لێپرسراوانی نوێی مەكتەبەکانی راگەیاندن و هۆشیاری، رێكخراوە دیموكراتییەكان دەستبەكاربوون

09:47 - 2023-10-23
کوردستان
723 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ لە رێوڕەسمێكدا، عیماد ئەحمەد وەك لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، لەتیف نێروەیی وەك لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن و نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا وەك لێپرسراوی بۆردی هۆشیاری، دەستبەكاربوون.
رێوڕەسمی ئاڵوگۆڕی پۆستی لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری و دەستبەكاربوونی لێپرسراوانی بۆردەكە، لە بارەگای مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری بەئامادەبوونی ئەندامانی مەكتەب و ئەنجومەنی راوێژکاری بەڕێوەچوو.

هەمیشە وەك نووسەر و راگەیاندنكار پشتیوانی راگەیاندن دەبم
ستران عەبدوڵڵا لێپرسراوی پێشووی مەكتەبی راگەیاندن، لە وتەیەكدا وێڕای بەخێرهێنانی عیماد ئەحمەد، لەتیف نێروەیی و نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا، پیرۆزبایی پۆستی نوێی لێكردن و رایگەیاند: «لەماوەی رابردوودا وەك یەك تیم لەگەڵ هەڤاڵانی مەكتەب كارمانكردووە و بەرپرسیارانەش ئامانج و پەیام و ئەركەكانی راگەیاندنی یەكێتی ئاڕاستەكراون». وتیشی: «هەمیشە وەك نووسەر و راگەیاندنكار پشتیوانی راگەیاندن دەبم».
هەرچیمان پێبكرێت بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی راگەیاندنی یەكێتی درێغی ناكەین
لای خۆیەوە عیماد ئەحمەد لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری لەوتەیەكی كورتدا سوپاس و دەستخۆشی لە ستران عەبدوڵڵا كرد كە جێدەستی دیار و بەرچاو بووە و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی نوێیدا بۆ خواست وەك لێپرسراوی سكرتاریەتی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و وتی: «هەرچییەكمان پێبكرێت بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، درێغی ناكەین و بە راوێژ و ستراتیژ رووە و ئایندەیەكی رۆشنتر كاردەكەین و وەك یەك تیم و یەك ئاڕاستەی میدیایی، كاردەكەین كە بەرپرسیار بێت و گوزارشتی روونی روانگەی سیاسیی یەكێتی و ئامانج و پەیامەكانی بێت».
لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، راشیگەیاند: «یەكێتی درێژەپێدەری رێبازی سەرۆك مام جەلالە و لە دوای پێنجەمین كۆنگرەشەوە روئیای یەكێتی روونە كە زیاتر خزمەتكردنی خەڵك و كورد و كوردستانە، راگەیاندنیش لەسەر پایە جێگیرەكانی یەكێتی خزمەت دەكات لە گەیاندنی راستی و خزمەتكردن و داكۆكیكردن».
روونیشیكردەوە، كە راگەیاندنی یەكێتی هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا مێژوویەكی باش و پرشنگداری هەبووە و خوێندنگەی پێگەیاندنی سەدان كادر و نووسەر و رۆژنامەنووسە، بۆیە لە قۆناغی نوێشدا پەرە بەتوانای مرۆیی و میدیایی یەكێتی دەدەین.

بە پشتیوانی هەموان و بە ستراتیژی نوێ، كار بۆ پەرەپێدان و گوتاری میدیایی یەكێتی دەكەین
هەروەها، لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن لە وتەیەكدا، ئاماژەی بە رۆڵ و جێدەستی ستران عەبدوڵڵا كرد لە راگەیاندندا و وتی: «بە پشتیوانی هەموان و بە ستراتیژی نوێ، كار بۆ پەرەپێدان و گوتاری میدیایی یەكێتی دەكەین و سوود لە تواناكان وەردەگرین بە ئاڕاستەی خزمەتكردنی باڵای یەكێتی و لەو رێگەیەشەوە بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك».

بایەخی تەواو و هاوتەریب بە هۆشیاری دەدەن لەپاڵ ئەركی راگەیاندندا
هەر لە رێوڕەسمەكەدا، نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا لێپرسراوی بۆردی هۆشیاری، لە وتەیەكدا باسی لە رۆڵی ستران عەبدوڵڵا كرد و وتی: «لە هەیكەلی نوێی مەكتەبی راگەیاندندا بۆردی هۆشیاری زیادكراوە و بایەخی تەواو و هاوتەریب بە هۆشیاری دەدەن لەپاڵ ئەركی راگەیاندندا».

دوێنێ لە رێوڕەسمێكدا، بورهان سەعید سۆفی ئەندامی مەكتەبی سیاسی، وەك لێپرسراوی مەكتەبی رێكخراوە  دیموكراتییەكان دەستبەكاربوو.
لە رێوڕەسمەكەدا، كە ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئامادەبون، بورهان سەعید سۆفی لێپرسراوی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان، رایگەیاند: لەگەڵ هەڤاڵانم بەوپەڕی توانامانەوە هەوڵدەدەین خزمەتی سەرجەم كۆمەڵە، رێكخراو، سەندیكا، یەكێتییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بكەین.
هەر لە رێوڕەسمەكەدا، فریاڵ عەبدوڵڵا لێپرسراوی بۆردی رێكخراوە پیشەییەكان، رایگەیاند: بە هەموو توانامانەوە پشتیوان و هاوكاری لێپرسراوی نوێی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان دەبین و بە یەك تیم و پێكەوە بەرنامە و ستراتیجی یەكێتی جێبەجێدەكەین، ئەوەش لەپێناوی بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی سەردەم و پێشكەوتوو، كە ئەوەش ویستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.

PUKMEDIA



#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان