وادەی دیداری گشتیی یەکێتی دیاریکرا

11:45 - 2022-05-21
دووتوێ
481 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە رۆژی شەممە 28/5/2022 دیداری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی دەستپێبکات و چەند رۆژێک بخایەنێت.
لەو بارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: دوای بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکانی ئامادەکاریی مەڵبەندەکان لە دهۆک، هەولێر، کەرکوک، ئیدارەی راپەڕین، ئیدارەی گەرمیان، پارێزگای هەڵەبجە، بەغدا، خانەقین و کۆتاییش لە سلێمانی، دیداری گشتیی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی دەستپێدەکات و ماوەی سێ بۆ چوار رۆژ دەخایەنێت و دیدارەکە تێکەڵ بەئاهەنگەکانی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ دەبێت.
لەو بارەیەوە فەهمی بورهان ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی و ئەندامی لیژنەی باڵای دیدار لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستانی نوێ رایگەیاند:»لە پرۆسەی ئامادەکارییەکانی دیداری گشتیی یەکێتی بەردەوامین و ئامادەسازییەکانیش بەشی زۆری ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە لە گفتوگۆی چڕ، لە دروستکردنی دەیان لیژنەی جۆراوجۆر، هەر یەکێک لەم لیژنانە لە زۆنە جیاوازەکانی کوردستانەوە دیدی خۆیان بۆ نوێبوونەوە و بۆ بەئامانجگەیشتنی دیدار لە رێگەی فۆرمە جیاوازەکانەوە پێشکەش کردووە».
هاوکات د.ڕەهێڵ فەرەیدون ئەندامی لیژنەی باڵای ئامادەکاری دیدار، بە کوردستانی نوێی راگەیاند «لیژنە جیاوازەکانی شار و ناوچە جیاوازەکان راپۆرتی خۆیان ئامادە کردووە، تێكڕای ئەو راپۆرتانە لە دیداری یەکێتی دەنگی لەسەر دەدرێت و راپۆرتی گشتی لێئامادە دەکرێت».
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دوای کۆکردنەوەی پێشنیار و ئەنجامی لیژنەکان، دیداری یەکێتی راسپاردەی بۆ ئایندەی یەکێتی دەبێت، لە سەرجەم سێکتەرەکانەوە دیدی نوێ و تێڕوانینی نوێی یەکێتی تا بەستنی کۆنگرەی پێنجەم دیاری دەکات، یەکێتی دەیەوێت خۆی نوێ بکاتەوە و پاش ئەنجامدانی دیدار، بە دیدێکی دیکەوە رووبەڕووی ئەو تەنگەژە و قەیرانانە ببێتەوە کە هەرێمی کوردستان تووشی هاتووە، گوتاری سیاسی خۆی نوێ دەکاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان