین پیاوێکی بە شەهامەت و زۆر ئازایە. من نموونەیەکتان بۆ بگێڕمەوە. ناوەڕاستی هەشتاکان کۆنگرەی موعارەزەی عیراقی بوو لە تاران، منیش بەشداریم کردبوو، دەزگای هەواڵگری ئێرانی بە تەنیا داوای بینینی منیان کرد، منیش چووم. گوتیان: مام جەلال تۆ دۆستی لە مێژینەی ئێمەیت، بابەتێک هەیە دەبێت پێکەوە تاوتوێی بکەین، منیش گوتم فەرموو. گوتیان: بەڵام زۆر نهێنییە و جگە لە تۆ لە حزبەکەشت کەس نابێ بزانێت، یەکێک لە دەسەڵاتدارە ئەمنییەکانی عیراق خەریکی کوودەتایەکی ئەمنییە بەسەر سەدامدا، سەرچاوەکەمان هەڵە ناکات، جا داوا لە بەڕێزتان دەکەین هاوکاری ئێمە و ئەویش بن لەم کارەدا. گوتم بەسەر چاو، بەڵام ئەو کەسە کێیە، وتیان فازڵ بەڕاک بەڕێوەبەری گشتی دەزگای هەواڵگری عیراقە. منیش هەر زوو گەڕامەوە کوردستان، دەمەو ئێوارەیەک چەند پێشمەرگەیەکم راسپارد لە زێویەوە بچنە شاری سلێمانی و نامەیەکی من بگەیەننە دەست د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ. لەگەڵ خۆشیان زۆر بە نهێنی هەر ئەو شەوە د. عیزەدینم بۆ بهێنن بۆ زێوێ. بەهەرحاڵ کارەکەیان کرد. د. عیزەدین دوای بینینی نامەکەی من، هەر ئەو شەوە هاتە زێوێ، باسەکەم تێگەیاند و گوتم: دەزانم تۆ هاوڕێیەتیت لەگەڵ فازل بەراک هەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ مەکتەبی حزبی شیوعی لە سۆڤیەت، پیاوێکی جێگەی باوەڕی منیت، فازڵ بە تەمای کوودەتایەکە بەسەر سەدامدا، من دەمەوێت هاوکاری بم، تۆ دەبێت لە سبەینێ زووتر نییە بە نامەیەکی منەوە بچیتە لای و سەلامی منی پێبگەیەنیت، هەموو ئامادەییەکی بۆ دەرببڕی. بەڵێ د. عیزەدین مستەفا ئەو شەوە گەڕایەوە سلێمانی و رۆژی دواتر چوو بووە بەغدا و بە تەنها فازڵ بەڕاکی بینی بوو، بە درێژی لەسەر ئەو کارە باس و خواسیان کردبوو، هاوڕابوون. فازل بەڕاکیش پشت راستی کارەکەی کردبووەوە.
ئەو راستییەکان دەزانێت
د. عیزەدین بۆ رۆژی دواتر گەڕایەوە سلێمانی و بۆ شەوەکەی هاتەوە زێوێ، راسپاردەی فازڵی بۆ من هێنا بوو. کوڕینە بیهێننە بەرچاوی خۆتان، بەشداربووی سەرەکی کارێک بیت لە عێراقدا، ئامانجت کوودەتا بێ بەسەر کێ دا؟ سەدام حسێن! ئەگەر ئاشکرا بێت، خۆت نا، هەموو بنەماڵەکەت لەسەر زەوی دەسڕنەوە. ئەمە کوردایەتی نەبێ، ئەی چی کوردایەتییە، ئەمە ئازایەتی نەبێت، چی ئازایەتییە؟ من ئەمانەم لە د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ بینیوە، چۆن بە گەورەیی تەماشای ناکەم، چۆن نابێتە جێگای متمانەی من. جارێک برادەرێک ئەم قسانەی مام جەلالی بۆ د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ گێڕایەوە، د. عیزەدین گوتی دەبێت وابڵێت و بدوێ، ئەگەر نا مام جەلال نییە، ئەو راستییەکان دەزانێت.