سەید مەحمود موکری

كاریكاتێرستی كەسایەتییەكان

10:06 - 2022-05-21
کەلتور
216 جار خوێندراوەتەوە


به‌ختیار سه‌عید

كاتێك خەون و خەمەكان پێكەوە دەبنە مەرامی ئینسان كە چۆن بتوانێت وێنایان بكات ئەوە زۆرترین كاتەكان و زۆرترین شێوازەكان دەدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت بەیان بكرێت و بەشێوەیەكی فراوان ئاشنابكرێت ئەمە لەلایەک، لە لایەكی تر رێزی لێ بنرێت، دیارە هەموو ئەوانە لەپاڵ بوونی كێشە جیاوازەكان و كردنەوەیان بە بابەتی كاریكاتێر، ئەوە كاتەكان بۆ پشووی رۆژنامەو زیندەگی نامێنێتەوە، بەڵام شانازییەكی بێ وێنە لە ئێخەت دەدرێت.
ئەو پێناسانەی سەرەوە هەمووی بۆ یەكێك لە كاریكاتێرستەكانی شاری مهابادە كە (سەید مەحمود سەید قادری موکری) ناسراو بە (سەید مەحمود موكری) یە ئەم هونەرمەندە بەشێوەیەکی خۆڕسك توانیوێتی ببێتە ئەندامی رێكخراوە هونەرییەكانی شارەكەی و تەنانەت ئێران و بەرهەمەكانی لە دیارترین پیشانگەکانی وڵاتەكانی ئەوروپا بە شانازییەوە پێشوازی لێدەكرێت
سەید مەحمود موكری لەرێگەی دیداری كارتۆنی نێودەوڵەتی كوردەوە ئاشنایەتی لەگەڵ كاریكاتێرستانی باشوری كوردستان پەیداكردووە و بەردەوامیش لە هەموو چالاكییەكانی تری ناوەندی 7 رەنگە بەشداری بەرچاوی هەبووە، ئەو نەهاتووە تەنها بە كاریكاتێرەكانی بیەوێت خزمەتەكانی پێشكەش بكات، بەڵكو بەكردنەوەی وۆرك شۆپ و چاپكردنی كتێبی جۆراوجۆر لەناونیشان تایبەت بە هونەری كاریكاتێر چاپ و بڵاوكردۆتەوە، هەموو ئەوانە كەسایەتییەكی هونەریی درووستكردووە كە دەكرێت وەكو یەكێك لە شانازییەكانی هونەری كاریكاتێر لە رۆژهەڵاتی كوردستان و شاری مهابادی خۆشەویست ناوی بهێنرێت.
هونەرمەند بە شێواز و تەكنیكی لە کارکردندا و وایکردووە كارەكانی بەبێ ناو بناسرێنەوە و ئەوە هۆكارەكەیە كە ستایلەكەی بۆتە ستایلێكی دیاری ناو هونەری كاریكاتێری كوردی، هەربۆیە یەكێك لە هەنگاوە گرنگەكانی هونەرمەند بتوانێت لە ئاست و پڕ بەخشینە هونەرییەکەیدا بتوانێت كارەكانی ببێتە یەكێك لە ناسنامەكانی نێو ئەو بوارەی كە ئەو كاری تێدا دەكات و بە خۆشەویستی و تایبەتەوە ناوی بهێنرێت، هەرچەندە كە سەرنج بدەینە كارەكانی كەسێتی ژن بوونیان زۆرە و بەردەوام ئەو وەكو قوربانییەكی ناو داب و نەریتە كۆمەڵایەتییەكان دەخاتەڕوو كە چەندە بیرە دواكەوتووەكان لەدژی ئەوان بووە و ئەمیش بەشێوەیەكی هونەریانەی جوان نیشانیان دەدا، لەهەمانكاتدا فۆلكلۆر یەكێكی ترە لەو خەونانەی دەیەوێت لە رێگەی ئەم هونەرەوە بە زیندوێتی بیهێڵێتەوە و بەشێك لە بەرهەمە كاریكاتێرییەكانی پەیوەستە بەم بوارە گرنگەی ناو كۆمەڵگەی كوردی.

 

بایۆگرافی سەید مەحمود موكری

- لەشاری مهاباد لەدایكبووە.
- پلەی دووهەم لە شێوازی سیاقەڵم، لە نێوەندی لاوانی سەراسەری ئێران لە شاری شاهرودی سەر بە پارێزگای سێمنان.
- پلەی دووهەم لە شێوەکاری بە شێوازی رەنگی زەیتی، لە نێوەندی لاوانی سەراسەری ئێران، لە شاری تەورێزی سەربە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا.
- پلەی دووهەمی لاوان لە شاری ئۆلێنسی وڵاتی بێلژیک، لەبواری کاریکاتۆردا.
- پلەی یەکەمی کاریکاتۆری لە رۆژئاوای ئێران، لە شاری بۆکان.
- جار سازدانی پیشانگەی تاکەکەسی لە بۆنە جۆراوجۆرەکاندا لە شارەكانی ( بۆکان، ورمێ، مەهاباد، پیرانشار، سەردەشت، شنۆ،  سنە)
- خاوەنی 3 چاپكراوە سەبارەت بە پەندی پێشینانی کوردی لە روانگەی کاریکاتۆرەوە و هەروەها فەلەستین و سەرەڕۆیی جیهانی.
- خاوەنی پەیکەری شەهیدانی هەڵەبجە، قەوارە بێتۆنی - ئاسن بە قورسایی 8 تۆن، دامەزراو لە مەیدانی هەڵەبجەی شاری شنۆ. گشت کاری دیزاین و دروستکردن و دامەزراندنی لەلایەن هونەرمەندەوە بەڕێوە چووە.
- بەشداری پیشانگەی كردووە لە  وڵاتانی (ژاپۆن، بەرازیل، بەلجیكا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، تورکیا، ئەمریکا).
- خاوەن فێرگەی دیزاین و شێوەکاریی موکری لە شاری مەهاباد.
- ئەندامی کۆڕی هونەریی پەیكەرسازی (خەیاڵی) ئێران لە بەشی کاریکاتۆردا و هەروەها ئەندامی کۆڕی هونەریی پەیكەرسازییەكانی شاری مەهاباد.
- ئەندامی سندوقی هونەرمەندانی ئێرانە.
- هەروەها خاوەنی 800 پۆرترێتی كەسایەتییەكانی کوردستانە.


بابەتە پەیوەندیدارەکان