کتێبی دەروازەیەک بۆ سۆشیال دیموکراتی

10:00 - 2023-10-11
کەلتور
380 جار خوێندراوەتەوە

ئەردەڵان سدیق

کتێبی دەروازەیەک بۆ سۆشیال دیموکراتی، بەهاکان، ئابووری کۆمەڵایەتی، دەوڵەتی خۆشگوزەرانی. لە وەرگێڕانی نەوزادی موهەندیس.  کتێبێکی قەبارە گەورەیە کە 270 لاپەڕە لە خۆ دەگرێت. 
ئەم کتێبە وەکو دەروازەیەک وایە بۆ تیگەیشتن لە فیکر و فەلسەفەی  سۆشیال دیموکراتی.  کتێبەکە بەسەر سێ تەوەری سەرەکیدا دابەش بووە کە ئەوانیش: لایەنی فیکریی و مێژوو، بنەما سەرەکییەکان. هەموو ئەمانەشی  بە هەشت بەش باسکردووە. لە سەرەتادا باسی  سەرەتای دروستبوونی ئەم فیکرە لە ئەوروپا و جیهان دەکات، ئەسڵی ناوەکە لە چییوە هاتووە، پاشان باسی تێڕوانینی فیکری سۆشیال دیموکرات دەکات بۆ کۆمەڵێک بابەتی گرنگ لەوانە : دادپەروەری، یەکسانی، ئازادیی، کێشەی ژنان و نەوەی نوێ.  دەوڵەت.  هەروەها باسی ئامانجە بنەڕەتییەکانی ئەم فیکرەیە دەکات، کە چۆن دواتر دەبێتە بزووتنەوەیەکی سیاسیی گەورەو تەواوی ئەوروپا و جیهانیش داگیر دەکات. 
لە بەشێکی تردا باس لە پارت و بزووتنەوە سۆشیال دیموکراتەکان دەکات لە وڵاتانی جیهان بەتایبەتی لە ئەڵمانیا، بەریتانیا، سوید، یابان، ئەمریکا.
لە بەشی هەشت و کۆتاییشدا باسی ئایندەی فیکرو بزووتنەوەی سۆشیال دیموکراتی دەکات لە جیهاندا. هەروەها باسی  ئەو بزووتنەوەو ئایدیا نوێیانەش دەکات ، کە لەم چەند ساڵەی دواییدا دروست بوون. 
لە تەوەری « ئابووری و کۆمەلایەتیدا» کە بە شەش بەش ، باس لە تێڕوانینی سۆشیال دیموکرات دەکات بۆ ئابووری و سیستمە ئابووریەکانی تری جیهان ، هەروەها تێڕوانینی سۆشیال دیموکرات بۆ بازاڕی ئازاد، سەرمایەداریی و دیموکراتی، یەکسانی کۆمەڵایەتی، گەشەی ئابووری. ئەمەش بە پشت بەستن بە تێڕوانینی چەند پارتێکی سۆشیال دیموکراتی لە جیهاندا بەتایبەتی لە ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ژاپۆن، سوید. لە بەشێکی تردا باس لە تێڕوانینی سۆشیال دیموکراتەکان دەکات بۆ کێشەی گۆڕانی کەشوهەوای جیهان، جیهانگیری و کێشەکانی. 

لە تەوەری سێهەمدا نووسەر باس لە تێڕوانینی سۆشیال دیموکرات دەکات بۆ چەمکی (دەوڵەتی خۆشگوزەران)ئەمەشی بۆ  شەش بەش دابەشکردووە.  سەرەتا نووسەر باس لە تێڕوانینی سۆشیال دیموکرات دەکات بۆ تێگەیشتن لە چەمکی دەوڵەتی خۆشگوزەران، چ جۆرە دەوڵەتێکیان دەوێت، پاشان لە بەشەکانی تری کتێبەکەدا باس لە تێڕوانینی سۆشیال دیموکرات دەکات بۆ چەمکی دادپەروەری، یەکسانی، پێویستی، کارکردن و دروستکردنی هەلی کار و بێکاری.
لەبەشی چوارەمیشدا باس لە تێڕوانین و تێگەیشتنی فیکرەکانی تری جیهان دەکات بۆ چەمکی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی لەوانە: تێڕوانینی لیبڕاڵەکان، پارێزگارەکان، هەروەها بەردواردێکیش دەکات لە نێوان هەر سێ فیکرەکە بۆ دەوڵەتی خۆشگوزەران. 
لەبەشی پێنچەمیشدا باس لە گۆڕانکاری دەکات لە جیهاندا، ئایا ئابووری جیهان بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت، هەروەها کۆمەڵگا چی لێدێت.
لە بەشی شەش و کۆتاییشدا باس لە تێڕوانین و تێگەیشتنی سیاسی پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیا دەکات بەتایبەتی پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا، پارتی دیموکرات مەسیحی، سەوزەکان، لیبڕاڵەکان، پارتی چەپ و پارتە راستڕەوەکانی ئەڵمانیا. 
جێگەی ئاماژەیە ئەم کتێبە لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی گەشەپێدانی بیرو هۆشیاری یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە و  ساڵی 2023 چاپ کراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان