سعودییەکان سوورن لەسەر رێکخستنی مۆندیال

10:32 - 2023-10-23
وەرزش
146 جار خوێندراوەتەوە

عەلی حەکیم



ئەنجومەنی جێبەجێكاری فیفا لە كۆبوونەوەی پیشوویاندا بریاریاندا رێكخستنی مۆندیالی (2030) لە نێوان شەش وڵات و لە سێ‌ كیشوەر میوانداری بكرێت، ئەم بڕیارەش روداوێكی گرنگ و چاوەڕوان نەكراو بوو لە مێژووی تۆپی پێ و مێژووی مۆندیالدا، چونکە لایەن ئەندامانی كۆمەڵەی گشتییەوە بە بێ‌ دەنگدان بڕیاری لێدرا، ئەم بڕیارەش پێچەوانەی یاسا و رێسا نویێەكانی فیفایە.

زۆرترین چانس
بە پێی ئەو بڕیارە (6) شەش هەڵبژاردە وەک وڵاتانی رێكخەر بە بێ پاڵاوتن سەردەكەون بۆ مۆندیال، لەو (6) هەڵبژاردەیە (3) سێ‌ هەڵبژاردەیان لە ئەمریكای باشوور دەبن کە خۆیان (10) هەڵبژاردەن، بەو پێەش بێت هەڵبژاردەكانی ئەمریكای باشوور زۆرترین چانسی سەركەوتنیان دەبێت و ئەمەش نایەكسانییە بەرامبەر كیشوەركانی تر،  چونكە لە مۆندیالی 2030  (48) هەڵبژاردە بەشداریی دەكەن، بە هەمان شێوە مۆندیالی (2026) یش (48) هەڵبژاردە دەبێت، بەڵام لە نێوان سێ‌ وڵاتدایە و سێ وڵات میوانداریكەر و رێكخەرن.

بۆ خۆ دوورخستنەوە لە كێشەو ململانێ‌
ئەو بڕیارەی كۆمەڵە گشتی ئەنجومەنی جێبەجێكاری فیفا كە لەسەرەوە روونكراوەتەوە، بە پێی ووتەی ئەندامانی ئەنجومەنەكە بۆ ئەوەیە خۆیان بەدوور بگرن لە ئیحراجی و بۆ  ڕازیكردنی هەموو پاڵێوراوەکانە كە ململانی دەكەن لەسەر  میوانداریكردنی مۆندیالەکان.
 کیشوەری ئەمریكای باشوور زۆر هەوڵ و كۆششیاندا تا دۆسیەی میواندارییكردنی مۆندیالی (2026)ببنەوە كە دەکاتە ساڵ یادی سەد ساڵەی رێکخستنی یەكەم مۆندیالە لە كیشوەركەیان کە لە ئۆرۆگوای ساڵی(1930) رێکخرا، بەڵام یەكسەر دۆسییەی میواندریكردنەكەیان كشاندەوە چونکە بریاردرا یەكەم یاری لە ئەرجنتین بكرێت لەبەر ئەوەی ئەرجەنتین براوەی مۆندیالی قەتەر بووە، بۆیە رێكنەكەوتن و دۆسیەی میوانداریكردنەكە ئاراستەی (ئیسپانیا) لە كیشوەری ئەوروپا كرا و ئەو وڵاتەش میوانداریكردنەكەی بە هاوبەشی لەگەڵ پورتوگالی دراوسێی‌ پێشنیاركرد و دواتر بە هۆی ئەوەی لە ماوەی (30) ساڵدا مەغریب پێنج هەوڵی پێشوویان پوچەڵ بووە لە داواكاری میوانداریكردنی مۆندیال، ئەمجارە هەوڵەكەیان سەریگرت چونکە ئیسپانیا قایل بوو بەوەی مەغریب ببێت بە سێیەم وڵاتی رێكخەری مۆندیالی 2026.

رێكخستنی مۆندیالی 2030 
ئەو بڕیارەی کە مۆندیالی (2030) لە نێوان شەش وڵات و لە سێ‌ كێشوەر ئەنجامبدرێت، رێگەی لە شانشینی سەعودیە گرت كە نیازی وابوو بەتەنها داوای میوانداریكردنی مۆندیالی 2034 بکات، سعودییە دەستی بە تەواوكردنی هەموو یاریگاكانی كردبوو كە یارییەكانی تێدا ئەنجادەدرێت، بەڵام دواجار فیفا بریاری خۆیدا بەوەی لەمەودوا مۆندیالەکان بە شێوازی میوانداریكردنی هاوبەش رێکدەخات نەک تەنیا یەک وڵات، چونكە پێی وایە مۆندیال ئیمكانیاتێكی زۆر و زەوەندی پێویستە، هەروەها ئامادەكردنی (18) یاریگا قورسە، بەتایبەتی مۆندیالەكانی داهاتوو (48) هەڵبژاردەیە و (104) یارییشیان تیادا دەکرێت و نابێت هیچ یاریگایەكیش لە (40000) كەس کەمتر بگرێت، بۆیە لەو روانگەیەوە چیتر مۆندیال بە تەنها لە یەك وڵات ناكرێت و مۆندیالی (2022) قەتەر دوا مۆندیال بوو كە بە تەنها لە یەک وڵات ئەنجامدرا.

بێ هیوا نەبووە
لەگەڵ هەموو ئەمانەی وتران شانشینی سەعودیەش لە هەوڵەكانی بەردەوامە تا ئەو مۆندیالە لە كیشوەری ئاسیا دەرنەچێت و پێشنیاری كردووە ئەگەر رێگاش نادەن بەتەنیا سعودییە وڵاتی میوانداریکەر بێت، پێشنیاری كردووە میوانداریكردنی مۆندیالی (2034) لەگەڵ یەكێک لە وڵاتانی كەنداو یان وڵاتیكی رۆژئاوی ئاسیا بە هاوبەشی بكرێت‌.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان