یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەموو كات هەوڵی خزمەتكردنی شاری كەركوكی داوە، چونكە كەركوك و یەكێتی دووانەیەكی لێكدانەبڕاون، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقیشدا یەكێتی هەوڵی پاراستنی ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركوك دەدات، ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیش دەڵێت: «یەكێتی، بۆ كەركوك كوردایەتی دەكات نەك حزبایەتی، هەروەها خزمەتی سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكە دەكات بەبێ جیاوازی».
یەكێتی، ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركوك دەپارێزێت
رەوەند مەلا مەحمود ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانPUKMEDIA ی راگەیاندووە: «یەكێتی، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق هەوڵی پاراستنی ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركوك دەدات، نەك دژایەتیكردنی لایەنە كوردستانییەكان، پێشتریش هەوڵی جددی داوە بۆ ئەوەی سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە كەركوك بكەن، بەڵام هەوڵەكەی سەركەوتوو نەبوو». وتیشی: «كاندیدەكانی هاوپەیمانێتیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە (تحالف كركوك قوتنا وارادتنا)، كە لە نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستاندایە، كاندیدی زۆر لێهاتوو و باش و سەركەوتوون و هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی ناسنامەی كوردستانیبوونی شارەكە و خزمەتكردنی دانیشتوانەكەیەتی».
یەكێتی، كوردایەتی دەكات نەك حزبایەتی
یەكێتی و كەركوك دووانەیەكی لێكدانەبڕاون، سەرۆك مام جەلال لە رابردوودا بە بەڵگەی ئەرشیفی؛ كوردستانیبوونی شاری كەركوكی سەلماندووە، ئێستاش لەسەر هەمان رێبازی سەرۆك مام جەلال، یەكێتی هەوڵی پاراستنی ناسنامەی كوردستانیبوونی شارەكە دەدات.
فریال عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ PUKMEDIA دەڵێت: «یەكێتی، بۆ كەركوك كوردایەتی دەكات نەك حزبایەتی، هەر ئەمەشە وایكردووە هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە شارەكەدا بدات، ئەوەش چەند ئامانجێكی لەپشتە كە دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ پارێزگاكە سەرەكیترینیانەن تا لەو رێگەیەشەوە خزمەتی سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكە بكات بەبێ جیاوازی». وتیشی: «هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە كەركوك تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ئەگەر كورد زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت، دەتوانین زۆرترین كاندیدمان بچێتە ئەنجومەنی پارێزگای شارەكە و لەوێشەوە جارێكیتر خزمەت بە كەركوكییەكان بكەین.
لای یەكێتی، كەركوك تایبەتمەندی خۆی هەیە
دووپاتیشیدەكاتەوە كە «لای یەكێتی، كەركوك تایبەتمەندی خۆی هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا پێنجەمین كۆنگرەی خۆی پێشخست بۆ ئەوەی بە خوێنێكی نوێوە بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكات و هەموو هەوڵەكانی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە بێت».
بڕیارە رۆژی 18/12/2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بكرێت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵی پاراستنی ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركوك دەدات و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ حزبی شیوعی كوردستاندا هاوپەیمانێتییەكی پێكهێناوە بەناوی (هاوپەیمانێتیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە) و هاوپەیمانێتییەكە دەیەوێت هەوڵی تەواوی خۆی بدات لەپێناوی خزمەتكردنی سەرجەم پێكهاتەكانی شاری كەركوك.
PUKMEDIA