قوباد تاڵەبانی: نابێت مووچەخۆران لەوە زیاتر لە دۆخی بێ مووچەییدا بمێننەوە

04:46 - 2023-10-09
کوردستان
461 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم  پێشوازیکرد لە کریستیانە هۆمان، باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عیراق و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێکران.

لە کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا کرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەرکەکەیدا لە عیراق، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا. 
لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی دا بە گرفت و بەربەستەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجە و رایگەیاند: لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکان و نابێت هاووڵاتیانی هەرێم لەوە زیاتر لە دۆخی بێ بودجەیی و بێ مووچەییدا بمێننەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی ئەڵمانیای کرد بۆ هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش دەستخۆشی کرد لە هاوکارییەکان و هەماهەنگییەکانی حکومەتی ئەڵمانیا بۆ ئەو پڕۆژانەی لە لایەن نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانەوە ئامادەکراون، لەوانە  هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و پڕۆژەکانی ریفۆرمی ئابووری و پڕۆژەی گەشتوکاڵ، کە لە هەموو ئەو بوارانەدا حکومەتی ئەڵمانیا بە شێوازی جیاواز هاوکاری نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی کردوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە کرا. جێگری سەرۆک وەزیران روونکردنەوەی پێویستی دا لەبارەی چۆنێتی بەڕێوەچوونی ریفۆرم لە هێزەکانی پێشمەرگە و  سوپاسی حکومەتی ئەڵمانیای کرد کە لە چەند ساڵی رابردوودا لە هەموو قۆناغەکانی پڕۆسەکەدا یارمەتیدەری حکومەتی هەرێم بووە.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان