یه‌كه‌م تۆربایین دروستكرا

له‌ وزه‌ی با و خۆریش كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنێت

10:09 - 2023-10-17
ئابووری
569 جار خوێندراوەتەوە

ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید


كۆمپانیای سۆلیۆلیكۆ (Soleolico)ی ئیتالی یه‌كه‌م تۆربایینی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای دروستكرد، كه‌ له‌ توانایدا هه‌یه‌ له‌ وزه‌ی با و تیشكی خۆریش كاره‌با به‌رهه‌م بهێنێت، ئه‌م داهێنانه‌ش به‌ نوێترین ده‌ستكه‌وتی بواری وازهێنانی له‌ سوته‌مه‌نی باوی ژینگه‌پیسكه‌ر و په‌نابردن بۆ وزه‌ی نوێبۆوه‌ داده‌نرێت.
به‌ پێی راپۆرتێكی ماڵپه‌ڕی دیزاین بووم (design boom)، بایه‌خی ئه‌م داهێنانه‌ له‌وه‌دا، ئه‌و تۆربایینانه‌ی تا ئێستا دروستكراون، ته‌نیا ده‌توانن له‌ یه‌ك سه‌رچاوه‌وه‌ وزه‌ وه‌رگرن، ئه‌ویش سه‌رچاوه‌ی با، یان خۆر، یان جووڵه‌ی شه‌پۆلی ده‌ریا، یان گه‌رمای ژێر زه‌وی، به‌ڵام ئه‌م تۆربایینه‌ تازه‌یه‌، په‌روانه‌كانی له‌گه‌ڵ وزه‌ی بادا ده‌ستووڕێت و وزه‌ی با وه‌رده‌گرێت، له‌ هه‌مان كاتدا په‌روانه‌كانی پلێتی سۆلاریان پیوه‌یه‌ و وزه‌ی تیشكی خۆریش وه‌رده‌گرێت.

سیستمی موگناتیسی
گرنگییه‌كی دیكه‌ی ئه‌م تۆربایینه‌ ئه‌وه‌یه‌، له‌ رۆژدا له‌ دوو سه‌رچاوه‌وه‌ وزه‌ وه‌رده‌گرێت و كاره‌بای لێ دروست ده‌كات، به‌ شه‌ویش كاتێك وزه‌ی خۆر نامێنێت، ئه‌و به‌هۆی وزه‌ی باوه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با، واته‌ كاره‌بای به‌رده‌وامی ده‌بێت، به‌ پێچه‌وانه‌ی تۆربایینه‌كانی پێشتوو، كه‌ له‌گه‌ڵ نه‌مانی سه‌رچاوه‌ی وزه‌كه‌دا كاره‌باكه‌ی ده‌بڕا.
كۆمپانیای سۆلیۆلیكۆ له‌باره‌ی داهێنانه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ: دروستكردنی ئه‌م جۆره‌ تۆربایینه‌ كه‌ به‌هۆی سیستمێكی موگناتیسییه‌وه‌ خۆی ئاراسته‌ی با ده‌دۆزێته‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتیشدا په‌روانه‌كان پلێتی سۆلاریان پێوه‌یه‌ بۆ وه‌رگترنی وزه‌ی خۆر 10 ساڵ توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر كراوه‌ و نزیكه‌ی 30 نموونه‌ی لێ دروستكراوه‌ تا له‌ كۆتاییدا ئه‌م نموونه‌یه‌ی لێده‌رچووه‌.

ژینگه‌ خاوێن ده‌كاته‌وه‌
سه‌رباری ئه‌وه‌ی تۆربایینه‌كه‌ توانای دوولایه‌نه‌ی له‌ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بادا هه‌یه‌، رووكاری ده‌ره‌وه‌ی تۆربایینه‌كه‌ش به‌ ته‌كنیكێكی تایبه‌ت ره‌نگ كراوه‌، كه‌ له‌ توانایدا هه‌یه‌ غازه‌ زیانبه‌خشه‌كان هه‌ڵبمژێت و بییانگۆڕێت بۆ هه‌وایه‌كی خاوێنی بێخه‌وش، بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م ته‌كنیكه‌ش له‌ بۆیه‌كردنی رووكاره‌كه‌یدا سوود له‌ پرنته‌ری سێ ره‌هه‌ندی وه‌رگیراوه‌، ئه‌و ماده‌یه‌ش كه‌ رووكاره‌كه‌ی پێ داپۆشراوه‌ له‌ دووره‌وه‌ زیاتر له‌ قه‌وزه‌ و قه‌دی دارو دره‌خت ده‌چێت.
یه‌كه‌م جار كه‌ تۆربایینه‌كه‌ دروستكرا، له‌به‌رده‌می كۆشكی مه‌گده‌لینا دانرا و تا نۆی مانگی تشرینی یه‌كه‌میش هه‌ر له‌وێ بوو، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بیبینن و پێی ئاشنابن.
كۆمپانیای سۆلیۆلیكۆ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، ئه‌م تۆربایینه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ هاوڕێی ژینگه‌یه‌ و كاره‌بای به‌رده‌وام دابین ده‌كات، به‌ رێژه‌ی %25 به‌رهه‌می كاره‌باكه‌ی زیاتره‌ له‌و تۆربایینانه‌ی كه‌ به‌ ته‌نیا له‌ هێزی با كاره‌با دروست ده‌كه‌ن.

هاوڕێی باڵنده‌

سۆلیۆلیكۆ ئه‌م تۆربایینه‌ی ناوناوه‌ چارۆكه‌، واته‌ چارۆكه‌ی كه‌شتی تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌شی هه‌یه‌ كه‌ له‌ تۆربایینه‌ باوه‌كان جیای ده‌كاته‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌نگ و ژاوه‌ژاوی نییه‌ و له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌سه‌رخۆ ده‌سووڕێته‌وه‌، به‌ هاوڕێی باڵنده‌ش ناسراوه‌، چونكه‌ باڵنده‌كانی به‌ ئاسانی ده‌توانن له‌سه‌ر لوتكه‌كه‌ی بنیشنه‌وه‌، بێئه‌وه‌ی هیچ مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر ژیانیان دروست ببێت.
هه‌رچه‌نده‌ كۆمپانیای سۆلیۆلیكۆ تا ئێستا ئه‌وه‌ی ئاشكرا نه‌كردووه‌، تۆربایینه‌ تازه‌كه‌ی به‌ كۆ ده‌خاته‌ بازاڕه‌وه‌ یان نا، به‌ڵام هه‌ر كاتێك بخرێته‌ بازاڕه‌وه‌، گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ له‌ بواری به‌كارهێنانی وزه‌ی نوێبۆوه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بادا دێنێته‌ ئاراوه‌، چونكه‌ تا ئێستاش هه‌نگاونان بۆ به‌ركاهێنانی تۆربایینی تایبه‌ت به‌ وه‌رگرتنی وزه‌ی باو به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با، وه‌ك پێویست له‌بره‌ودا نه‌بوو، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌ بوو، كاره‌بای به‌رده‌وامی نه‌بوو، ئه‌و كاته‌ی با هه‌بێت، كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنێت و له‌ كاتی نه‌مانی بادا كاره‌با نادات، بۆ سۆلاریش كه‌ تیشكی خۆر ده‌كاته‌ كاره‌با به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌، له‌ شه‌ودا یان ئه‌و كاته‌ی هه‌ورێكی ره‌ش به‌ری خۆر ده‌گرێت، توانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای نییه‌.

سه‌رچاوه‌: attaqa.net


#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان