بۆچی نەخۆش دەکەوین؟

10:13 - 2023-10-12
کەلتور
551 جار خوێندراوەتەوە

د. ڤاسانت لاد

لە ئینگلیزییەوە: د. تەنیا هیجران



لەشساغی یان لەشساغبوون چییە؟ نەخۆشی چییە؟ ئایا نەخۆشکەوتن یا لەشساغبوون تەنیا بەخت و ئیقباڵە بە پیرمانەوە هاتووە یان بەکتریا و مایکرۆبەکانن هێرشیان کردۆتە سەر ژیانمان؟ ئێمە دەتوانین چی بکەین بۆ ئەوەی لەشساغیمان لە ئاستێکی جێگیر و باشدا بهێڵینەوە و نەهێڵین تووشی هیچ جۆرە نەخۆشییەک بین؟!
ئەم پرسیارانە زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ مێژوویان هەیە و لە میراتی کۆنی زانستی پزیشکی ئایورڤێدادا بە قوڵی کاریان لەسەر کراوە و وەڵامدراونەتەوە. وەڵامەکان لە قوڵایی ئەزموونی ناخەکی و پراکتیکی حەکیمەکانەوە بووە تا یارمەتیمان بدەن لە نەخۆشییەکان خۆمان بپارێزین و هەروەها فێرمان بکەن چۆن نەخۆشییەکان چارەسەر بکەین و پارێزگاریی لە لەشساغیمان بکەین.

ئایورڤێدا یانی چی؟
وشەی ئایۆرڤێدا وشەیەکی سانسکریتییە، زمانی سانسکریتی دایکی زمانە هندۆئەوروپییەکانە، رەچەڵەکی زمانی کوردیش سانسکریتییە. وشەی ئایۆرڤێدا یانی زانستی ژیان و تەمەندرێژیی و زانستی دروست ژیانکردن. بە پێی زانستی ئایورڤێدا ژیان ئامانجێکی هەیە ئەویش درک و زانین و تێگەشتنە لە ژیان و دەستڕاگەیشتنە بە ئاگایی گەردوونی، ئەو ئاگاییەی ئەم بوونەی لێوە سەرچاوە گرتووە. ئێستاش با پێکەوە دەستبکەین بە شیکاری روانین و تێگەشتنەکانی زانستی ئایورڤێدا لەبارەی لەشساغییەوە. 

لەشساغی چییە؟
بە پێی ئایۆرڤێدا لەشساغی تەنیا بریتی نییە لە نەبوونی نەخۆشی، بەڵکو بریتیە لە باڵانسی نێوان جەستە و مێشک و ئاگایی، لەشساغی پێکدێت لە هاوسەنگی و جێگیری نێوان سێ دۆشای   ڤاتا، پیتا، کافا،  ئەم دۆشایانە لە زانستی ئایۆرڤێدادا بۆ جۆرەکانی جەستە دانراون وەک ڕەقەڵە ، ناوەند ، خڕ و قەڵەو. هەروەها هاوسەنگی حەوت شانەکە  (dhatus)، دەردانی سێ پاشەرۆکە سەرەکییەکە (malas) کە لە میز و پیسایی و عەرەق پێکدێن، هەروەها بەهێزیی ئاگری گەدە (agni) ، ئەگەر ئەمانە پێکەوە هاوسەنگ و جێگێر بن، هەستەکان و زەین و مێشک و رۆح دەگەشێننەوە. 
تۆ هەمیشە ئەم سێ دۆشایەت لەگەڵدایە، واتە هەرسێکیان لەیەک کاتدا لەتۆدا هەن، بەڵام دانەیەکیان یا دوانیان زاڵترن و تایبەتمەندی زاڵەکەیانت زیاتر وەرگرتووە. 
دۆشاکان
دۆشاکان بنەمای بایۆلۆژیی چالاکی جەستەی ئێمەن، ڤاتا: وزە و بنەمای جوڵەیە لە ئێمەدا.  پیتا: وزەی هەرسکردن و تێکشکاندن و میتابۆلیزمە. کافا: بنەمای پێکهاتە و راگری جەستەیە. 
دیاریکردنی جۆری دۆشای زاڵ لە هەرکەسێکدا دەبێت کەسێکی شارەزا و حەکیمی ئایۆرڤیدا دیاری بکات بە لێدانی دڵ یاخود وەڵامدانەوەی کۆمەڵێک پرسیار لە خشتەیەکدا کە جۆری دۆشاکەت دەست نیشان دەکات لە رێگەی کۆمەڵێک پرسیار و وەڵامەوە، بەڵام بە زاهیری و بە گشتی ڤاتاکان کەسە رەقەڵەکانن و سارد و وشکن،  کافاکان چەور و گەرمن و جەستەیان وەرزشی و ناوەندە، کافاکانیش خڕ و قەڵەون و ئێسکیان بەهێزە و چەور و ساردن.  هاوسەنگی ئەم سێ دۆشایە لەشساغبوون و ناهاوسەنگییان دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی نەخۆشی و ناخۆشی جۆراوجۆر لە جەستە و لە زەیندا. 
حەوت شانەکە
دهاتووەکان یان حەوت شانەکە بنچینەی جەستەن. دهاتووەکان بەرپرسن لە پێکهاتەی ناوەکی جەستە و ئیشپێکردنی ئەندام و سیستمە جیاوازەکانی جەستە.  دهاتووەکان بەسەر حەوت بەشدا دابەش دەکرێن.
یەکەم: پلازما(Rasa)، ئەم شانەیە ماددە خۆراکیە گرنگەکانی تێدایە لە کرداری هەرسکردنی خۆراکەوە وەرگیراون و دەبنە هۆی ژیان و خۆراک بۆ تەواوی شانەکان و ئەندام و سیستمەکان دابین دەکەن.
دووەم: خوێن (Rakta) ، ئەم شانەیە ئۆکسیجن دەدات بە هەموو شانەکان و ئەندامەکان و بە زیندوویی دەیانهێڵێتەوە.
سێیەم: ماسولکەکان (Mamsa)، ماسولکەکان داپۆشەر و کەڤەری ئەندامە کرنگەکانن، هاوکار و پاڵپشتی گرنکی جوڵە لە جومگەکاندا و پاراستنی هێزی فیزیکی جەستەن.
چوارەم: چەوری (Meda)، چەوری  یارمەتی رەوانکردن و پاراستنی شانەکان دەدات و گەرمی جەستە دەپارێزێت.
پێنجەم: ئێسقان و کڕگراکە (Asthi): ئێسقان و کڕگراکەکان پاڵپشتی پێکهاتەی جەستە و ئیسکەپەیکەرن.
شەشەم: مۆخی ئێسقان و دەمارەکان (Majja)، ماجا بۆشاییەکانی ناو ئێسقانەکان پڕ دەکەنەوە، سیگناڵە دەمارییە هەستیارەکان دەگوازنەوە، وەهەروەها  ئاسانکاری دەکەن بۆ پەیوەندی نیوان تەواوی شانە و ئەندامەکانی جەستە. 
حەوتەم: کۆئەندامی زاوزێی نێرینە و مێینە (Shukra and Artava)، شانە پێکهێنەرەکانی کۆئەندامی زاوزێی نێر و مێ جەوهەری سەرەکیی هەموو شانەکانی تریان لە خۆیاندا هەڵگرتووە و دەتوانن لە سفرەوە ژیانێکی جەستەیی دروست بکەن. 
هەریەک لە دهاتوەکان پشت دەبەستێت بەوەی پێش خۆی. ئەگەر  مادە خامەکانی بەرهەمی کرداری هەرس بەپێی پیوست نەبوون یان گرفت لەهەر یەک لەقۆناغەکاندا رووبدات و هەریەک لە دهاتووەکان نەیتوانی مادەی خۆراکی پێویست بەدەستبهێنێت و وەربگرێت ئەوا ئۆرگان و سیستم و ئەندامی پەیوەست پێوەی تووشی زیان و کێماسی دەبێت. لەبەر ئەوە بۆ لەشساغییەکی  زۆرباش  پێویستە هەر حەوت دهاتووەکان بەباشی گەشە بکەن و کارەکانیان بکەن.

سێ پاشەڕۆکە (Malas)  
سێ پاشەرۆکەکە بریتین لە پیسایی و میز و ئارەق. جەستە پیوستە پاشەڕۆکان کە زیادەی خۆراک و خواردنەوە و هەناسەهەڵمژینن لە ڕێگەی کەرەستە تایبەتییەکانی لەشەوە وەک پێست و کۆم و کۆئەندامی نێرینەیی و مێینییەوە لە خۆی دوور بخاتەوە.

ئاگری لەش (Agni) 
 ئاگنی واتە ئاگری بایۆلۆژی یان وزەی گەرمی کە دەبێتە هۆی کرداری هەرس لە لەشدا. ئاگری لەش بەهاوسەنگی لەگەڵ ئەنزیمەکانی هەرس و پرۆسیسی میتابۆلیزم دەبنە هۆی تێکشکاندن و هەرسکردن و مژین و بڵاوکردنەوەی خۆراک و ئاو و هەوا لە لەشدا. ئاگنی دەبێتە هۆی پاریزگاریکردن لە مادەخۆراکییەکان بۆ شانەکان و بەهێزکردنی سیستمی بەرگری جەستە، کە دەبێتە هۆی تێکشکاندنی مایکرۆئۆرگانیزمەکان و بەکتریا نامۆکان و ژەهرەکان لە گەدە و ریخۆڵەکاندا. ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی لەشساغیبوونمانە. ئاگنی ژیان و زیندوویەتیمانە. 
هەرکەسیک ئاگنی بەرز بێت ژیانێکی درێژ و لەشساغییەکی زۆر باشی دەبێت، بەڵام کاتێک ئاگنی دادەبەزێت و کەم دەبێتەوە بەهۆی نەمانی هاوسەنگی لەنێوان دۆشاکان و میتابۆلیزم، تووشی گرفت دەبێت و بەرگری جەستە دادەبەزێت و کەسەکە هەست بە تێکچونی باری لەشساغییەکەی دەکات. کاتیکیش ئەم ئاگری ژیانە کوژایەوە کەسەکە دەمرێت.
هەڵبەت ئاگنی پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە چاکرای سێیەم واتە مانیپوراوە هەیە کە بەرپرسە لە پاراستنی وزەی ژیان کە ئایورڤیدا بەم وزەیە دەڵێت ئاگنی یان ئاگری بایۆلۆژی. 
جگە لەم هۆکارە گرنگانەی لەسەرەوە باسمان کردن، هەستەکان و زەین و رۆح یان ئاگایی رۆڵی گرنگ و کاریگەریان هەیە لەسەر پاراستن و باشترکردنی لەشساغی. بۆیە کاتێک هەموو ئەم هۆکارانە، واتە دۆشاکان و دهاتووەکان و مالاس و ئاگنی و هەستەکانمان و زەین و بیرکردنەوەکانمان و رۆح و ئاگایمان هاوسەنگ دەبن، دۆخێک پێکدێنن پێی دەوترێت (Swastha) واتە ئەوپەڕی شادی و خۆشبەختی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان