عوسمان محەمەد هەورامی نووسەرێکی دڵسۆزی ئەدەبی منداڵان

09:18 - 2023-10-16
کەلتور
759 جار خوێندراوەتەوە
رۆستەم خامۆش عوسمان محەمەد هەورامی

رۆستەم خامۆش 


مامۆستا عوسمان محەمەد هەورامی، شاعیر و نووسەر و زمانزانێکی لێهاتوو بوو، کەسێکی خەمخۆر و دڵسۆزی ئەدەبی منداڵانی کورد بوو، ناوێکی ناسراو و درەوشاوە بوو لە ئەدەبی کوردیدا، بە تایبەتی ئەدەبی منداڵان.
یەکەم بەرهەمی بۆ منداڵان، بەناوی (شاهۆ)، کە هۆنراوەی پەروەردەییە، ساڵی (1970) چاپ کردووە.
سەدان هۆنراوە و ئۆپەرێتی بۆ منداڵان نووسیوە و هەندێکیان کراون بە گۆرانی، بەشی هەرە زۆریشیان وەک نامیلکە و کتێب، چاپ کراون.
بەر لەوەی لە نزیکەوە یەکتر ببینین، ناوی بەڕێزیانیم بیست بوو کە وەک شاعیر و نووسەرێک چەندان ساڵە بە قەڵەمە بە پێزەکەی خزمەت بە ئەدەب و کەلتوری نەتەوەکەی خۆی دەکات، بە تایبەت وەک شاعیرێکی بواری منداڵان ناسراو بوو، بەڕاستی پسپۆڕ و شارەزا بوو لەو بوارەدا، لە ڕێی پەروەردە و فێرکردنیشدا جێ دەستی دیارە و سەدان کەس لەسەر دەستی ئەو تێگەیشتن و پێگەیشتن و بوون بە خاوەن بڕوانامە و پیشەی خۆیان، چونکە عوسمان محەمەد هەورامی، بۆ ماوەی (47) ساڵ مامۆستا بووە.

ژیاننامە
- عوسمان محەمەد هەورامی، له‌ ساڵی 1940 لە شارۆچكەی تەوێڵە لە دایكبووە.
- له‌ ساڵی 1947 لە قوتابخانەی تەوێڵە خراوەتە بەر خوێندن.
- له‌ ساڵی 1948 ماڵیان چووه‌ته‌ شاری سلێمانی.
- خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بەشی وێژەیی لە شاری سلێمانی تەواو كردووە.
- ساڵی 1958 لە قوتابخانەی تەوێڵەی سەرەتایی كوڕان مامۆستای كاتی بووە.
- ساڵی 1959 له‌ بەشی زمانی كوردی له‌ كۆلیژی ئاداب له‌ به‌غداد وه‌رگیراوه‌، بەڵام له‌به‌ر هەژاریی تەنها دوو مانگ خوێندویه‌تی و به‌ ناچاریی وازی لێهێناوه‌.
- ساڵی 1959 لە گوندی (چنارنە)ی سەر بە ناحیەی (بنگرد) كراوە بە مامۆستای كاتی.
- ساڵی 1960 بووه‌ به‌ مامۆستای هه‌میشه‌یی له‌ گوندی (شێنێ)ی سەر بە قەڵادزێ.
ماوه‌ی (14) ساڵ به‌رنامه‌ی (خه‌نده‌)ی ئامادە و پێشكه‌ش كردووه‌ له‌ ڕادیۆی ده‌نگی گه‌لی كوردستان.
- بۆ ماوه‌ی (47) ساڵ وه‌ک مامۆستایه‌كی دڵسۆز، خزمه‌تی به‌ منداڵان كردووه‌.
- یه‌كه‌م كه‌س بووه‌، كه‌ وشه‌ی (ئاماژه‌)ی له‌ نووسیندا به‌كارهێناوه‌.
- ساڵی‌ 2003 - 2006 وەک شارەزا لە خانەی‌ وەرگێڕان کاریکردووە.
- خاوەنی (18) بەرهەمی چاپ کراوە بۆ منداڵان.
چه‌ندان خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی پێبه‌خشراوه‌، له‌وانه‌:
- وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دووجار.
- بەڕێوەبەرێتی‌ پەروەردەی‌ سلێمانی‌.
- بنکەی‌ ڕووناكبیری گەلاوێژ.
- دووەمین فێستیڤاڵی‌ هەورامان.
- گۆڤاری گوڵه‌كان، لە چەمچەماڵ.
- گۆڤاری جگه‌رگۆشه‌كان، لە هەولێر.


چەند شیعرێکی بۆ ناردم
ساڵی (2020) خەریکی ئامادە کردنی نامیلکەی (ژینگەی کوردستان) بووم، داوام لە مامۆستا عوسمان محەمەد هەورامی کرد، دوو شیعری خۆیم بۆ بنێرێ، بەڵکو لەو نامیلکەیەدا بڵاوی بکەینەوە، دواتر بە خۆشحاڵیەوە چەند شیعرێکی بۆ ناردم و ئەو نامەیەشی لەگەڵ نووسی بوو:
(کاکە گیان، سڵاو. زۆر ڕاستە، گوتراوە، خاوەن ماڵ، لە هەموو کەسێ، چاکتر بە ماڵی خۆی دەزانێ. تۆ جێگەی متمانەی بەندەی. ئەگەر دوو هۆنراوە هەڵبژێردران با ئەو دووانەبن: (ژینگە) و (ژینگەپەروەر)، با دووانەکەی دی بمێنن بۆ چالاکیی تر.. تکایە، لە ئەنجام ئاگادارمکەرەوە. لەتەک ڕێزی زۆردا.) 
پاشان کە نامیلکەی (ژینگەی کوردستان) چاپ کرا، چەند دانەیەکم بۆ نارد، دوای بە دەست گەیشتنی، ئەو نامەیەی بۆ ناردم: (بەڕاستی، هەردەم دڵ و گوڵەکەی!
دیاریی زۆر گەش و ڕازاوەی جیهانە جوان و پاکژەکەی زارۆ ئازیزەکانم وەرگرت.. گەشامەوە و گەشامەوە! یەزدانی میهرەبان جوانترین پاداشتت بداتەوە.
ڕێز و دەستخۆشیم بۆ سەرجەم هەموو ئەو ئازیزانەی ئەم بەرهەمە ڕەنگین و سەنگینەیان هێناوەتە کایە. هەموان شاد و سەرفراز بن.)
 مامۆستا کۆمەڵێک دەقی ناسک و جوانی منداڵانەی پێشکەش بە زارۆیانی کوردستان کرد و بوونە یادگارییەکی شیرین بۆ هەموان. چەندان هۆنراوەی خۆی بۆ دەناردم، بۆ ئەوەی بیخوێننمەوە، یان لە ماڵپەڕەکان بۆی بڵاو بکەمەوە، بۆیە پێم خۆشە خوێنەرانی بەڕێز، بە یەکێ لە هۆنراوەکانی ئاشنا بن، بەناوی بەفر، کە بۆ منداڵانی نووسیوە:

(بەفر)
بەفرەگەشە باریوە
ڕێگاوبانی تەنیوە
وەکو دڵمان بێگەردە
جریوەی دەشت و هەردە
کاتێ بەفر ئەبارێ
خێروبێر دێتە خوارێ 
وەرنە مەیدان، دەسبەجێ
با هەلمان لەکیس نەچێ
یاریی بەفرە سپییە
ئازاردانی تیا نییە

لە ساڵی 2020، تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوو، دوای چەند رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە لە شاری سلێمانی، شاعیر و نووسه‌ر و زمانزانی ناسراوی كورد و خەمخۆر و دڵسۆزی ئەدەبی منداڵان، مامۆستا «عوسمان محه‌مه‌د هه‌ورامی» ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌، ڕێككه‌وتی  15/10/2020 له‌ شاری سلێمانی، كۆچی دوایی كرد.

چاوپێکەوتنێکی کورت
لەخوارەوە دەقی چاوپێکەوتنێکی کورتی مامۆستا کە یەک پرسیارمان ئاراستە کرد و بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە، پێکەوە دەخوێنینەوە.

