خوێندنەوە: لاپەڕەی کەلتور
(قەدەری كەركوك) كتێبێكی نوێی نووسەر و رۆژنامەنووس گۆران فەتحی-یە، كە لە كۆمەڵێك وتار و بابەتی سیاسیی پێكدێت لەسەر كەركوك، نووسەر لە ماوەی 2003 تا 2023 لە رۆژنامەكانی هەرێمی كوردستان بڵاویكردونەتەوە. كتێبەكە لە دووتوێی 223 لاپەڕەدایە و لە چاپخانەی پاندا لەسلێمانی چاپكراوە، دیزاینەكەی لەلایەن ئۆمێد محەمەدەوە كراوە.
شارێكی كوردستانییە
گۆران فەتحی لە پێشەكی كتێبەكەیدا دەڵێت: (كەركوك وەكو شارێكی دێرینی كوردستان و عیراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، شارێكی پڕاوپڕە لە جوانی و دەوڵەمەندی، شارێك خاوەنی چەندین شوێنی دیار و ئاسەوار و تەكییە و خانەقا و مزگەوتی دێرینە، خاوەنی چەندین ناوداری نەتەوەیی و ئەكادیمی و ئاینی و كۆمەڵایەتییە، شارێكی كوردستانییە، كە لەهەموو سەردەمەكاندا ئامێزی بۆ نەتەوە و ئاین و ئاینزا جیاجیاكان كردۆتەوە)، هەروەها دەڵێت: (لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا كەركوك، شارێكە هەردەم چاوی دوژمنان و داگیركەرانی لەسەر بووە و بەو هۆیەوە كوردی خاوەنی رەسەنی شارەكە هەردەم بەشیان كوشتن و بڕین و دەركردن و زەوتكردنی ماڵ و حاڵ بووە، لەلایەن كەسانی نامۆ بە شارەكە و لە سایەی حكومەت و دەسەڵاتە جیاجیاكانی ناوچەكە و عیراق).
كورد براوەی یەكەم بوون
وەكو ئاماژەمان پێكرد نووسەر ماوەیەكی زەمەنی بۆ كتێبەكەی دیاریی كردووە، كە بیست ساڵی دوای روخانی رژێمی بەعس دەكات لە عیراق، لە بابەتەكاندا باسی كێشمەكێش و ململانێ و ركابەرییە سیاسییەكان دەكات، كە لە نێوان هەرێم و بەغدا و هێزە سیاسییەكانی كوردستان و هێز و لایەنە عەرەبی (شیعە و سوننە) و توركمان لەسەر كەركوك هەبووە و تائێستاش بەردەوامە، نووسەر هەروەها باسی لایەنی سیاسیی و كۆمەڵایەتی و مێژوویی شارەكەی كردووە، ئەمە چ جای باسكردنی ئەو هەڵبژاردنانەی لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان كراون و گرنگی ئەنجامەكانی بۆ كورد لە عیراقدا، كە خۆشبەختانە لە زۆربەیاندا كورد براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان بوون و پێویستە پارێزگاری لەو ئەنجامانە بكرێت و دەنگی كەم نەكات، لەهەر هەڵبژاردنێكدا لەئایندەدا.
خراپی ئەدای سیاسیی كورد
لە كتێبەكەدا نووسەر باس لە نەهامەتی كورد لە كەركوك دەكات و دەڵێت: (ئەو نەهامەتی و ماڵوێرانییەی كورد، لەگەڵ روخانی رژێمی بەعس و سەدام حسێن نەوەستا، بەڵكو دوای 2003یش لەگەڵ ئەوەی بەشێكی زۆریی كوردی ئاوارەی شارەكە گەڕانەوە سەر شوێن و ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام بەهۆی سیاسەتی رەگەزپەرستی دەسەڵاتەكانی دوای روخانی رژێمی بەعس و هەروەها هێز و لایەنە سیاسییە شۆفێنییە عیراقییەكان، لەگەڵ خراپی ئەدای سیاسیی كورد بەرامبەر بەكەركوك و ناوچە تەعریبكراوەكان، هەروەها پەرتەوازەیی رای هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عیراق و كوردستان و كەركوكیش، كورد لەو شارە بەهێواو ئاواتەكانی نەگەیشت بۆ گەڕانەوەی كەركوك بۆ باوەشی كوردستان.)
كتێبی (قەدەری كەركوك)، پێنجەمین كتێبی گۆران فەتحی- یە، لە ئێستادا لە كتێبخانەكانی سلێمانی و كەركوك دەست دەكەوێت.