و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
خه‌ڵكی وڵاته هه‌ژاره‌كان له بارودۆخێكی زۆر خراپ‌دا ده‌ژین و وڵاتانیش دیكه‌ش جیهانیش خۆیان له بابه‌ته‌كه گیل ده‌كه‌ن، ئه‌م پشتگوێخستنه هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه، ئه‌و وڵاتانه‌ی داهاتیان كه‌مه گرنگی و كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆیان نییه بۆ سه‌ر چاره‌نووسی جیهان، به تایبه‌تیش له مه‌ودای درێژدا، ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی تێكڕای به‌رهه‌می ناخۆیی گشتی ئه‌و وڵاته كه‌مده‌رامه‌دانه كه ژماره‌یان 28 ده‌وڵه‌ته نزیكه‌ی 500 ملیار دۆلاره، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌ین له‌گه‌ڵ تێكڕای به‌رهه‌می ناوخۆیی گشتی ئابووری جیهاندا دڵۆپێكه له ده‌ریایه‌ك، چونكه تێكڕای به‌رهه‌می ناوخۆیی گشتی جیهان 100 تریلیۆن دۆلاره. جگه له‌وه‌ش وڵاته هه‌ژاره‌كان نابنه بازاڕی ساغكردنه‌وه‌ی كاڵا و شمه‌كی وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، له‌به‌رئه‌وه‌ی میانجینی داهاتی ساڵانه‌ی تاك له‌و وڵاته هه‌ژارانه‌دا به ئاسته‌م هه‌زار دۆلار تێده‌په‌ڕێنێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ش پشێوی و نائارامی سیاسی به‌شێك له‌و وڵاته هه‌ژارانه هێنده‌ی دیكه دۆخه‌كه‌ی خراپ كردووه.
سه‌رقاڵی جه‌نگن
700 ملیۆن كه‌س له‌م وڵاته هه‌ژارانه‌دا ده‌ژین، نزیكه‌ی نیوه‌یان له‌په‌ڕی هه‌ژاریدا ده‌ژین، ئه‌وان له‌مێژه به پشتگوێخستن له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كانیانه‌وه راهاتوون، چونكه حكومه‌ته‌كانی خۆشیان سه‌رقاڵن به كاروباری دیكه‌وه، وه‌ك جه‌نگ، چونكه زۆربه‌ی حكومه‌تانی ئه‌و وڵاته هه‌ژارانه ئه‌و بڕه پاره‌یه له جه‌نگ و به‌رگریدا خه‌رجی ده‌كه‌ن به رێژه‌ی %50 له‌و بڕه پاره‌یه زیاتره كه له كه‌رتی ته‌ندروستیدا خه‌رجی ده‌كه‌ن، نزیكه‌ی نیوه‌ی بودجه‌ی گشتیشیان بۆ خه‌رجی گشتی و دانه‌وه‌ی قه‌رز و زیاده‌ی قه‌رز خه‌رج ده‌كرێت، له‌و وڵاته هه‌ژارانه‌دا ته‌نیا %3ی خه‌رجی حكومه‌ت بۆ پشتیوانیكردن له هاووڵاتیانی كه‌مده‌رامه‌د ته‌رخان ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش زۆر كه‌متره له‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه له وڵاته گه‌شه‌نده‌كاندا بۆ هه‌مان مه‌به‌ست ته‌رخان ده‌كرێت، له‌به‌ر ئه‌م خۆكارانه كاره‌ساتی مرۆیی له‌م وڵاتانه‌دا شتێكی سه‌یر نییه و چاوه‌ڕوانكراوه.
ئاماژه‌كان ترسناكن
به‌راورد به ساڵی 2000 ئاماژه‌پێده‌ره‌كانی گه‌شه‌ی مرۆیی له‌و وڵاته هه‌ژارانه‌دا زۆر دابه‌زیوه، بۆ نموونه له‌و وڵاتانه‌دا رێژه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی به‌سه‌ر منداڵه‌وه ده‌مرن %25 زیادیكردووه، رێژه‌ی ئه‌وانه‌ش كه كاره‌بایان پێده‌گات، جاران %52 بووه، ئێستا كه‌مبۆته‌وه بۆ %40، میانجینی ته‌مه‌نی مرۆڤیش 62 ساڵ تێناپه‌ڕێنێت، كه ئه‌مه نزمترین میانجینی ته‌مه‌نه له‌سه‌ر ئاستی جیهان، له هه‌موو خراپتر ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ری گه‌یشتنی یارمه‌تی له‌لایه‌ن وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانه‌وه بۆ ئه‌م وڵاتانه زۆر كه‌مه، چونكه تا ئێستا هیچ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی له‌م جۆره له ئارادا نییه.
