كورد لە هاوكێشەی بە ئەندامبوون لە ناتۆدا

09:18 - 2022-05-21
ڕاپۆرت
990 جار خوێندراوەتەوە

جەمال ئارێز

ئەو خێراییەی لە سەرەتای جەنگی روسیا - ئۆكرانیاوە بەدی دەكرا، ئێستا كە لە تەواوبوونی سێیەم مانگی ئەو جەنگە نزیك دەبینەوە، ئەگەرچی هیچ دەروویەكی ئاگربەست یان ئاشتی بەدی ناكرێت، بەڵام گوڕ و تاوی هێرشەكانی روسیا وەك سەرەتا نەماوە.
تۆماركردنی خۆبەخش
جگە لەوەش دوای چۆڵكردنی بەشێكی زۆر لە شارەكان لەلایەن خەڵكی مەدەنی و كردنەوەی دەرگای خۆناونووسكردن بۆ سەربازیی خۆبەخش، بەشێكی زۆر لە ئۆكرانییەكان دوای دڵنیابوونیان لە دەربازبوونی منداڵ و ژنان و پیاوانی بە تەمەنی وڵاتەكەیان لە ئاگری جەنگ، خۆیان گەڕانەوە بۆ ناو وڵاتەكەیان و خۆبەخشانە هێزی بەرگریی میللیان شانبەشانی هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەیان پێكهێناوە و دوای مەشقێكی سەرەتایی بۆ بەرگریی لە پایتەخت و شارەكانی دیكە، دەخرێنە بەر خزمەت.
لەلایەكی دیكەشەوە، وڵاتانی دراوسێی ئۆكرانیا كە لە سەرەتاوە بە جۆرێك لە ترس و نیگەرانییەوە هاوكاریی مرۆییان پێشكەش بە ئاوارە ئۆكرانییەكان دەكرد، ئێستا كارەكە لەوە ترازاوە و هاوكارییەكان گەیشتوونەتە ئاستی ناردنی چەك و تەقەمەنی و پێداویستیی سەربازیی.
گەڕانەوەی نێردە دیپلۆماسییەكان
لە دوای رەوینەوەی مەترسییەكان لەسەر كیێفی پایتەختی ئۆكرانیا و پاشەكشەی روسەكان لەو شار و شارۆچكانەی دەوروبەری پایتەخت، بەگوێرەی لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا ئێستا نێردە و باڵیۆزخانەی زیاتر لە 25 وڵات گەڕاونەتەوە بۆ كیێف كە لە سەرەتای جەنگەكەدا دانیشتوانی پایتەختیش بە دەگمەن لە شارەكەدا مابوون و ببووە شاری تارمایی.
توركیا و ئاستەنگەكانی بوونە ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپادا
ساڵانێكی زۆرە كە توركیا وەك وڵاتێك كە لە رووی سەربازییەوە ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆیە و بەشێك لە خاكەكەشی بەتایبەتی گەورە شاری ئیستانبوڵ لە نەخشەدا دەكەوێتە كیشوەری ئەوروپاوە و دەخوازێت ببێتە ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا، بەڵام هەمیشە لەلایەن زۆرێك لە وڵاتانی ئەسكەندەناڤی هەروەها  ئەڵمانیا و فەرەنسا، كاندیدكردنی ئەو وڵاتەیان رەتكردۆتەوە، بە پاساوی ئەوەی كە توركیا لە بواری مافی مرۆڤدا دۆسێكەی خاوێن نییە و مەسەلەی ئازادیی سیاسی و رۆژنامەنووسی لە پاشەكشەدایە.
توركیا لە گوتاری سیاسیدا، هەمیشە خاوەنی دوو گوتار بووە، گوتارێكی بۆ هاندانی ناوخۆییە و خۆی وەك مەزنترین دەوڵەت پێناسە دەكات و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە وا وێنای خۆیان لە ناو كۆڕ و كۆمەڵە ناوخۆییەكانی وڵاتەكەدا دەكەن كە جیهان بەبێ ئەوان ناتوانن پەنجە لە ئاودا بنێن، بەڵام لە گوتاری سیاسیی دەرەكی و لە دیدارە دوو قۆڵی و چەند قۆڵییەكانی سەركردەكانیاندا لەسەر ئاستی جیهان، زۆرجار زۆرترین سازش بۆ بەرامبەرەكانیان دەكەن.
پێگەی توركیا و كورد لەو هاوكێشەیەدا
ئەوەی كە توركیا و سەركردەكانی، تەنانەت بە سەركردەی زۆرێك لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانیشیانەوە سازشی لەسەر ناكەن كوردە، بۆ ئەوەش ئامادەن دژی بەهێزترین وڵاتی جیهان ببنەوە ئەگەر قسەیەكی خێر لە بەرژەوەندیی كورددا بكات، چونكە زۆرجار سەركردەكانی توركیا ئەوەیان بە راشكاوانە داوە بەگوێی ناوخۆ و دەرەوەشدا كە كوردی باش ئەوەیە كە مردووە!
لەم هاوكێشەیەی ئێستای جەنگی روسیا - ئۆكرانیادا كە بە وتەی روسەكان، هۆكارەكەی داوای ئۆكرانیا بووە بۆ بوونە ئەندام لە پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ)دا، چونكە گوایە روسیا نیگەرانە لە پەلكێشانی ئەو هاوپەیمانییە بۆسەر سنوورەكانی، ئێستا بەشێك لە وڵاتە ئەسكەندەناڤییەكانی وەك سوید و فینلەندا كە سنوورەكانیان نزیكە لە روسیاوە یان هاوسنوورن لە ترسی ئەگەری پەلهاویشتنی روسیا بۆ هێرشكردنە سەریان، داوایان پێشكەشكردووە تا وڵاتەكانیان ببنە ئەندامی ئەو هاوپەیمانییە، هەریەك لە ئەمریكا و ئیتالیا و فەرەنسا و ئەڵمانیاش رەزامەندیی زارەكییان دەربڕیووە، بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانە ببنە ئەندامی ناتۆ، بەڵام ئێستا توركیا ناڕازییە و تەنانەت كار گەیشتۆتە ئەوەی سوید وەفدێكی ئامادەكردووە بۆ سەردانی توركیا تا قایلیان بكەن، بەڵام بەر لە چوونی وەفدەكە رەجەب تەیب ئەردۆغان وەڵامی دانەوە و لە میانی وتارێكیدا رایگەیاند: «با ئەرك نەكێشن و نەیەن، چونكە ئەوانە بوونەتە لانكەی تیرۆر و تا ئەو تیرۆریستانەمان رادەست نەكەن، ئێمە ئامادە نین قسە لەسەر بابەتی وەرگرتنی سوید و فینلەندا بكەین لە هاوپەیمانییەكەمان و ئەو هاوپەیمانییە شوێنی ئەوانەی تێدا نابێتەوە كە داڵدەی تیرۆر دەدەن».
دیارە لێرەدا ئەردۆغان مەبەستی لە تیرۆریست كوردە بە گشتی نەك پەكەكە، چونكە خۆیان ئەو راستییە باش دەزانن كە بێگومان ئەم وتارەی ئەردۆغان ئاڕاستەی ناوخۆی توركیا بوو، چونكە هەموو ئەو راستییە دەزانن كە لە یاساكانی سویددا لە دوای كوژرانی ئۆڵف پاڵمێ-ی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری سویدەوە، پەكەكە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، بەڵكو توركیا مەبەستی لەو كوردە سڤیلانەیە كە لەژێر هەڕەشە و گوڕەشەی دەزگا ئەمنییەكانی ئەو وڵاتەدا لە ساڵانی هەشتاكان و نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا ئاوارە و پەڕیوەی ئەوروپا بەگشتی و سوید و فینلەندا بەتایبەتی بوون، واتە قسەكانی ساین ئەردۆغان ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە رەنگە بەشێكیان لەگەڵ خودی خۆیدا لە زیندانەكانی سەردەمی كەنعان ئیڤرین و مەسعود یەڵماز و تانسۆ چیللەر و بوڵاند ئەجەویددا بوون و پێكەوە یەك سزایان چەشتووە. 
دیارە دەوڵەتی توركیا دەیەوێت زیرەكانە دەرفەتی جەنگی روسیا - ئۆكرانیا بقۆزێتەوە و بەشێك لە كێشە ناوخۆییەكانی پێ چارەسەر بكات لەوانەش:
1-گومانی نییە لەوەی سوید و فینلەندا لە مەسەلەیەكی لەو شێوەیە چارەنووسسازەدا بۆ ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان سازش بۆ توركیا بكەن و چەند كەسێكیان لەو ناوانە رادەست بكەن كە توركیا لە لیستی تیرۆردا پۆلێنبەندیی كردوون.
2- توركیا دەیەوێت بە جیهان بڵێت كە لە بەرامبەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ میسردا زۆربەی ئیخوانەكانی میسری لەسەر خاكەكەی بێدەنگ كردووە و كەناڵەكانیشی پێ داخستوون و ئامادەشە چەند كەسێكیان كە گومان و كەیسی تیرۆریان لەسەرە رادەستی قاهیرەیان بكاتەوە، كەواتە دەبێت وڵاتانیش لەگەڵ ئێمەدا وابكەن و بەرژەوەندیی ئێمەش لە پێش چاو بگرن.
3- توركیا پێیوایە كە جگە لە مەسەلەی كورد و تیرۆر، وڵاتانی ئەسكەندەناڤی و ئەوروپا بەگشتی، قەرزداری توركیان لەوەی تائێستا دەستی دەستی پێ دەكەن لە بوونە ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپادا، بۆیە بەرلەوەی داوای دەنگی لێبكەن بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ، دەبێت ئەو قەرزەی بدەنەوە.
4- لەپای ئەو گێچەڵانەی ناتۆ و وڵاتانی ئەوروپا بەگشتی لەسەر بابەتی كڕینی سیستمی بەرگریی مووشەكی (S400) پێیانكرد، توركیا دەیەوێت سازش بە هەموویان بكات تا لە بەرامبەر بێدەنگ بوونیان لەو مەسەلەیەدا، دەنگ بە بوونە ئەندامی سوید و فینلەندا بدات.
5 - توركیا دەیەوێت وڵاتانی ئەوروپا و ناتۆ بەگشتی لە لیستی ئەو وڵاتانە دەریبهێنن كە دەبێت بایكۆتی كاڵای روسیا بكات، چونكە دۆخی ئابووریی وڵاتەكەی بەرگەی ئەوە ناگرێت گەمارۆ بسەپێنێت بەسەر كاڵا و گەشتیاری روسیدا، بەوەش دەیەوێت بەرتیلێك بداتە مۆسكۆ، تا چاوپۆشی لە درۆن-ی بەیرەقدار بكات كە دەیدات بە ئۆكرانیا و لە جەنگەكەیدا لەگەڵ روسیادا بەكاری دەهێنێت و هەروەها تا لە بەرامبەردا مۆسكۆش چاوپۆشی لە داخستنی گەرووی دەردەنیل و بسفۆڕ بكات لە دەریای رەشدا لەبەردەم كەشتییە سەربازییەكانی روسیادا.
ئەگەر ئەو هەموو خواستەی توركیا لەلایەن ئەو وڵاتانەوە جێبەجێ بكرێت، پێدەچێت ئەو كاسەیەش تەنیا لەسەری كورددا بشكێنرێت و رۆڵی كورد لەو هاوكیشەیەدا تەنیا رازیكردنی توركیا بێت بۆ بوونە ئەندامی سوید و فینلەندا لە ناتۆ، لە بەرامبەر بوونە ئەندامی توركیا لە یەكێتیی ئەوروپادا.

#ناتۆ

بابەتە پەیوەندیدارەکان