+پێمان باشە ڕای بەڕێزتان بزانین سەبارەت بە شیعر و ئەدەبیاتی منداڵان، یان چۆن بۆ منداڵان بنووسرێ، یاخود چی باشە بۆ ئەوەی بیخەینە بەر چاوی منداڵانی کوردزمانمان، یان بەڕێزت چ پێشنیارێكت هه‌یه‌، یاخود هەر شتێکت پێباش بوو سەبارەت بە شیعر و ئەدەبیاتی منداڵان، پێمان خۆشه‌ ئاماژەی پێبکەیت؟
-لە چەندین نووسین و کۆڕ و دیداری ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنیدا، لە فێستیڤاڵی ئەدەب و زمانی کوردیدا لە زانکۆی سنە، بەهاری (2010)، هەروەها لەو میواندارییەی سەنتەری فرە زمان - لە سوید، پاشان لە نەرویچ، هاوینی ساڵی (2011) بۆم کرا، دواتر لە کۆڕێكدا لە یەکێتیی نووسەرانی كورد - لقی سلێمانی، هەروەها لە نووسینێکمدا لە گۆڤاری (نووسەری کورد)، یەکێتیی نووسەرانی كورد - لقی هەولێر، بە شێوەیەکی فراوان باسی نووسین بۆ منداڵ و ئامانجەکانیم باسکردوون و نووسەران کەڵکی چاکیان لەو بابەتانەم وەرگرتووە.
بەکورتی: دەبێ نووسەری جیهانە ڕەنگینەکەی منداڵان، زۆر باش و بەگوێرەی قۆناغەکانی تەمەنیان شارەزای دەروونناسیی و زمانیان بێ.
یەکەم: نووسینی بابەتەکان بە زمانێکـی ڕەوان و پاراو، کە یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکان بۆ گەشەپێدانی زمانەکەمان. بۆیە ناکرێ، بەتایبەتی لە نووسینی هۆنراوەدا، شوێنگۆڕکێ و پاش و پێش بە وشە بکرێ بۆ دروستکردنی سەروا.
 دووەم: تا دەتوانرێ، هەڵێنجانی بابەتەکان لە ژینگەی کۆمەڵ و جیهانە جوانەکەی خودی منداڵەوە بێ، جا بەرەبەرە هەنگاونان بۆ دەوروبەر و دوورتر.
سێیەم: بەگوێرەی قۆناخەکانی پەروەردەکردنی منداڵ، هۆنراوە (4، 6، 8) دێڕ پتر نەبێ، دەنا با بکرێتە ئۆپەرێت.
چوارەم: ناکرێ وشەی ڕەق و زبر و تەنزئامێز بەکار بهێنرێ، بۆ نموونە لە جیاتیی (هاروهاج)، بگوترێ (بزێو)، (تەمەڵ)، بگوترێ (دواکەوتوو).
پێنجەم: هاندان و سەرپەرشتیکردنی جگەرگۆشەکان بۆ خوێندنەوەی بابەتی چاک و نووسینی جوان.
شەشەم: دایەنگە و باخچە و قوتابخانە، گونجاوترین ژێدەر و زەمینەی لەبار و ڕەخساون بۆ نووسەری بواری پەروەردەی دروست و بەجێ.
دەتوانرێ بگوترێ، گەر نووسەر، یان هۆزانڤان مامۆستابێ، ڕۆژانە لەتەک منداڵدایە و زۆر چاکتر ئامانج و ئەنجام ئەپێکێ.
حەوتەم: ئەرکی نووسەرانی ئەم بوارە زۆر بەرین و فراوانە، ڕۆژانە ئاگاداری گۆڕانکارییە پەروەردەییەکانی ناوەوە و ده‌رەوەی وڵات بن و کەڵکیان لێوەربگرن.
هەشتەم: پێویستە بگوترێ، گۆڤار و بڵاوکراوە تایبەتەکان بە ئەدەبی منداڵ، یەکەمین بەرپرسن لە بڵاوکردنەوه‌ی نووسینی زۆر و بۆر و کرچوکاڵ.
نۆیەم: ئەرکی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و ڕۆشنبیرییە، بەسەرپەرشتیی شارەزا ئەزمووندار و ناودارەکان، مانگانە، بە تیراژی چوار، پێنج هەزار دانە، چەند گۆڤارێکی وابەستە بە پەروەردە و ئەدەبی منداڵ بخەنە بەر دیدە گەشەکانی زارۆی کورد و هەمیشە پەرەیان پێبدرێ. بە هەر بیانوویەکیش بێ، نابێ ڕاگیرێن، وەک لە ساڵی (2011)دا، دوور لەگشت بنەمایەک و بەرپرسییەتیی پەروەردەیی، بەرانبەر بە گۆڤاری (هەنگ)ی ئازیز کرا.
دەیەم: خوازیارم بانگەوازی دڵسۆزان بخرێتە بەردەم بەرپرسانی باڵا و کاری بۆ بکرێ.

بابەتە پەیوەندیدارەکان