هۆكاری كه‌مبوونه‌وه‌ی یارمه‌تی وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ئه‌وه‌یه، كه ئه‌وان ماوه‌یه‌كه زیاتر سه‌رقاڵی یارمه‌تیدانی لێشاوی په‌نابه‌رانن، ئه‌م دۆخه یه‌ك له‌دوای یه‌كانه وایان كردووه، ئه‌گه‌ری هه‌ستانه‌وه‌ی ئابووری وڵاته هه‌ژاره‌كان زۆر كه‌م بێت، له نوێترین لێكۆڵینه‌وه‌ی ئابووریدا ده‌ركه‌وتووه كه بۆ ساڵی 2024 گه‌شه و زیادبوونی داهاتی ئه‌و وڵاتانه له رێژه‌ی %13 تێناپه‌ڕێت.
له قازانجی خۆیانه
ساڵانی 2011 تا 2015 یارمه‌تی ده‌ره‌كی نزیكه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر سێی داهاتی وڵاته هه‌ژاره‌كانی پێكده‌هێنا، به‌ڵام ئێستا كه‌مبۆته‌وه و ناگاته یه‌ك له‌سه‌ر پێنجیش، ئه‌مه‌ش حكومه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌ی ناچار كردووه په‌نا ببه‌ن بۆ قه‌رز و قه‌رزه‌كانیشیان رۆژ به رۆژ كه‌ڵه‌كه ده‌بێت، به جۆرێك رێژه‌ی قه‌رزی گشتی ئه‌و حكومه‌تانه به‌رامبه‌ر به به‌رهه‌می ناوخۆی گشتییان گه‌یشتۆته %67، له كاتێكدا ئه‌و رێژه‌یه له ساڵی 2011یش %36 بووه، ئێستا 14 ده‌وڵه‌ت له‌و وڵاته كه‌مده‌رامه‌دانه كه‌وتوونه‌ته ژێر باری قورسی قه‌رزه‌وه له مه‌ترسیدان.
له كۆبوونه‌وه‌ی 2023ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا كه له نیویۆرك به‌ڕێوه‌چوو، باس له گه‌شه‌ی به‌رده‌وامی ئابووری كرا له‌سه‌ر ئاستی جیهان، به‌ڵام كاردانه‌وه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان نه‌بوو به‌رامبه‌ر ئه‌و وڵاته هه‌ژارانه، له كاتێكدا نابێ ئامانجه‌كانی گه‌شه‌ی به‌رده‌وام له‌بیر بكه‌ن، ته‌نانه‌ت به هۆكاری سه‌رقاڵبوونیشیان به لێشاوی په‌نابه‌رانه‌وه، جگه له‌وه‌ش ده‌بێ وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان هه‌وڵ بده‌ن سه‌رچاوه و هۆكاری ئاواره‌بوون زۆربوونی په‌نابه‌ر چاره‌سه‌ر بكه‌ن، كه هۆكار و سه‌رچاوه‌ی به‌شێكی زۆری په‌نابه‌ران دیارده‌ی هه‌ژارییه.
زیادكردنی یارمه‌تییه‌كان
پێویسته ستراتیجێكی نوێ دابڕێژن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ژاری، ده‌بێ پاره‌ی زیاتر و پشتیوانه‌ی دارایی زیاتر بخرێته به‌رده‌ستی بانكه‌كانیان تا به هانای وڵاته هه‌ژاره‌كانه‌وه بچن، له راستیدا زیادكردنی پاره‌ی ته‌رخانكراو بۆ یارمه‌تیدانی وڵاته هه‌ژاره‌كان ته‌نیا ئه‌ركێكی ئاكاریی نییه بۆ رێگرتن له روودانی كاره‌ساتێكی مرۆیی، به‌ڵكو قازانجی خودی ئه‌و وڵاتانه‌شی تێدایه كه له توانایاندا هه‌یه و به‌شداری له یارمه‌تدانی وڵاته هه‌ژاره‌كاندا ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌وان به‌رده‌وام له ژێر گوشاری لێشاوی په‌نابه‌راندان و هه‌وڵی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه ده‌ده‌ن، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر یارمه‌تی وڵاته هه‌ژاره‌كان بده‌ن، لێشاوی په‌نابه‌رانیش كه‌مده‌بێته‌وه.
