بازنەی كەرامەت- بەشی سێهەم

مامەڵە لەگەڵ شەیتاندا

10:29 - 2023-10-19
ئابووری
345 جار خوێندراوەتەوە

رۆڵف دۆبێڵێ

لە فارسییەوە: محەمەد كەریم

(28)


زنجیرە چیای ئەڵب هەمیشە وەكو كۆسپێك وابووە لە نێوان وڵاتانی باكوور و باشووری ئەوروپادا، چەندان سەدە هاتوچۆی خەڵك و شمەكی قورس كردووە و تەقریبەن كردوویەتی بە مەحاڵ. هەڵبەتە كەسانێكی سەركەش هەبوون كە هەوڵیان داوە بە زنجیرە چیای ئەڵبدا تێپەڕن. تەقریبەن ئاسانترین رێگا  رێگای گۆتهارت
(Gotthard Pass) بوو كە بە ناوەڕاستی زنجیرە چیای ئەڵبدا لە نێوان هەردوو كانتۆنی (ئۆری و تیچینۆ)ی سویسرادا تێدەپەڕی. بە هەرحاڵ تێپەڕبوون بەم رێگایەدا ئەوەندە ئاسان نەبوو، دۆڵێكی قووڵ لەناو رێگاكەدا بوو كە تێپەڕبوونی دەكرد بە مەحاڵ. لە سەدەی سیانزەدا بڕیار درا لەو شوێنەدا پردێك دروست بكرێت.

مەرجەكەی شەیتان
خەڵكی ناوچەكە هەوڵێكی زۆریان دا بەڵام لە دروستكردنی پردەكەدا سەركەوتوو نەبوون و هیچیان پێ نەكرا، تا سەرەنجام سەرۆكی یەكێك لە ئەنجومەنە ناوخۆییەكان بە ناوی لاندمان (Landmann) نائومێد بوو وتی: «كەواتە لێگەڕێن شەیتان لێرەدا پرد دروست بكات.»
سەرەنجام شەیتان گەیشت و چەند پێشنیازێكی دانێ. رازی بوو لەسەر دروستكردنی پردەكە، بەڵام مەرجێكی بۆ ئیشەكە دانا. مەرجەكەی ئەوەبوو رۆحی یەكەم كەس كە بەسەر پردەكەدا تێپەڕ دەبێت بۆ ئەو بێت. خەڵكی ناوچەكە پێشنیازەكەیان قبووڵ كرد و پلانێكیان بە خەیاڵدا هات. پلانەكە ئەوەبوو دوای دروستكردنی پردەكە لەلایەن شەیتانەوە، بزنێك بەسەر پردەكەدا بەرن. ئەم ئیشەیان شەیتانی تووڕەكرد و بووە هۆی ئەوەی بڕیار بدات پردەكە بڕوخێنێت، بەڵام لەناكاو دەنگێك لە پشتی شاخەكەوە هات كە تەركیزی شەیتانی نەهێشت و بووە هۆی ئەوەی ئەو بەردەی بۆ روخاندنی پردەكە هاویشتبووی بەر پردەكە نەكەوێت. پیرەژنێك خەریكی سوینی خاچێك بوو بە یەكێك لە بەردەكانی شاخەكەدا. ئێستاش دەتوانیت ئەو بەردە ببینی كە شەیتان بۆ روخاندنی پردەكە هاویشتویەتی، بەردەكە لە قەراغی یەكێك لە شاڕێكانە كە بەوێدا تێپەڕ دەبێت و هێشتا بە بەردی شەیتان ناودەبرێت.

دوریان گرای خۆی دەکوژێت
خەڵكی ناوچەی ئۆری رۆحیان بە شەیتان فرۆشت، بەڵام خۆشبەختانە بە جووڵەیەك كە پیرەژنەكە كردی توانیان بەبێ هیچ دەردەسەرییەك لەو تەڵەزگەیە رابكەن و رزگار بن. 
چیرۆكی لەم شێوەیە لە هەموو وڵاتان و كەلتورە جیاوازەكاندا بەرچاو دەكەوێت. هەڵبەتە هەندێك لەم چیرۆكانە وەكو چیرۆكی بەردی شەیتان بەبێ خوێنڕشتن كۆتایی نەهاتووە، وەكو چیرۆكی رۆمانی» وێنەی دوریان گرای» (Dorian Gray) ئۆسكار وایڵد 
(Oscar Wilde). لەم رۆمانەدا دۆریان گرای لە بەرامبەر گەنجی و جوانیی هەمیشەییدا رۆحی دەخاتە خزمەتی شەیتانەوە. لە ژوورەكەی دۆریان گرایدا پۆرترێتێكی خۆی بە دیواردا هەڵواسراوە كە لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا دەڕزێ و شڕ دەبێت. دۆریان گرای بە بینینی ئەوەی پۆرترێتەكەی رۆژ بە رۆژ دەڕزێ شێت دەبێت و لە ناوی دەبات و لە كۆتاییدا خۆی دەكوژێت.
هەروەها ئەفسانەی ناسراوی فاوست (Faustian Iegend)، ئاماژە بۆ كیماگەرێك دەكات بە ناوی جۆهان گیۆرگ فاوست
(Johan Georg Faust) كە رۆحی لە بەرامبەر بەدەستهێنانی هەموو ئەو زانستەی لە دنیادا هەیە بە شەیتان دەفرۆشێت. گۆتە ئەم داستانەی كردووە بە شیعر و لە كتێبی ئەدەبی ئەڵمانی قوتابخانە ئەڵمانی زمانەكاندا دەخوێنرێت.

قابیلی ئاڵوگۆڕ نین

رۆحت بفرۆشیت؟ ئەم رستەیە چ مانایەكی هەیە؟ لە بنەڕەتدا لە ئاڵوگۆڕی داراییدا چەند مەسەلەیەك هەیە كە لە هەموو كەلتور و قۆناغەكاندا حسابیان بۆ دەكرێت. لە راستیدا هەندێك شت هەن كە قابیلی ئاڵوگۆڕ نین و ناتوانرێت نرخ و بەهایان لەسەر دابنرێت، بەڵام هەندێك كەس هەن كە باوەڕیان وایە هەموو شتێك بە پارە دەكڕدرێت تەنانەت بیروبۆچوون و بیروباوەڕیش. ئەم جۆرە كەسانە باوەڕیان وایە بڕە پارە پێشنیازكراوەكە زۆر بێت كەسەكان دەماریان سست دەبێت و ئامادەن لە پێناوی پارەدا واز لە هەموو شتێك بێنن. ئەم شێوازە فیكر و باوەڕە بە ئاشكرا لە رۆمانی سەردان-ی فریدریك دورنمات
(Friedrich Durrenmatt) رەنگیداوەتەوە. هەروەها لە شانۆگەرییەكی دورنماتدا ژنێك بە ناوی (كلێر زاكاناسیان) بەڵێن بە دانیشتوانی هەژاری گوندێك دەدات ئەگەر ئەوان دەزگیرانی پێشووی بكوژن، یەك ملیار فرەنكی سویسری پاداشتیان دەداتێ و بە ئامانجی خۆشی دەگات. ئێستا ئەم پرسیارەی خوارەوە لە خۆتان بكەن:
ئایا شتێك یان كەسێك ئەوەندە بەلای تۆوە پیرۆزە كە تەنانەت ئامادە نەبیت بە یەك ملیار دۆلاریش بیگۆڕیتەوە؟
وەڵامەكەت لە گۆشەیەكی كتێبەكەدا بنووسە. ئەو شتانە چین لە لیستەكەی تۆدا هەن؟ بە ئەگەرێكی زۆرەوە ژیانی خۆت و خێزانەكەت ئەو شتەیە كە تۆ لە بەرامبەر پارەدا مامەڵەی پێ ناكەیت. سەبارەت بە سەلامەتیت چۆنە؟ ئایا تۆ ئامادەیت حەزدەكەیت تووشی نەخۆشی وەكو شێرپەنجەی خوێن یان خەمۆكی بیت، بەڵام دەوڵەمەند بیت؟ ئایا بیروباوەڕەكانت بەهایان هەیە؟ هەڵبەتە هەندێك سیاسەتمەدار هەن دەنگی خۆیان بەو كۆمپانیایانە دەفرۆشن كە پێشنیازی باشتریان بدەنێ ئایا تۆش وایت؟ ئەگەر لە رووی داراییەوە لە بارێكی زۆر خراپدا بیت ئامادەیت بیروباوەڕ و پرەنسیپەكانی خۆت بفرۆشیت یان تەنانەت لە بەرامبەر ملیاردێربووندا دەستبەرداریان نابیت؟

