سووتاندن و هەڵكوتانە سەر بازاڕی لەنگەی كەركوك بەردەوامە

09:51 - 2023-10-22
ڕاپۆرت
425 جار خوێندراوەتەوە
سووتانی بازاڕی لەنگەی سەر پردەكەی كەركوك

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد


لەمساڵدا چەند جارێك لیژنەكانی قائیمقامییەتی كەركوك ‌و هێزە ئەمنییەكان هەڵیانكەوتاوەتە سەر بازاڕی لەنگەی سەر پردەكەی كەركوك و زیانێكی گەورەیان بە كاسبكارانی ئەو بازاڕە گەیاندووە و هەڵمەتەكەش بەردەوامە بۆ لەناوبردنی ئەو بازاڕە، جگە لەوەش چەند جارێك لەلایەن دەستێكی نادیار و شاراوە ئەو بازاڕە سووتێنراوە و زیانێكی گەورەیان بە كەلوپەل و دوكاندارەكانی گەیاندووە و بیریان لەوە نەكردۆتەوە كە كاسبكاران بێكار دەبن و بژێوی ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە، ئەو هەڵمەتەی قائیمقامییەت كە دەستیان داوەتێ لەگەڵ ئەو رێكەوتنانەی لەگەڵیاندا كراوە یەكناگرنەوە.

بێسەروبەری لە بڕیارەكاندا
هەفتەی رابردوو جارێکی تر بازاڕی لەنگەی سەر پردەكەی كەركوك سووتێنرا و بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بەکاسبکارانی بازاڕەکە گەیشت، مەحمود عەلی كاسبكارە لەو بازاڕە وتی، نزیكەی بیست ساڵ دەبێت ئێمە لێرە كار دەكەین، هەر لە سەردەمی رژێمی بەعسەوە و بەپێی رێكەوتن لەگەڵ شارەوانی جێگەیان بۆ كردوینەتەوە و دواتر ئەم بازاڕە فراوان بووە و بەشێكی شەقامە سەرەكییەكە ‌و بازاڕی جووت قاوەی داگیركرد.
وتیشی، چەند جارێك لایەنە پەیوەندیدارەكان بەڵێنی ئەوەیان پێداین بمانگوازەنەوە بۆ ئەو دوكانانەی لە تەنیشت رووباری خاسە دروستكراون، بەڵام بەداخەوە ئەو دوكانانە دران بە كەسانی تر و ئێمەشیان لە شوێنی خۆمان هێشتەوە و ئیتر ئەمە وایكرد شوێنەكە رۆژ لە دوای رۆژ فراوانتر بێت، بۆیە ئێستا لیژنەكانی قائیمقامییەت گێچەڵی ئەوەمان پێدەكات شوێنێكی گشتیمان داگیركردووە و گوایە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلمان تەنگ كردووە، بۆیە بڕیاری روخاندنیاندا و ئێمەشیان پەڕاگەندە كرد.

گلەیی دوكاندارانی بازاڕی گەورە و شۆفێران
كەریم عەلی كاسبكاری هەمان بازاڕە و دەڵێت، چەند جارێك بەڵێنیان پێداوین شوێنمان بۆ دابین بكەن، بەڵام بێهودە بووە جگە لەوەش نەیانتوانیوە وەك پێویست بازاڕەكە رێكبخەنەوە، دەیانەوێت بە سووتاندنی دوكانەكانمان لەلایەن دەستی نادیارەوە بکەنە هۆكارێك بۆ ئەوەی کاسبکاران بازاڕەکە چۆڵ بكەن لەکاتێکدا ئەو سووتانە مایە و قازانجی ئێمەی لە ناوبرد.
بێ هەڵوێستی كاراسبكاران و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەوەندی تر كێشەكەی قوڵتر كردووەتەوە، هەروەها گلەیی شۆفێران و دوكاندارانی نێو بازاڕی گەورە وایکرد بڕیاری رووخاندنی بازاڕی لەنگەی سەر پردی کەرکوک لەلایەن لایەنی بەرپرسەوە دەربکرێت.

پابەندنەبوون بە رێکەوتنەکان
نەجیبە عەلی دانیشتووی گەڕەكی شۆریجەی شار كەركوكە لەسەر سووتان و تێكدانی بازاڕی لەنگەی كەركوك دەڵێت، بۆ کڕینی جلوبەرگی خۆم و منداڵەکانم سەردانی بازاڕی لەنگەی سەر پردی کەرکوک دەکەم بەتایبەت رۆژانی شەممان، چونكە تایبەت كراوە بە جلوبەرگی ژنان و سوودێكی باشم لێ بینیوە لەبەرئەوەی نرخیان هەرزانە و كەلوپەلەكانیش لە باربوون بۆ گشت تەمەنێك، بۆیە نەمانی ئەم بازاڕە زیانێكی گەورە بە کەسانی هەژار دەگەیەنێت.
سەباح حەبیب ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر فراكسیۆنی سەوز رایگەیاند، ئێمەی پەرلەمانتارانی یەكێتیی و نوێنەرانی كەركوك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پشتگیری ئەو کاسبکارانە دەكەین، چونكە پێشووتر رێكەوتنێكمان لەگەڵ پارێزگاری بە وەكالەت و قائیمقامییەتی شارەكە كردبوو تاشوێنێك بۆ كاسبكارانی ئەم بازاڕ بدۆزنەوە و بیانگوازنەوە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەند رۆژێك بە سەر رێكەوتنەكە دەستێكی نادیار و شاراوە ئاگری لە بازاڕەكە بەردا، بەڵام بەپێی رێکەوتنەکە دەبێت پێشوەخت شوێنێكیان بۆ دیاری بكەن یان قەرەبووی مادی بكرێنەوە ئەوكات شوێنەكەیان پێ چۆڵ بكەن.

دوكارانداران بەپێی یاسا كار ناكەن
هاوکات سەرچاوەیەك لە لیژنەی قائیمقامییەتی كەركوك رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەك جیاوازی لەنێوان شوێنێك بۆ شوێنێكی تر ناكەین كە كاری زیادەڕۆییان كردبێتە سەر موڵكی گشتی، ئەو بازاڕەش موڵكی شارەوانییە و هیچ رێكەوتنێكیان نییە بۆ كاركردن و دەبێت بڕوخێندرێت.
وتیشی، سەرەتا کاسبکارانی ئەو بازاڕە تەنیا 10 دوكان بوون، بەڵام ئێستا كۆمەڵێك كەس شوێنەكەیان فراوان كردووە و چووەتە چوارچێوەی بازاڕێكی هەڕەمەكییەوە و رێگەی هاتوچۆكردنی هاووڵاتی و ئۆتۆمبێلیان داگیركردووە ئەمكارەش ئاستەنگی گەورەی دروستكردووە، جگە لەوەش گەلێك كێشە و گرفتیان بۆ شوێنەكە دروستكردووە.
باسی لەوەشكرد، هیچ یاسایەك رێگە بەو جۆرە بازاڕانە نادات كە قەرەباڵغی بۆ سەر بازاڕەكانی دەوروبەری دروست بكات ‌و ناكرێت بازاڕێكی لەو جۆرە و لەو شوێنە قوت بكرێتەوە، دەبێت بە یاسا رێكبخرێنەوە، چونكە ئاستەنگێكی گەورەیان بۆ هاتوچۆكردن دروستكردووە، جگە لەوەش ئاستەنگیان لە نێوان پردی خەبات و پردە بەردینەكە دروستكردووە و دوكاندارانی بازاڕی گەورەی ناو بازاڕی جووت قاوە كاتێك لە شارەكانی ترەوە كەلوپەلیان بۆ دێت زۆر بە زەحمەت دەگاتە دەستیان و دەبێت لە درەنگانی شەودا كاتێك بازاڕەكە چۆڵ دەبێت ئەوکاتە كەلوپەلەكانیان بگەیەننە دوكانەكانیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان