ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران:

هەوڵی چارەسەركردنی گرفتی دامەزراندنی دەرچوانی كورد لە بەشە پزیشكییەكان دەدەین

12:54 - 2024-05-06
عیراق
102 جار خوێندراوەتەوە
دكتۆر گەیلان قادر

تەها عەبدوڵڵا

دكتۆر گەیلان قادر ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: ساڵانە دەرچوانی پزیشكی لە عیراق دادەمەزرێنرێن و بۆ ئەمساڵیش بەردەوام دەبێت، بەڵام گرفت و ئاستەنگ بۆ بەشێك لە دەرچوانی كورد لە بەشە پزیشكییەكانی سنووری ناوچەدابڕێنراوەكان دروستبووە و وەك لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی نوێنەران، لە هەوڵی چارەسەركردنی ئەو گرفتەداین.
وتیشی: دامەزراندنەكە بەگوێرەی یاسای تایبەتمەند، ساڵانە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی عیراق بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی راژەی فیدراڵ دەكرێت، جگە لە دانیشتوانی پارێزگاكانی هەرێم، دەرچوانی پزیشكیی سەرجەم پارێزگاكانی عیراق بە سنووری ناوچەدابڕێنراوەكانیشەوە دەگرێتەوە، ئەوانەشی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، یان لە دەرەوەی عیراق خوێندنیان تەواوكردووە، بەڵام گرفت و ئاستەنگ بۆ بەشێك لە دەرچوانی كورد لە بەشە پزیشكییەكانی سنووری ناوچەدابڕێنراوەكان دروستبووە، ئێمە لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ چارەسەری ئەو گرفتە بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندیمان بە وەزارەتی تەندروستیی عیراق و ئەنجومەنی راژەی فیدراڵەوە كردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان