کوردستانیبوون لە خەڵاتی زێڕینی بلەدا

11:23 - 2022-05-21
ڕاپۆرت
1024 جار خوێندراوەتەوە

 کلو جەمال 
رێوڕەسمی دابەشکردنی «خەڵاتی زێڕینی بلە» بۆ ساڵی 2022، رێوڕەسمێکی سەنگین و تایبەت بوو. خۆ خوانەکردە قسەکردن لەسەر سەنگینیی رێوڕەسمەکەی ئەمساڵ و ئەو کەسانەی خەڵاتکران، کەمکردنەوە نییە لە سەنگ و پێگەی ئەو کەسانەی کە پێشتر لەو رێوڕەسمەدا خەڵاتکراون، بەڵکو قسەکردنە لەسەر دابەشکردنی خەڵاتەکە بەسەر کەسایەتییەکان لە پانتاییەکی جوگرافیی فراوانتر و هەمەڕەنگیی کەسایەتییەکان بەجۆرێک کە هەموو کوردستان و کوردزمانێک دەتوانێت ببێتە خاوەنی ئەو خەڵاتە.

هەروەک ئەمساڵ لەبری پێنج خەڵات کرایە هەشت خەڵات، ئەوەش بۆ هەشت پسپۆڕیی لە سێکتەری جیاوازدا کە بریتیبوون لە سەڵاحەدین دەمیرتاش، نەسرین عەبدوڵڵا، بەدیعە دارتاش، ئاکۆ غەریب، سەعد بەشیر ئەسکەندەر، جەمیلە جەلیل، شەهرامی نازری و سەڵاحی ئاشتی. 
 کە یەکێک لەوان سیاسەتمەدارێکی زیندانیکراوی خەباتکارە لە پێناوی ئاشتی و دیموکراسیدا لە باکووری کوردستان و یەکێکیان فەرماندەیەکی سەربازیی ژنە و تەوارێکی چاپوک و نەبەزی شەڕڤانانی رۆژئاڤایە، خانمێکی شانۆکاری پایتەختی رۆشنبیرییش یەکێکی تر بوو لەوانەی خەڵاتکران. 
خەڵاتکردنی هونەرمەندێکی مەزنی شێوەکار کە لە دەرەوەی پسپۆڕییەکەی خۆیەوە، مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکەی کردۆتە تابلۆیەکی شێوەکاری کە تاوانەکان و ئامرازی تاوانە نامرۆڤانەکانی بەعسی کردۆتە تابکۆیەکی زیندوو تا بۆ نەوە بەدوای نەوەی بگێڕێتەوە. 
کوردێکی فەیلی خەڵاتکرا کە لەڕێی پسپۆڕیی خۆی و پەیوەندیی کەسییەوە توانیوێتی کۆپیی هەموو ئەو بەڵگەنامانەی رژێمی پیشوو لە ئەمریکاییەکان وەربگرێتەوە کە زۆرێک لە تاوانە گەورەکانی رژێم بەرامبەر گەلی کوردستان دەسەلمێنێت لە زاری خۆیانەوە.
خانمێکی کوردی ئەرمینیاش یەکێکی دیکەیە لەو کەسانەی خەڵاتی زێڕینی بلەیان پێ بەخشرا کە سەدان بەستە و حەیران و لاوانەوەی کوردیی بە تێکست و نۆتەوە نووسیوەتەوە و لە فەوتان رزگاری کردوون.
هونەرمەندێکی زوان شیرینی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە باڵای هێندەی کێوی بێستوونە، خەڵاتی زێڕینی بلەی پێبەخشرا.
نووسەر و مێژوونووسێکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش خەڵاتکرا کە مێژووی کورد و کوردستان و جوگرافیای وڵاتی کوردی بە برژۆڵەی چاوەکانی نووسیووەتەوە و نەخشەی کێشاوە.
دانانی کەسایەتییەکان بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە، وەفادارییەکی مەزن بوو بۆ دیدگا و تێڕوانینی نەتەوەیی پێشکەوتنخوازانەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد کە لە هۆنراوەی داگیرکەری دڵپڕ لەقین-دا دەفەرموێت: هەر کوردم و کوردستانیم، ئەوەش نەک وەک هەستێکی شۆڤێنیستی، بەڵکو بۆ تەئکیدکردنەوەی نەبوونی هەستی شۆڤێنیستی لەلای خۆی ئاماژەی بەوە داوە کە «گەلان هەموو برای منن... هەر زۆردارانم دوژمنن». هەروەها وەکیەکیی و یەکسانی ژن و پیاو. لەسەروو هەموو ئەوەشەوە ناساندن و ئاشکراکردنی سەربازە گومناوەکانی کوردەواری.
دەستتان خۆش و گیانی مامۆستا شاد

بابەتە پەیوەندیدارەکان