كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
دوای هه‌فته‌یه‌ك له هێرشه‌كه‌ی حه‌ماس بۆ سه‌ر ئیسرائیل و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه، نیگه‌رانی و ترسی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت باڵی به‌سه‌ر بازاڕی جیهانیدا كێشاوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نیا له ماوه‌ی ئه‌و هه‌فته‌یه‌دا نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهاندا به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز بۆته‌وه.
نێرمالا ستارامان وه‌زیری دارایی هیندستان له‌وباره‌یه‌وه رایگه‌یاند: زۆربه‌ی ئابوورییه گه‌شه‌نده‌كان نیگه‌رانن له‌وه‌ی ئه‌و گرژی و ئاڵۆزیانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كار بكاته سه‌ر نرخی سووته‌مه‌نی و قه‌یرانێكی لێ بكه‌وێته‌وه، كه وڵاتان به ئاسانی ده‌ستیان به سووته‌مه‌نی نه‌گات.
ئاڵۆزییه‌كه‌ی غه‌زه به ته‌نیا مه‌ترسی بۆ سه‌ر كه‌رتی سووته‌مه‌نی نییه، به‌ڵكو كه‌رته‌كانی دیكه‌ش ده‌گرێته‌وه، كریستالینا گۆرگیێڤا به‌ڕێوه‌به‌ری سندوقی نێوده‌وڵه‌تی نه‌ختینه، له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێ: به‌هۆی ململانێكه‌ی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیله‌وه ئاسۆیه‌كی لێڵ چاوه‌ڕێی ئابووری جیهان ده‌كات.
كریستالینا وتی: ئێمه به وردی چاودێریی بارودۆخه‌كه ده‌كه‌ین تا بزانین دۆخه‌كه به كوێ ده‌گات و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر ئابووری، به تایبه‌تیش بازاڕی نه‌وت چۆن ده‌بێت.
نیگۆزی ئۆكۆنگۆ ئیۆلا سه‌رۆكی رێكخراوی بازرگانی جیهانی نیگه‌رانی خۆی له‌و بارودۆخه ده‌ربڕی و رایگه‌یاند: هیوادارین دۆخه‌كه به زووترین كات هێور بێته‌وه و په‌ره نه‌سێنێت، چونكه ئه‌گه‌ر ململانێكه په‌ره بسێنێت، مه‌ترسی و كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بازرگانی جیهان ده‌بێت.
جانكارلۆ جۆرجیتی وه‌زیر دارایی ئیتالیاش جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه گروپی حه‌وت وڵاته پیشه‌سازییه‌كه‌ی جیهان و هه‌روه‌ها گروپی 20 زۆر نیگه‌رانن له‌و بارودۆخه‌ی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هاتۆته ئاراوه.
نیگه‌رانی هه‌ر‌یه‌ك له‌و سه‌ركردانه‌ی جیهان، له جێگه‌ی خۆیدایه، چونكه دوای یه‌ك هه‌فته له ده‌ستپێكی رووداوه‌كان، واته رۆژی هه‌ینی رابردوو نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهاندا به رێژه‌ی %6 به‌رز بۆوه.
له به‌رامبه‌ر ئه‌م نیگه‌رانیانه‌دا ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، كه رووداوه‌كانی غه‌زه كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی نابێت بۆ سه‌ر بڕی نه‌وتی خراوه‌ڕوو، چونكه تا ئێستاش كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر هه‌نارده‌ی نه‌وتی وڵاتان زۆر سنوورداره.
به‌ڵام پسپۆڕان بواری ئابووری ده‌ڵێن: راسته ئیسرائیل له بواری هه‌نارده‌ی نه‌وتدا وڵاتێكی گرنگ نییه، به‌ڵام ئه‌مه به‌و واتایه نییه شه‌ڕ له‌و وڵاته‌دا كاریگه‌ری نابێت له‌سه‌ر جیهان، به پێچه‌وانه‌وه له كاتی فراوانبوون و په‌ره‌سه‌ندنی ململانێكاندا زیانی گه‌وره به به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده و هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت ده‌گات، له‌به‌رئه‌وه‌ی وڵاتانی به‌رهه‌مهێنی گه‌وره‌ی نه‌وت نزیكن له شوێنی رووداوه‌كانه‌وه.
هه‌ر سه‌باره‌ت به كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و ئاڵۆزییانه له‌سه‌ر بازاڕی نه‌وت، جه‌واد ئۆجی وه‌زیری نه‌وتی ئێران رایگه‌یاند: چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، به هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گرتۆته‌وه، نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهاندا بگاته 100 دۆلار. ئه‌م هه‌واڵه له سایتی شانای سه‌ر به وه‌زاره‌تی نه‌وتی ئێران بڵاوكراوه‌ته‌وه. پسپۆڕانیش نیگه‌رانن له‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران كه‌م بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌وانه‌یه ئه‌مریكا سزكاكانی سه‌ر ئێران توندتر بكات، ئه‌گه‌ر سه‌ره داوێكیان ده‌ست بكه‌وێت كه بیسه‌لمێنێت، ئێران ده‌ستی له‌و ململانێیه‌دا هه‌یه.