زیانی زۆر بەر جووتیاران كەوتووە و %60 بەرهەمیان كەمبۆتەوە وەرزی دروێنە لە گەرمیان

09:57 - 2022-05-19
ئابووری
532 جار خوێندراوەتەوە

چەند رۆژێكە لە سنووری خانەقین و گەرمیان، دروێنە دەستیپێكردووە. لە لێدوانێكیشدا بەڕێوەبەری كشتوكاڵی خانەقین دەڵێت: بەرهەمی جووتیاران ئەمساڵ باشترە لە پار. «بەپێی داتا و ئامارەكان بەرهەمی جووتیاران لە سنوورەكەماندا %60 كەمبۆتەوە».
لە سنووری خانەقین و گەرمیان وەرزی دروێنە دەستیپێكردووە و بە وتەی جووتیارانی سنوورەكەش «بەهۆی كەمیی باران بارینەوە، ماوەی دوو ساڵە بەرهەممان وەك پێویست نییە، هەرچەندە ئەمساڵ باشتر بوو لە ساڵی رابردوو، ئەمساڵیش هیچ بەرهەمێكمان بۆ نامێنێتەوە و بەوهۆیەشەوە تووشی زیانی مادی دەبین». داواش لە حكومەت دەكەن قەرەبوویان بكاتەوە.
جووتیارانی سنوورەكە ئەوەش باس دەكەن «زیاتر ئەو جووتیارانە تووشی زیان بوون كە توانای مادییان باش نەبووە زەوییەكانیان دەرمانڕێژ بكەن، بۆیە پێویستە حكومەت بۆ ساڵانی داهاتوو هاوكاریی جووتیاران بكات  و دەرمان و كەلوپەلی پێویستی كشتوكاڵییان بۆ دابین بكات، ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت جووتیاران واز لە كشتوكاڵ دەهێنن و كەرتی كشتوكاڵیش پاشەكشە دەكات».
لە لێدوانێكیشدا بۆ كوردسات نیوز، كامەران عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری كشتوكاڵی خانەقین، ئەوەی خستۆتەڕوو كە سەرەڕای كەمیی بڕی باران، رێژەی بەرهەمی ئەمساڵ خراپ نییە و باشترە لە ساڵی رابردوو، كە ئەمساڵ بەشێوەیەكە ئەو زەویانەی بەراون، بەرهەمیان باشە، بەڵام زەوییە دێمەكان بەرهەمیان نییە و خاوەنەكانیان دووچاری زیان بوون.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان