پەیکەر بۆ ستالین؟

10:48 - 2023-10-24
کەلتور
1162 جار خوێندراوەتەوە
جۆزیف ستالین

پیتەر سینگەر

لە ئینگلیزییەوە: دڵشاد حامید دەروێش




هیتلەر و ستالین دوو دیکتاتۆری دڕندە بوون، بێشومار خەڵکیان کوشتووە، کەچی جیاواز تەماشایان دەکرێت. بۆچی ئه‌ستەمە ئەندێشەی پەیکەری هیتلەر لە بەرلین یانژی لە هەر جێیەکی دیکە بکەین، بەڵام پەیکەرەکانی ستالین لە سەرانسەری جۆرجیا (زێدی خۆی)دا دانراونەتەوە، بڕیارە لە مۆسکۆش دانەیەکی بۆ دابنرێت؟
ئەم جیاوازییە سنووری ئەو دوو وڵاتەی ئەم دوانە فەرمانڕەوایەتییان تێدا کردووە، تێدەپەڕێنێت. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، نیوەپەیکەرێکی ستالین لە مۆزەخانەی نیشتمانیی دی دەی (National D-Day Memorial) لە ڤیرجینیا هەیە. لە نیویۆریکیش، لەم دواییانەدا لە ڕێستۆرانتێکی روسیی شێوەسۆڤیه‌تیدا نانم خوارد. خاتوونە خزمەتکارەکان جلی سۆڤییه‌تییان لەبەردایە، بە دیوارەکەشیەوە وێنەیەکی سەرکردەکانی سۆڤیەت هەیە، بە زەقی ستالینی تێدا دیار بوو. هەر لە نیویۆرک باڕی KGB هەیە. تا ئەو جێگه‌یەی ئاگادارم، نە چێشتخانەیەکی شێوەنازی، نە باڕی گێستاپۆ (Gestapo) یان ئێس ئێس (SS) لە نیویۆرک هەیە.

کەواتە بۆچی ستالین لە هیتلەر پەسەندکراوترە؟
مانگی رابوردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیا ویستی پاساوێکی بۆ بهێنێتەوە، لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی پلانەکانی مۆسکۆ بۆ دروستکردنی پەیکەر بۆ ستالین، هێمای بۆ ئۆلیڤەر کرۆموێڵ
(Oliver Cromwell)ی سەرۆکی لایەنی پەرلەمانی لە شەڕی ناوخۆی سەدەی حەڤدەیەمی ئینگلیزدا کرد و پرسی «جیاوازیی راستەقینەی كرۆموێڵ و ستالین چییە؟» پاشان خۆی وەڵامی پرسیارەکەی دایەوە «بە هیچ شێوەیەک جیاوازییان نییە». لە درێژەدا کرۆموێڵی بەو «کەسە زۆرزانە» وەسف کرد کە «رۆڵێکی زۆر ناڕوونی لە مێژووی بەریتانیادا گێڕاوە».  (پەیکەرێکی کرۆموێڵ لە دەرەوەی ئەنجومەنی کۆمۆنەکان (House of Commons) لە لەندەن دانراوە).
ناڕوون وەسفێکی ئەقڵانیی ئاکاری کردەکانی کرۆموێڵە، چونکە سەرەڕای ئەوەی برەوی بە فەرمانڕەوایەتیی پەرلەمانی دەدا، سنوورێکی بۆ جەنگی نێوخۆیی دانا، تا رادەیەکیش رێگەی بە پێکەوەهەڵکردنی ئایینی دا، کەچی پشتگیریی دادگایی و لەسێدارەدانی چارڵسی یەکەم کرد و وەک پەرچەکردارێکیش بەرانبەر ئەو مەترسییە چاوەڕوانکراوەی لە هاوپەیمانیی کاسۆلیکە ئیرلەندییەکان و رۆیاڵیستە ئینگلیزییەکانەوە دروست دەبوو، بە شێوەیەکی دڕندانە ئیرلەندای داگیر کرد.
بەڵام ستالین، بە پێچەوانەی کرۆموێڵەوە، بەرپرسە لە مەرگی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی مه‌ده‌نی، به‌بێ ئەوەی جەنگێک یانژی هەڵمەتێکی سەربازی لەئارادا بێت. بەگوێرەی تیمۆسی سنایدەر، نووسەری کتێبی Bloodlands، 2-3 ملیۆن کەس لە سەربازگەکانی کاری زۆرەملێ لە کولاگ (Gulag) مردوون و رەنگە ملیۆنێک کەس لە تیرۆری مەزن (The Great Terror)ـی کۆتایی سییەکاندا  گولله‌باران کرابن. پێنج ملیۆنی دیکەش لە قاتوقڕییەکەی ساڵانی 1930-1933 دا لە برساندا فەوت بوون. لەم ژمارەیە، 3,3 ملیۆنی ئەو ئۆکرانییانە بوون كه‌ لە ئەنجامی سیاسەتێکی پلان بۆداڕێژاوی پەیوەندیدار بە نەتەوە یان یاخود بارودۆخیانەوە وەک جووتیاری زەنگین کە بە کۆلاکەکان (kulaks) ناسرابوون، مردن.
خەمڵاندنەکەی سنایدەر بۆ کۆی ژمارەی قوربانیانی ده‌ستی ستالین، ئەو کەسانەی تێدا نییە کە توانیویانە بەرگەی کاری زۆرەملێ یان دەربەدەریی نێوخۆیی لە دۆخی سەختدا بگرن و بمێننەوە. ئەگەر ئەوانیشی بخەینە سەر، ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆی ستەمکاری (Tyranny)ی ستالینەوە تووشی دەردەسەری و بەدبەختی بوون، رەنگە بۆ 25 ملیۆن کەس زیاد بکات. ژمارەی ئەو مردوانەی سنایدەر دەیداتە پاڵ ستالین، کەمترە لەو ژمارەیەی بە زۆری ئاماژەی بۆ دەکرێت، واتە 20 ملیۆن، ئەم خەمڵاندنەش پێش دەستگەیشتنی مێژوونووسان بە ئەرشیڤی سۆڤیەت کراوە. سەرەڕای ئەوەش، تێکڕایەکی سامناکە، لەڕووی گەورەییەوە، هاوشێوەی كوشتاری نازییەکانە (کە لە ماوەیه‌كی کورتتردا رووی دا).
سەرەڕای ئەوە، ئەرشیڤی سۆڤیەت دەریدەخات کە مرۆ ناتوانێت بڵێت لەبەرئەوەی قوربانییەکانی لەسەر بنەمای رەگەز یان نەژاد یانژی ئیتنیک بە ئامانج گرتووە، کوشتاری نازییەکان لە هی ستالین خراپتر بووە. ستالینیش لەسەر ئەم بنەواشەیە هەندێک لە قوربانییەکانی هەڵبژارد – نەک تەنها ئۆکراینییەکان، بەڵکو ئەوانەشی سەر بەو کەمینە ئیتنی (ethnic minorities)یانە بوون کە بە وڵاتە هاوسنوورەکانی یەکێتی سۆڤیەتەوە پەیوەست بوون. هەروەها ستالین ژمارەیەکی زۆری جوولەکەکانی چەوساندەوە.
راستە لەوێ ژوورەکانی غاز نەبوون، بێگومان پاڵنەری ستالین بۆ كوشتوبڕه‌كه‌ی، جینۆساید نەبووە، بەڵکو ترساندن و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆنێکی راستەقینە یان ئەندێشەیی دەسەڵاتەکەی بوو. بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک نابێت بە پاساوی ئەو هەموو کوشتن و زیندانیکردنەی روویان دا.
ئەگەر هەر «ناڕوونییەک» لەبارەی تۆماری ئاکاریی ستالینەوە هەبێت، لەوانەیە لەبەرئەوە بێت كه‌ کۆمۆنیزم لە ژێی هەندێک لە پاڵنەرە  هەرە جوامێرانەکانمان دەدات، چونکە کۆمۆنیزم چاوی لە یەکسانی و نەهێشتنی هەژاری بڕیوە. لە نازیزمدا، ئەم ئاوات و تاسە گەردوونییە بەدی ناکرێت، تەنانەت بە رووکەشیش گرنگییان بەوەی بۆ هەموان باشە، نەدەدا، بەڵکو لە خەمی فەراهەمکردنی بەرژەوەندیی گرووپێکی رەگەزیدا بوون. ئەمەش بە ئاشکرا پاڵنەرەکەی رقلێبوونەوە و سووکایەتیکردن بە گرووپە ئیتنییەکانی دیکە بوو.
بەڵام کۆمۆنیزم لە سەردەمی ستالیندا پێچەوانەی یەکسانیخوازی بوو، چونکە دەسەڵاتی رەهای بە کەمێک بەخشی و هەموو مافەکانی زۆرینەشی پایەماڵ کرد، ئەوانەی بەرگری لە ناوبانگی ستالین دەکەن، بەوەی ملیۆنان کەسی لە هەژاری رزگار کردووە؛ دەکرا ملیۆنان کەس، بەبێ کوشتن و زیندانیکردنی ملیۆنانی دیکە، لە هەژاری دەربهێنرێن.
هەندێکی دیکە لەسەر بنەمای رۆڵی ستالین لە بەرپەرچدانەوەی لەشکرکێشیی نازییەکان و شکستپێهێنانی هیتلەر لە دواجاردا، بەرگری لە مەزنیی ستالین دەکەن. بەڵام پاکتاوکردنی سەرکردە سەربازییەکان لە سەردەمی تیرۆری مەزندا، سوپای سووری زۆر لاواز کرد، هەروەها واژۆکردنی پەیمانی دەستدرێژینەکردنە سەر یەکتر له‌ نێوان نازی و سۆڤیەت لە ساڵی 1939 دا، رێگەی بۆ دەستپێکردنی جەنگی دووەمی جیهان خۆش کرد، ئەمە جگە لەوەی نەبینینی هەڕەشەی نازییەکان لە ساڵی 1941 دا، وای کرد یەکێتیی سۆڤیەت ئامادەی بەرەنگاریی هێرشی هیتلەر نەبێت.
راستە ستالین وڵاتەکەی لە جەنگدا سەرخست، پێگەیەکی وەک هێزێکی جیهانی پێ بەخشی کە نە لەوەوپێش و نە لە دوای رووخانیشییەوە بە دەستی هێناوە. بەڵام هیتلەر، بە پێچەوانەوە، وڵاتەکەی بە تێکشکاوی و داگیرکراوی و دابەشکراوی جێهێشت.
راستییەکەی، خەڵکی تەماهی لەتەک وڵاتەکانیاندا دەکەن و بەڕێزەوە لەوانە دەڕوانن کە له‌وپەڕی بەهێزیی وڵاتدا سەرکردایەتییان کردووە. رەنگە ئەمەش پێمان بڵێت بۆچی رەزامەندیی مۆسکۆییەکان بۆ پەیکەری ستالین لە هیبەرلینییەکان بۆ پەیکەرێکی هیتلەر زیاترە.
به‌ڵام ئه‌مه‌ تەنها به‌شێكە له‌ هۆی جیاوازیی مامەڵە له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌و دوو خوێنڕێژه‌دا. هێشتاش‌ سەرم له‌ بوونی رێستۆرانتێکی  شێوه‌سۆڤیه‌تی و باڕی كه‌ی جی بی له‌ نیویۆركدا سووڕماوە. 

سەرچاوە:

https://www.project-syndicate.org/

بابەتە پەیوەندیدارەکان