پێویسته وڵاتانی ده‌وڵه‌مه‌ند و ناوه‌ند و دامه‌زراوه داراییه جیهانییه‌كان به په‌له له سێ لاوه بكه‌ونه خۆ، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه، كه ده‌بێ بڕی پاره‌ی ته‌رخانكراو بۆ یارمه‌تدیانی وڵاته هه‌ژاره‌كان زیاد بكه‌ن و یارمه‌تییه‌كانیشیان زیاتر به ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ری هۆكاره‌كانی هه‌ژاری بێت، كه یه‌كێك له‌وانه گۆڕانی كه‌ش و هه‌وایه، له‌گه‌ڵ پوكانه‌وه‌ی ئابووری و هه‌ندێك جاریش بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تا و نه‌خۆشی. زیادكردنی بڕی یارمه‌تییه‌كان ده‌بێ كه‌رته‌كانی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده و ژێرخانی ئابووری بگرێته‌وه، ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی به‌هێزبوونی ئه‌و وڵاته هه‌ژاره باشتر به‌رگه‌ی كاره‌ساته‌كان ده‌گرێت.
نادڵنیایی وڵاته هه‌ژاره‌كان
هه‌نگاوی دووه‌م، ده‌بێ په‌له بكرێت له پێداچوونه‌وه و رێكخستنه‌وه‌ی هه‌یكه‌لی قه‌رزه‌كانی سه‌ر وڵاته هه‌ژاره‌كاندا، چونكه یه‌كێك له بارگرانییه هه‌ره قورسه‌كان له‌سه‌ر ئابووری ئه‌و وڵاته هه‌ژارانه، كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌رزی گشتییه. به‌ڵام هه‌ر جۆره‌ی دواكه‌وتنێك، یان خاوه‌خاوكردنێك زیان به پڕۆسه‌كه ده‌گه‌یه‌نێت، بۆ نموونه رێكخستنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی سه‌ر زامبیا سێ مانگه رێكه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه، به‌ڵام تا ئێستاش جێبه‌جێ نه‌كراوه، ئه‌مه ده‌بێت هۆی ئه‌وه‌ی وڵاته هه‌ژاره‌كان دڵنیا نه‌بن له هاوكاری و سارد و سڕ بن له دواكاریی بۆ یارمه‌تیدانیان.
ئاسۆیه‌كی روون
هه‌نگاوی سێیه‌م، په‌یوه‌ندی به ئه‌جێندای چاكسازییه‌وه هه‌یه، ئه‌ویش له رێگه‌ی ته‌واوكردن و جێبه‌جێكردنی ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه جیهانییانه‌ی پێشتر خراونه‌ته روو، چاكسازییه‌كان په‌یوه‌ندییان به گرتنه‌به‌ری هه‌ندێك رێوشوێنی ناوخۆییه‌وه هه‌یه له وڵاته هه‌ژاره‌كان، وه‌ك فراوانكردنی دامه‌زراوه داراییه‌كان و گه‌شه‌پێدانی توانای مرۆیی و هاندانی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاتانه بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی پڕۆژه‌كان و رێكخستن و ئاراسته‌كردنی شێوازی خه‌رجی گشتی قه‌رزی گشتی له‌و وڵاتانه‌دا به شێوه‌یه‌ك، كه كاراتر بێت، له‌گه‌ڵ دابینكردنی توانای ته‌كنۆلۆجی و دیجیتاڵی، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌توانن ئاسۆیه‌كی روون بۆ گه‌شه‌ی ئابووری ئه‌و وڵاتانه بڕه‌خسێنن، له مه‌ودایه‌كی دووردا.
سه‌رچاوه: بروجیكت سندیكیت