پرەنسیپەکان
هەروەكو لە بەشەكانی پێشوودا باسم كرد، پرەنسیپ و بیروبۆچوون كەم یارمەتیمان دەدەن بۆ ئەوەی ژیانێكی باشمان هەبێت. هەروەها باسی ئەوەم كرد ئێمە دەبێت لە بەرامبەر سێ جۆر هێرشدا پارێزگاری لە كەرامەت و پرەنسیپەكانمان بكەین:
1 - مشتومڕی بێسوود. 2 - مەترسی زۆر. 3 - پێشنیازی مایەی دڵەڕاوكێ یان مامەڵە لەگەڵ شەیتاندا.
ئێستا بەنیازم سەبارەت بە بژاردەی سێهەم قسەت لەگەڵ بكەم، ئەگەر سنووری كەرامەتت بە باشی دیاریی نەكردبێت هەموو جارێك دەكەویتە گومانەوە. هەمیشە پێشنیازی مایەی دڵەڕاوكێت بۆ دەكرێت و دەبێتە هۆی ئەوەی سست بیت و لە رێڕەوی سەرەكی ژیانت لابدەیت. ئەمە نەك هەر كاتت بە فیڕۆ دەدات بەڵكو كارەكتەر و پشت بەخۆبەستنیشت پێشێل دەكات، هەروەها گورز لە بەها و متمانەت دەدات.

بیلبۆردی ریكلام
دڵنیام بە درێژایی ژیانت رووبەڕووی زۆر پێشنیازی مایەی دڵەڕاوكێ بوویتەتەوە. پڕۆفیسۆری زانكۆی هارڤارد مایكڵ ساندڵ (Michael Sandel) لە كتێبەكەیدا بە ناوی (ئەوەی بە پارە ناكڕدرێت) باسی ئەوە دەكات لە پەنجا ساڵی رابردوودا چۆن پرەنسیپ و باوەڕی كەسەكان گۆڕاوە و ئەو مەسەلانەی كە پێشان قابیلی سازش نەبوون، حاڵی حازر بەهای مەعنەویان نییە و بە ئاسانی مامەڵەیان لەسەر دەكرێت. بۆ نموونە ژنێك لە ئەمریكا ئامادە بوو ناوی گازینۆیەك لەسەر ناوچەوانی تاتۆ بكات و لە بەرامبەردا 10 هەزار دۆلار وەربگرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت مەسرەفی خوێندنی كوڕەكەی بكات.
ئەمە تەواو بەڕەزامەندیی كراوە، بەڵام مەسەلەیەك دەگرێتەوە كە پێشان وەكو تابۆ لێك دەدرایەوە.
ئێستا بەدەنی مرۆڤێك بووە بە بیلبۆردی ریكلام. هەروەها بانكەكان لەسەر بیمەی ژیانی خانەنشینان سەرمایەگوزاری دەكەن و هەرچەندە ئەوان زووتر بمرن بە قازانجی بانكەكانە. نموونەی جۆراوجۆری دیكەش هەیە كە نیشانی دەدات پارە و مادە تا چەند لەناو خەڵكدا رەواجی پەیداكردووە و تووشی رۆچوونی ئەخلاقی كردوون. هەڵبەتە ناتوانیت قەناعەت بە یاسادانەران بكەیت رێگا لە ئیشی گڵاو بگرن، چونكە بەرژەوەندی ئابووریی لە ئارادایە، بەڵكو دەبێت خۆت ئەو جۆرە هێرشانە بەتاڵ بكەیتەوە و بوار نەدەیت لە سنووری پرەنسیپەكانت نزیك ببنەوە.

بازنەی كەرامەت
لە ئەنجامدا دەبێت بڵێم باشتر وایە سنووری كەرامەتت بە قایمی دیاریی بكەیت و رێگە نەدەیت تووشی ئەو ڤایرۆسە بیت كە دەیەوێت دەزگای بەرگری و سنووری كەرامەتت ببەزێنێت. هەمیشە ئەوەت لە یاد بێت كە ئەو شتانەی لەناو بازنەی كەرامەتتدان هەرگیز قابیلی سازش نین، گرنگ نییە چەندە پارە دەدەن. هەرگیز نەكەویتە داوی مامەڵەی شەیتانەوە، چونكە مەرج نییە وەكو خەڵكی ناوچەی ئۆری بە سەلامەتی لێی دەرچیت.
 
سەرچاوە:
كتێبی: هنر خوب زیستن، ص157-161

 

 

دۆریان گرای و تابلۆكەی

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان