ئاوڕدانەوەیەک لە تەنز و پەیڤکاتۆر

11:02 - 2023-10-19
کەلتور
254 جار خوێندراوەتەوە
پەیڤکاتۆری نانی برسی

سارا سوڵتانی

 پەیڤکاتۆر یەکێکە لە لقەکانی ژانری تەنز (هەنەک) لە ئەدەبدا، مێژووی ئەو ژانرە ئەدەبییە لە زمانی فارسیدا لە پەنجا - شەست ساڵ تێناپەڕێت. پەیڤکاتۆر لە زمانی کوردیدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی دوو دەیەیە کەم تا زۆر ئەدەبی کوردی پێ ڕازاوەتەوە. هەڵبەت برایانی قووڕەیشی کاریکاتێریست لە ساڵەکانی سەرەتای سەدەی بیست و یەک هەندێ رستەیان بە شێوازی پەیڤکاتۆر نووسیوە و بە کاریکاتێررستە ناویان بردووە، بەڵام ئەم ژانرە لە ئەدەبی کوردیدا تا ئێستا پێناسەیەکی ئەوتۆی بۆ نەکراوە، هەر بۆیەش نەناسراوە. 

وشەی لێکدراوی پەیڤکاتۆر
سەرەتا با باسێک لە چۆنییەتی پەیدابوونی ئەم ژانرە ئەدەبییە بکەین و پاشان بچینە سەر باسی پێکهاتە و چۆنییەتی شکڵگرتنی پەیڤکاتۆر. وشەی پەیڤکاتۆر وشەیەکە  تەنزنووس و نووسەری مەریوانی محەمەد رەئووف جیهانی ناسراو بە (خاڵۆ رەئووف) بەرامبەر بە وشەی (کاریکلماتور)ی فارسی دایناوە و زۆریش پڕ بە پێستی ژانرەکەیە. 
وشەی کاریکلماتور وشەیەک بوو ئەحمەدی شاملوو شاعیر و سەرنووسەری حەوتەنامەی فیردەوسی لە سەرەتای شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوو بۆ رستەگەلێکی تەنزی پەرویزی شاپوور (نووسەری فارس) دیاری کرد و بە زوویی وشەکە لە ئەدەبی فارسیدا جێکەوت. لە دوای ئەمەوە ژانری کاریکلماتور هۆگران و نووسەرانێکی زۆری بۆ لای خۆی راکێشا و ئەوەش بوو بە هۆی پەرەسەندنی ئەو لقە لە ئەدەبیاتی تەنز (هەنەک) کە تا ئێستا چەندین کتێب و گۆڤار و گۆڤاری ئەلەکترۆنی لێ کەوتۆتەوە. 
کاریکلماتور وشەیەکی لێکدراوە و لە دوو وشەی کاریکاتێر و کلمە (وشە) پێکهاتووە، کاریکاتێر وشەیەکی ئیتاڵییە کە بەو وێنە تەنزاوی و پێکەنییانە دەوترێ کە کاریکاتێریستەکان دەیکێشنەوە و (کلمە)ش بە مانای وشە دێت و لێکدانی ئەم دوو وشەیە بۆتە (کاریکلماتور)، پەیڤکاتۆریش هەر بەم شێوەیەیە، واتە خاڵۆ رەئوف وشەی (پەیڤ) و وشەی (کاریکاتێر)ی لێکداوە و پەیڤکاتۆری خوڵقاندووە کە ئێستا وشەیەکی جێکەوتووە لە ئەدەبی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا. 

ناوەڕۆک و پێکهاتەی پەیڤکاتۆر
 ناوەڕۆک و پێکهاتەی پەیڤکاتۆر لە رووی ئەدەبییەوە لەسەر چ بنەمایەک داڕێژراوە و تایبەتمەندییەکانی چین؟ پەیڤکاتۆر چییە و ئەرکەکانی چین و دەیەوێ چی بڵێت؟ پەیڤکاتۆر دەقێکی کورتە، بە پەخشانێکی سادە و روون دەنووسرێت، بەڵام مانا و مەبەستێکی یەکجار قووڵ و شیاوی تێفکرینی لە پشتە، خوێنەر تووشی هەڵوەستە دەکات و توانای بیرکردنەوە و وێنای دەجووڵێنێت. پەیڤکاتۆر لە روانگەیەکی جیاوازەوە لەسەر هەموو بوارەکانی ئابووری، کەلتوری، سیاسی، دینی، ژینگەیی، گشتی و تاکەکەسی و سۆزداریی و...هتد هەڵوەستە دەکات و هەوڵدەدا هەم تیشکیان بخاتەسەر و هەم دیوە کاریکاتێرییەکەی هەموو بوارەکان ئاشکرا بکات.
ئەو رەگەزە سەرەکییە ئەدەبییانەی پێکهاتەی پەیڤکاتۆر پێکدێنن بریتیین لە: یەکەم: کورتبێژیی، دووەم: بە مەبەستەوە قسەکردن، سێیەم: پێکەوە کۆکردنەوە وشە و مانا دژ بە یەکەکان، چوارەم: بەتەوسەوە دوان، پێنجەم: جێگۆڕکێ بە کەس و تایبەتمەندییەکان، شەشەم: بە هێما و ئاماژەوە ئاخاڤتن، حەوتەم: وێکچوواندن و یاریی بە وشە و مانا و زمانەوەکردن و...هتد. لە کۆتاییدا چەند پەیڤکاتۆریەکی چەند نووسەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە پێکدەکەین.
خاڵۆ رەئوف:
- چەکی داناوە ، واز لە سیرەگرتن ناهێنێ !
- ئەترسم زرێبار مەلە نەزانێ و لە شەخەڵدا بخنکێ .
- شارەوان هێندە چالاک بوو، چەکەرەی کرد.
- دار پوازی لەخۆی نەبێ ، کورد نییە .
***
سەرکەوت کۆنە پۆشی: 
- لە تاو گرانی، سوێندمان بۆ ناخورێ !
- لە کێشانی گوڵدا، یەکەمە نەقاش.
***
جەلال ئەحمەدی:
- مفتەخۆرەکان بەجێی بەرماڵ، دەمیان پان رادەخەن .
- رۆحی کز و دڵی شکاو، کۆنەفرۆشیش لێی ناپرسێ .
***
عیشرەت مۆشفیق:
- با چاویلکەی دژە خۆرم ببێ، ئەوسا دەرکەوە.
***
هەڵگوورد حەقپەرەست:
- ماندووە دایکم ، بە تەنافەکەدا دیارە .
***
تەیموور مورادی:

- ئارەقی سەگی لێ ئەتکێ ، سەگەکەم .
***
لوقمان پوور رۆستەم:
لە حکوومەتدا بە هەر دینێ حسێبی بکەم، حەق بە پووڵە(پارە) !
***
خالد مەجیدی:
- دزەی کردە ناو بزەکانم، کزەی خەم.
***
بەیان حوسێنی:
چووم بۆ کیش ، مات بووم
***
ئارش ئەمانی:
مێشکی وەسە ماڵ خوا ، پاکە .
***
پەرۆش مەریوان:
عەشق لەمنا بەڕۆژووە .
***
لوقمان دانش:
ئاهم هات داوێنت بگرێ، هیچت لەبەردا نەبوو .
***
سارا سوڵتانی:
- شیعرێکیان زۆر لەبەر کرد، شی بووە .
- بە پینەوپەڕۆ، شەقامی چل ‌تیکە دەدورێ، شارەوانی .
- بەرپرسان خزمەتکارن، خەزێنەی بەیتوولماڵ گەسک دەدەن .
- بیری مناڵی تیژە، هەسانی ناوێت .

بابەتە پەیوەندیدارەکان