كتێبی خەم

چۆن ئیشكردنی بڵندگۆی ناو مێشكت دەوەستێنیت؟

09:59 - 2023-10-24
ئابووری
300 جار خوێندراوەتەوە

رۆڵف دۆبێڵێ

لە فارسییەوە: محەمەد كەریم



(29)


گریمان دەسەڵاتی خوڵقاندنت هەیە و بڕیارە جۆرێكی نوێ دروست بكەیت، تۆ بەدەنی ئەو بوونەوەرەت هەڵبژاردووە و بڕیارە لە مەیموونێكی شەمپانزی بچێت. ئێستا پێوستە سەبارەت بە هۆش و توانای بیركردنەوەی بڕیار بدەیت. بۆ نموونە وەڵامی لە بەرامبەر هەڕەشەكانی دەرەوەی خۆی تا چ رادەیەك راست و دروست بێت؟ بە تایبەتی لەو حاڵەتانەدا كە هەڕەشەكە تەواو روون و ئاشكرا نییە بۆ زانینی كەمێك پێویستی بە بیركردنەوەیە.
ئەگەر ئەو بوونەوەرەی تۆ دەیخوڵقێنیت بەرامبەر مەترسی و هەڕەشەكانی دەوری توانایەكی كەمی هەبێت، بێگومان تووشی كێشەی هەڵدێران یان خواردنی لەلایەن دڕندەكانەوە دەبێت و لەناو دەچێت. بەڵام ئەگەر بەرامبەر ئەو مەترسیانەی بۆسەی بۆ دەنێنەوە توانایەكی زۆری هەبێت و وریای خۆی بێت، ئەوسا چی روودەدات؟ بێگومان هەمیشە لە جێگایەكدا دەمێنێتەوە و ناترسێت و لەبرسا رەچەڵەكی نابڕێتەوە و دەرفەتی زاوزێ و زۆربوونی دەبێت.
بەم پێیە تۆ پێویستت بە بڕێكی گونجاو لە هێز هەیە، نە ئەوەی گوێ نەدەیتێ و نە ئەوەش زۆر نیگەران بیت. هەڵبەتە كەمێك ترس و وریایی پێداویستی ژیانە، بەڵام ترسەكە نابێت ئەوەندە زۆر بێت لە كاروكاسپیت بكات و رێگای پێشكەوتنت بگرێت.

مرۆڤ لەو رێسایە بەدەر نییە

ئەم بابەتە رێك ئەو شتەیە كە بە درێژایی گەشەكردنی هەر بوونەوەرێكی سەر زەوی روودەدات. مرۆڤیش لەم رێسایە بەدەر نییە. بۆیە هەندێ كات سترێس و نیگەرانی لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە لەگەڵماندایە. لە راستیدا نیگەرانی بەشێكە لەو ئامرازەی لە مێشكی ئێمەدا جێگیركراوە و ئێمە بە هیچ جۆرێك ناتوانین لە شەڕی قوتار بین. بە بێ نیگەرانی هیچ كام لە ئێمە ناتوانین لەم سەر زەوییە درێژە بە ژیانمان بدەین، چونكە سترێس یارمەتیمان دەدات بۆ مانەوە و بەشێكە لە وجودی ئێمە كە قابیلی جیابوونەوە نییە.
كەواتە خۆشحاڵ بە كە هەندێ جار تووشی سترێس دەبیت، بەڵام مەسەلەیەك هەیە دەبێت هەمیشە لەبەر چاوت بێت، رادەی سترێست دەبێت لەگەڵ مەترسی دەوروبەردا هاوتا بێت، زۆر كات وانییە. بۆ نموونە تۆ ئیتر لە ساڤانا ناژیت هەتا نیگەرانی پڵنگی ددان خەنجەری بیت و لە سەدا نەوەدی نیگەرانییەكانت پووچ و بێمانان، لەبەرئەوەی ئەوەندەش ترسناك نین كە تەسەوری دەكەیت یان بە هەرحاڵ ناتوانیت لە بەرامبەریاندا شتێك بكەیت. بۆ نموونە سترێسی ژیانی دوای مردن یان گەرمبوونی زەوی، جگە لەوەی خەو و خۆراكت لێ حەرام دەكەن هیچ سوودێكیان نییە.

گیاندارە چۆلەكەخۆرەكان
ئەگەر هەمیشە سترێست هەبێت، ژیانت قورس دەبێت و لە تەمەنت كەم دەكاتەوە. بوار بدە بە نموونەیەك لە دنیای ئاژەڵانەوە باشتر مەبەستەكەم بگەیەنم. باڵندە و ئاژەڵی زۆر لە سروشتدا هەن كە چۆلەكە دەخۆن، وەكو راكۆن، هەڵۆ و داڵ. توێژەران لە كەنەدا بڕیاریان دا بەشێك لە دارستان بە دیوار جیابكەنەوە. بە جۆرێك كە ئەوانەی چۆلەكە دەخۆن نەتوانن بچنە ناوی. بەم شێوەیەش ژیانێكی پارێزراویان بۆ چۆلەكەكان فەراهەم كرد. لە چەند جێگایەكی دیاریكراودا بڵندگۆیان دانا و دەنگی هەڵۆ و داڵ و ئاژەڵە چۆلەكەخۆرەكانی دیكەیان بڵاوكردەوە. ئەو چۆلەكانەی گوێیان لەو دەنگانە بوو بەراورد بەو چۆلەكانەی لە جێگایەكی تر گوێیان لە دەنگێكی ئارام و خۆش بوو، جگە لەوەی ژمارەیەكیان مردن، لە سەدا چلیش كەمتر هێلكەیان كرد و هێلكەكانیان زۆر بچووك بوو، ژمارەیەكی كەمیشیان بوونە جووچك و جووچكەكانیش زۆر بچووك و لاواز بوون، چونكە دایكە و باوكەكانیان جورئەتی ئەوەیان نەبوو بەدوای خواردندا بگەڕێن بۆیان. ئەم تاقیكردنەوەیە ئەوەی نیشان دا مەرج نییە هەڕەشەیەكی راستەقینە لە ئارادا بێت و یەكسەر ژیان بخاتە مەترسییەوە بەڵكو تەنیا هەڕەشەیەكە و هیچی تر.

دیاریكردنی شتەكان
ئەنجامی ئەم لێكۆڵینەوەیە سەبارەت بە مرۆڤیش راستە. تەنانەت ترسەكانی ئێمە لە هی باڵندەكان زیاترە و بابەتی زیاتر بۆ ترساندنی ئێمە لە ئارادایە. ترسی زۆر و بەردەوام دەبێتە هۆی ئەوەی لە ژیاندا نەتوانین بڕیاری راست و دروست بدەین، ئەمەش غەمگین و پەرێشانمان دەكات.
ترسەكان بەردەوام لە بڵندگۆیەكی دروستكراوی ناو مێشكمانەوە بڵاودەبنەوە، باشتروایە ئەم بڵندگۆیە بكوژێنینەوە. فەیلەسوفە یۆنانی و رۆمانییەكان هەمیشە باسی ئەوەیان دەكرد، مرۆڤ بۆ دوورخستنەوەی ترس پێویستە ئەم فێڵەی خوارەوە بەكاربهێنێت:
ئەو شتانە دیاری بكە، كە رەفتار و كرداری تۆ كاریان تێدەكات و ئەوانەش كە كاریان تێناكات، پاشان تەركیزی خۆت بخەرە سەر بەشی یەكەم و ئەوانە فەرامۆش بكە كە ناتوانیت چاكیان بكەیت.

بە كردار قورسە
دوو هەزار ساڵ دوای ئەوە فەیلەسوف و تیۆرسیۆنی ئەمریكایی رینۆڵد نایبەر (Reinhold Niebuhr) رایگەیاند: «خودایە هێزێكم پێ ببەخشە تا بتوانم ئەو مەسەلانەی توانای گۆڕینیانم نییە قبووڵ بكەم و دەرەقەتی ئەو مەسەلانەش بێم كە دەكرێ بە دەستی من بگۆڕێن. هەروەها هۆش و گۆشم بدەرێ جیاوازی لە نێوان ئەم دوانەدا بكەم.»
لەوانەیە وتنی ئەمە شتێكی ئاسان بێت، بەڵام بە كردار قورسە، چونكە قبووڵكردنی ئەوەی ئێمە دەرەقەتی گۆڕینی كۆمەڵێ بابەت نایەین بەلامانەوە قورسە. 
لەم ساڵانەی دواییدا مەدیتەیشن وەكو رێگایەك بۆ تیماری هەموو ناخۆشییەكان باسدەكرێت. بە تایبەتی تیماری بێتاقەتی و سترێس. ئەگەر رای منت دەوێت من باوەڕم بە مەدیتەیشن هەیە، بەڵام دەبێت ئەوەت لەبەرچاو بێت تۆ تەنیا كاتێك لە مەدیتەیشندایت هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی مێشكت دەكەیت، پاش ئەوە بیر و هەستە ناخۆشەكان دووبارە هێرشت بۆ دێنن.

كتێبی نیگەرانییە گەورەكان
كەواتە لەگەڵ رێزی تەواومدا بۆ ئەم میتۆدە، دەبێت بڵێم هەبوونی ستراتیجی جێگیر باشترین رێگایە بۆ تیماری سترێس. لێرەدا ئاماژە بۆ سێ حاڵەت دەكەم كە لای من ئەنجامی باشیان هەبووە:
1- دەفتەرێك تەرخان بكە بۆ نووسینی نیگەرانییەكانت و ناوی بنێ (كتێبی نیگەرانییە گەورەكان) هەمیشە كاتێك تەرخان بكە بۆ نووسینی نیگەرانییەكانت لەو دەفتەرەدا، ئەمەش یانی دیاریكردنی بیست دەقەی رۆژانە بۆ نووسینی هەموو شتەكان. بەدوای ئەوەدا مەگەڕێ بەهانە بۆ نیگەرانییەكانت بهێنیتەوە، تەنیا ترس و نیگەرانییەكانت بنووسە بێ كەم و زیاد. پاشان دەبینیت تا چ رادەیەك ئاستی سترێسەكانت كەم بۆتەوە و باقی رۆژەكە بە ئیسراحەت و بەبێ نیگەرانی بەسەر دەبەیت. بەم ئیشە مێشكت تێدەگات نیگەرانییەكانی لە جێگایەكدا تۆمار كراون و پشتگوێ نەخراون. ئەگەر هەموو رۆژێك ئەمە بكەیت، وردە وردە تێدەگەیت هەمیشە سەبارەت بە مەسەلە جێگیرەكان هەست بە نیگەرانی دەكەیت و لە كۆتایی حەفتەدا دووبارە سەیری بابەتەكانت دەكەیتەوە، رێنماییەكەی بێرتراند راسل پەیڕەو بكە، كە دەڵێت: «كاتێك خۆت لە داوی بیر یان كەڵكەڵەیەكدا دەبینیتەوە باشتر وایە بەردەوام بیری لێبكەیتەوە، چونكە ئەو بەردەوام بیركردنەوەیە لێی سەرەنجام دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو بابەتەت لەبەرچاو بكەوێت و ئیتر لەبەرچاوت ئەو بایەخەی پێشووی نەبێت.» بە دەربڕینێكی دیكە دەتوانیت خراپترین حاڵەت لەبەرچاو بگریت و بیربكەیتەوە لەو هەلومەرجەدا چیت لەدەستدێت. پاش ئەوە هەستدەكەیت زۆر لە ترسەكانت بێهوودەیە و لەسەر بابەتی هیچ بووە.

گرنگیی دابینكردن
2- هەوڵ بدە هەندێ شتی وەكو خانوو و شمەكی بەهادار دابین بكەیت، ئەمەش یەكێكە لەو شێوازانەی یارمەتیت دەدات نیگەرانییەكانت كەم بكەیتەوە، ئەوەش بزانە گرنگی دابینكردن ئەوە نییە كە لە هەلومەرجی سەخت و لە كاتی رووداوی ناخۆشدا دەتوانیت بەكاری بهێنیت، بەڵكو بەهای راستەقینەی ئەوەیە كە دەتوانیت رادەی سترێس و نیگەرانییەكانت كەم بكەیتەوە.
3- تەركیز لەسەر ئیش و كار و ئەركی خۆت بكە، لەم حاڵەتەشدا مێشكت مژوڵی ئیش و ئەركت دەبێت و ئیتر بیر لەو شتانە ناكاتەوە كە ئازارت دەدەن.
بە رای من ئەگەر ئەم سێ ستراتیجە بەكاربهێنیت دەتوانیت هەتا رادەیەكی زۆر نیگەرانییەكانت كەم بكەیتەوە و ژیانێكی باش و ئارامت هەبێت و لەم حاڵەتەدا دەتوانیت وەكو مارك توین (Mark Twain) بڵێیت:
«من مرۆڤێكی بە ئەزموونم و شارەزای زۆربەی كێشەكانم، بەڵام زۆربەی ئەو كێشانە هەرگیز روونادەن.»

سەرچاوە: كتێبی هنر خوب زیستن، ص162-166

 

لای چۆلەكەش ترس و نیگەرانی دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی وەچە

بابەتە پەیوەندیدارەکان