گفتوگۆ و راگۆڕینەوە لە پێناوی ئایندەیەكی باشتردا

11:35 - 2022-05-21
دووتوێ
369 جار خوێندراوەتەوە

لەشكر حەمە ساڵح
لە چەند مانگی رابردوودا، یەكێك لە باس و بابەتە گەرمەكانی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تایبەتی و خەڵكی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی، پرسی دیداری یەكێتی و ئامادەكاری و بابەتە پەیوەندیدارەكانی بوو.
ئێستا بابەتەكە لە كۆتایی نزیك بۆتەوە و چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژی 28ی ئەم مانگە و لە دیداری گشتیی یەكێتدا هەموان كۆببنەوە و خاڵ بخەنەسەر پیتەكان و كارنامەی داهاتووی یەكێتی رەنگڕێژ بكرێت.
بەپێی گوتاری سەرەكیی دیداری یەكێتی كە لەسەر وێبسایتە رەسمییەكەی بڵاوكراوەتەوە، «دیداری یەكێتی بانگەوازێكی هەڤاڵانە و نیشتمانییانەیە بۆ تاوتوێكردنی واقعی ئێستای یەكێتی و ناسنامەكەی، بۆ نوێكردنەوەی گوتاری سیاسی و كۆمەڵایەتی و گەشەپێدانییەتی، بۆ ئەوەی بە دیدگایەكی نوێوە ئامادەبێت ئەركەكانی سەرشانی جێبەجێ بكا و سەرەنجام باشتر خزمەتی كۆمەڵانی خەڵك و خاكی كوردستان بكات، بۆ سبەینێیەكی باشتر كوردستانێكی ئاوەدان بۆ هەمووان، بێ جیاوازی، فەراهەم بكات».
لە راستیدا، ئەم ئەركەی دیداری یەكێتی گرتویەتیە ئەستۆ، ئەركێكی ئاسان نییە، چونكە ئەم باسە ئەوەندەی پەیوەندیی بە داهاتووەوە هەیە ئەوەندە پەیوەست نییە بەو چركەساتەی گفتوگۆ و مشتومڕەكانی تێدا دەكرێت. واتە؛ گرنگە بزانرێت تا چەند كار بەو پڕۆژە و بەرنامە و بۆچوونانە دەكرێت كە دەخرێنەڕوو؛ نەك بە تەنها ئەوەی چی دەخرێتەڕوو و داوای چی دەكرێت و ناوەڕۆكی پڕۆژە و پێشنیازەكان چی دەبن.
ئێستاش كە خەریكە دەگەینە قۆناغی كۆتایی و لە دیداری گشتیدا كۆدەبینەوە بەرپرسیارێتییەكی گەورە هاتۆتە ئاراوە؛ هەم بۆ ئەوەی ئیشەكە بەسەركەوتوویی بگەیەنرێتە مەنزڵ، هەمیش داڕشتنەوە و ناوەرۆكی ئەركە بەكوالیتییەكی باش بێت كە ببێتە مایەی بوژانەوەی پرۆسەی سیاسی لە كوردستان و رێكخستنەوەی بارودۆخی تایبەتی و بابەتیی پەیوەست بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
چەند مانگی رابردوو بۆ یەكێتی، ماوەیەكی گرنگ بوو؛ دەریخست، سەرەڕای كێشە و گرفتەكان؛ سەرەڕای بێ ئومێدی و هەندێكجار رەشبینی خەڵك، هێشتا كۆمەڵانی خەڵك، بەتایبەتی یەكێتییەكان، گەشبینتر لەوانی تر، هیوایان بە بار و دۆخەكە و هەوڵەكانی باشكردنی ماوە و شێلگیرانە هەم بەشداری گفتوگۆكانی دیداری یەكێتی بوون، هەمیش پێشنیاز و بیرۆكە و بەرنامەی گونجاویان پێشكەشكرد.
لەو ماوەیەدا دەركەوت، لە ناو یەكێتیدا هێز و وزە لە بن نەهاتووەكەی خەڵك بۆ گۆڕانكاری و چارەسەركردنی كێشەكان و راستكردنەوەی هەڵەكان هەر ماوە، ئەگەر كەمێك خاوبوونەوەشی بەخۆیەوە بینیبێت، بەڵام دەتوانێت وزە بەدەست بهێنێتەوە و پێگەی خۆی وەربگرێتەوە.
ئەو مشتومڕەی لە ناو یەكێتیدا بۆ بابەتی دیداری یەكێتی هاتە ئاراوە نیشانەی ئەوە بوو كە هێشتا وەك جاران دەنگدەر و جەماوەری حزبەكە، كادر و دڵسۆزان بوێرانە بەشدار دەبن، بۆچوونەكانیان بەڕاشكاوی بەیان دەكەن بەو ئومێدەی یەكێتی بكەنەوە لایەنێكی سەرەكی و بەهێز و یەكلاكەرەوەی كوردستان.
لە كۆتایی ئەم باسەدا، لە هەموو شتێك گرنگتر دووپاتكردنەوەی یەكێتی ترە لە بڕگەكانی گوتاری سەرەكیی دیداری یەكێتی كە دەڵێت: 
«هەڤاڵان! با راشكاو بین ‌و بەكراوەیی قسە بكەین، ئێمەی یەكێتی دەمێكە تووشی چەندین كێشەو گرفتی هەمەجۆر بوینەتەوە، كە زۆرجار باجی قورسمان لەسەری داوە، ئەگەر بۆ داهاتوو بەجددی و دڵسۆزانە هەوڵی چارەسەر و تێپەڕاندنیان نەدەین، دوور نییە توشی كێشە و گرفتی گەورەتر نەبین. جگە لەوەش دۆخی تازەی كۆمەڵگە و هەلومەرجی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی نوێ، پرسیار و كێشە و ئەرك و پێداویستی نوێی هێناوەتە كایەوە، كە وا دەخوازێت دوودڵ نەبین لە گفتوگۆ و راگۆڕینەوە بۆ دەستنیشانكردنی كەموكوڕییەكان و دۆزینەوەی چارەسەرەكان». 

بابەتە پەیوەندیدارەکان