وزە و ململانێ، وەهمی چارەسەر

08:52 - 2023-10-16
ئابووری
577 جار خوێندراوەتەوە
هێزی با یەکێکە لە سەرچاوەکان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا

ئا: ئەرسەلان حەسەن


 
شارەزایان و کەناڵەکانی راگەیاندن جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە کێبڕکێ رێگە لە زیادبوونی نرخی غاز و کارەبا دەگرێت. بەڵام زۆر جار کێبڕکێکان دەگۆڕێن بۆ ململانێیەکی توند. پێویستیی وزە، بەردەوام وڵاتانی خستۆتە دڵەڕاوکێوە و بۆ دابینکردنی خاکی وڵاتانی دیکەیان داگیر کردووە یان ناوچەیەکیان بە تەواوی لە دانیشتوان چۆڵکردوە. لە سەردەمی دیجیتاڵیدا، سەرانی خۆرئاوا هەوڵیان داوە ئەم کارە بەڵگەنەویستە بشارنەوە، بەڵام شەڕی ئۆکرانیا ئەم کارەیان بیر دەهێنێتەوە. ئەم شەڕە بارودۆخی وزەی شێواند، ئەورووپا، بە گوشاری ئەمریکا لە ناکاو بڕیاری نەکڕینی غازی لە مۆسکۆ دا. بەو شێوەیەش ئەورووپا بووە پارووی بازرگانانی غازی سروشتی شلی ئەمریکا و بەشێکی نوێ لە ململانێیەکی زۆر کۆنی نێوان ئەمریکا و روسیا. 
ئەڵمانیا ئاسایشی سوتەمەنی خۆی لە سەر بوونی غازی هەرزان هەڵچنیبوو. ئەم ستراتیجە ساڵی 2000 جێبەجێ کرا. ئەنجێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا بۆ راگرتنی بەرهەمهێنانی کارەبای ئەتۆمی لە ساڵی 2011دا ئاستی وابەستەیی بەرلینی بە مۆسکۆوە زیاد کرد، مێرکل لە بەرامبەر گوشاری ئەمریکا بۆ وازهێنان لە هێڵی غازی نۆرد ستریم2 داکۆکی دەکرد. بەڵام ساڵی 2022 سەرۆکی ئەمریکا لە بەردەم ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا جەختیکردەوە کە ئەگەر روسیا ئۆکرانیا داگیر بکات، ئیدی نۆرد ستریم2 بوونی نابێت. 

ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی
کۆتاییهێنان بە نەوت و پیسبوونی هەوا، ئەو ئومێدانەن کە ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی لە ئێمەدا دەیانوروژێنێت، بەڵام دەکرێت هەندێک لە راستییەکان بە خێرایی ئەم تینوتاوە دابمرکێننەوە، رەنگە جۆرێکی دیکە لە ململانێ بێتە ئاراوە، دەکرێت چین بە دەسەڵاتە قۆرخکارییەکەی لە بواری کانزای دەگمەندا بگۆڕێت بۆ پایتەختی پیشەسازی دروستکردنی ئۆتۆمۆبێل.  
کۆپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە تۆڕباینی با، بەنداوەکان، وزەی خۆر، گەرمی یان ئەتۆمی، لە هەموو وڵاتانی ئەفریقا گەشە بە بازاڕی وزە دەدەن و کێبڕکێیانە، نکۆڵی لە زەبەلاحییان ناکرێت، بەڵام هێشتا نزیکەی 650 ملیۆن لە دانیشتوانی ئەتریقا بێکارەبان.
تارمایی گەرمبوونی زەوی جیهانی تۆقاندووە. دەبێت چۆن لە کۆتی بەکارهێنانی سوتەمەنی بەردینی رزگاری بێت؟ کۆمپانیاکانی نەوت و بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل و سلیکۆن جەخت دەکەنەوە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا گازی زیانبەخش بەرهەم ناهێنن، گرفتەکە لێرەدایە، چارەسەرە پێشنیار کراوەکان ئەم بەرهەمهێنانە لە خاڵێکەوە دەگوازنەوە بۆ خاڵێکی دیکە یان زیانی، لە قازانجی زیاترە. لە چاوەڕوانی پراکتیک کردنی ئەم چارەسەرانە، کارەبای ئەتۆمی زیاتر بەهێز دەبێت و خەڵووزی بەردینیش بەرگری دەکات. 

هایدرۆجین وەک چارەسەر
حکومەتەکان بە دوای رێگایەکدا دەگەڕێن بۆ دەرچوون لە ژماردنەوەی پاشەکشەی کەش و هەوا، بە چڕییەکی زیاترەوە هایدرۆجین بە چارەسەر و سوتەمەنی خاوێنی داهاتوو دەناسێنن. هەر چەند ئەمە سوکترین غازە و سوودی زۆرە، بەڵام بەکارهێنانی لە ئاستێکی زۆر گرفتی هونەری و دارایی گەورەی لێ دەکەوێتەوە. 
هاوکات ئۆتۆمبێلی کارەبایی سوودەکانی بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی غازە زیانبەخشەکان زۆرە، بەڵام دەبێت بۆ دڵنیابوون لەم کارە لە خۆمان بپرسین: کارەبایەک کە سەرچاوەکەی وزەی پاتری بێت و توانای جووڵاندنی ئۆتۆمبێلێکی دوو تۆنی هەبێت، پێکهاتەی کانزاکانی چییە و بە راستی بۆ ژینگە سوودبەخشە؟ 
ئایا بە راستی دەبێت کۆتایی بە سوودوەرگرتن لە کارەبای ئەتۆمی بهێنرێت؟ ماوەیەکی زۆر، هیچ باس و ناکۆکی تیۆری لەمبارەیەوە لە ناو لایەنگرانی ژینگە لە خۆرئاوا نەبووە، بەڵام لەو کاتەوە کە گەرمبوونی کەش و هەوا و وشکەساڵی و ئاگر لە لوتکەی مەترسییەکاندان، دڵنیایی لە بابەتەکە نەما و لایەنگرانی بەکارهێنانی کارەبای ئەتۆمی لە کالیفۆرنیا کەوتنە ناڕەزایی دەربڕین دژی کۆتاییهێنان بە سوودوەرگرتن لە کارەبای ئەتۆمی. 
 
وزەی ئەتۆمی
ئەگەر ئامانجە راگەیەنراوەکان بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی غازی زیانبەخش بە جدی وەربگیرێت، دەبێت روو لە وزەی ئەتۆمی بکرێت. دوا فیلمی ئۆلیڤەر ستۆن بە ناوی کارەبای ئەتۆمی کە بەرهەمی ساڵی 2022وە، باس لەو کێشەیە دەکات و باسی کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکی دەکات، کە باڵادەستە بەسەر بازاڕی ئەتۆمی لە ئاستی جیهاندا. 
نوێنەرانی پیشەسازی و دنیای سیاسەت، بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی زیانبەخش بەو ئەنجامە گەیشتن کە چارەسەرکردن لە تەکنۆلۆجیادایە، بەڵام نوێگەری بە شێوەیەکی هەستیار کەڵەکەبوونی وزەی هەندێک چالاکی مرۆیی کەم دەکاتەوە و بەرژەوەندی ژینگە کاریگەری دیاردەیەکی ناسراوی لەسەرە کە ئابووریناسان بە باشی پێی ئاشنان. ئەم دیاردەیە کاریگەری گۆڕانکارییە.   
سوتەمەنی بایۆلۆجی (Agrocarburants)، وشەیەکی خۆشە کە بەڵێنی وزەیەکی پاک و نوێبۆوە دەدات. ئەم سوتەمەنییە کە مادە سەرەتاییەکانی گەنمەشامی، قامیشی شەکر، سۆیا و هتد بەکار دەهێنێت، لە ساڵی 2021دا نزیکەی %3.6ی سوتەمەنی گواستنەوەی دابینکردووە.   
  
سوتەمەنی سپی
فەرەنسا وەک لانکەی بەکارهێنەری (سوتەمەنی سپی)، حکومەت سوود لە ئابووری و گەشتیاری و ژینگەیی سەرچاوە کارۆ ئاوییەکان وەردەگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سەرکەوتنە دۆگماتیزە لیبراڵەکانی برۆکسل تووڕە دەکات. بڕیاری هەناردەکردن لە لایەن کۆمسیۆنی ئەوروپاوە دەربارەی بە تایبەتیکردنی بەڕێوەبردنی بەنداوەکان، رەخنەگرتن و دژایەتیکردنی زۆربەی کردەگەرایانی بە ریزپەڕی حکومەت، وروژاندووە.
قۆناغی هەنوکەی زەویناسی، ئەنترۆپۆسین (Anthropocene)، قۆناغێکە لە ژیانی زەوی کە مرۆڤ بەسەریدا زاڵبووە و بۆ پێشێلکردنی رێسا و هاوسەنگی بایۆلۆجی، کەش و هەوای ژینگەی گۆڕیووە، بەڵام لەم سەردەمەدا کێ بۆتە چاوساغی بە لاڕێدا بردنی هەسارەکەمان؟ هەموو مرۆڤەکان بێ جیاوازی یان کەمینەیەک لە تاکەکان، کە ئیرادەی خۆیان بە سەر زۆرینەدا دەسەپێنن؟  

پاشماوە ئۆرگانیکەکان
شەڕی ئۆکرانیا وابەستەیی ئەورووپا و فەڕەنسای بە هاوردەکردنی غاز توند کردووە. بەرهەمهێنانی غاز لە پاشماوە ئۆرگانیکەکان (mechanization)، کە کەمێک بە پەلە وەک چارەسەرێکی ژینگە بۆ دڵنیابوون لە خۆبژێووی لە بواری بەرهەم هێناندا ناسێندرا، بریتییە لە چەورکردنی پاشماوەی ئۆرگانیک، بەڵام کرداری ئەم رەوشە لەگەڵ بەڵێنەکانی، ئاسمان و رێسمانە. گەشەکردنی بەرفراوان بەم شێوەیەی ئێستا کاریگەری زیانبەخشی دەبێت، هەم لەسەر کشتوکاڵ و هەم ژینگە.  
یەکێک لە چارەسەرەکان کەمکردنەوەی پێداویستییەکانی تاک و پابەندبوون بە میانڕەوی بەکارهێنان و بەفیڕۆنەدانە، گواستنەوە و بەکارهێنانی سەرچاوەکان دۆزینەوەی بەدیل بۆ سەرچاوەی سوتەمەنی بەردینی بە سەرچاوەی نوێبۆوە یان ریسایکڵکراو. هێزە سیاسییە پێشەنگەکان بە بەستنەوەی راستەوخۆی گەشەسەندنی ئابووری و باشتر بوونی بارودۆخی ژیانی مرۆڤ، بۆ ماوەیەکی زۆر کاریگەریی کردەوەکانی مرۆڤیان لەسەر ژینگە پشتگوێخست. ئایا پێویستی بە پەلەی پاراستنی هەسارەکە بە مانای دەستبەردار بوونە لە سوودەکانی کۆمەڵگەی پیشەسازی؟ مەرج نییە، مەگەر هەندێک نەریتی بەکارهێنانەکان بگۆڕێت، کە زادەی کۆمەڵگای پیشەسازییە.

سەرچاوە: 
ir.mondediplo
.com

#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان