سەرۆك كۆمار: كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكارییەكانیان بۆ عیراق بەردەوام بێت

09:41 - 2023-10-23
عیراق
445 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا، پێشوازی لە تۆماس سایلز بەرپرسی نوێی نوێنەرایەتیی یەكێتیی ئەوروپا لە عیراق كرد و جەختیكردەوە لە بەهێزیی پەیوەندی و هاوبەشی نێوان عیراق و یەكێتیی ئەوروپا و گرنگی فراوانكردنی پێكەوەكاركردن.
سەرۆك كۆمار، پێزانینی بۆ پاڵپشتییەكانی یەكێتیی ئەوروپا بۆ عیراق دەربڕی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و بەرزكردنەوەی ئاستی ئەمنی لەڕێگەی راوێژ و راهێنانەوە. گرنگیی رۆڵی یەكێتیی ئەوروپاشی خستەڕوو لە پاڵپشتیكردنی ئاوارەكان لە بوارەكانی پەروەردە و تەندروستیدا و داوایكرد كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە جێبەجێكردنی بەرپرسیارێتییەكانیان.
هەر لە دیدارەكەدا، باس لە رێگاكانی هەماهەنگی و هەوڵەكان كرا بۆ روبەڕوبوونەوەی كاردانەوەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و كاریگەرییەكانی لەسەر هەموو بوارەكان بەتایبەتی ژینگە، ئابووری و كشتوكاڵ.
لای خۆیەوە، تۆماس سایلز، پاڵپشتی یەكێتیی ئەوروپای بۆ عیراق لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزكردنی هاوكاری وەك هاوبەشێكی گرنگ لە بوارە جیاوازەكانی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و كەشوهەوا، دووپاتكردەوە.

# سەرۆك كۆماری عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان