تابلۆکانی قامیشلۆ

09:35 - 2025-06-23
هەمەرەنگ
34 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی 18ی حوزەیرانی 2025، نۆیەمین پێشانگەی ساڵانەی هونەرەجوانەكان لە ناوەندی (محەمەد شێخۆ) لە قامیشلۆ كرایەوە كە لەلایەن ئەنجوومەنی رۆشنبیریی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریاوە رێكخرابوو، تێیدا ژمارەیەك بەهرەمەند و شێوەكار بەشداربوون و ماوەی سێ رۆژیشی خایاند. 
سەرفیراز شەریف هاوسەرۆكی دەستەی چاند و شوێنەواری باكوور و خۆڕهەڵاتی سوریا، بە دوالاپەڕەی وت: نۆیەمین پێشانگەی ساڵانەی بەرهەمی هونەری و شێوەكارانی رۆژئاوای كوردستان بە بەشداری سەرجەم پێكهاتەكانی ناوچەكە لە قامیشلۆ دەستی بە چالاكییە هونەرییەكانی كرد و تێیدا 74 تابلۆی جیاواز نمایشكران.
وتیشی: ئامانجی سەرەكیمان بەرزكردنەوەی ئاستی هونەری شێوەكارییە لە ناوچەكانی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا بەگشتی، چونكە گەلەكەمان لە سوریا چەندین ساڵە لە ناو شەڕ و ململانێی سەختدا دەژین و دەمانەوێت لە رێگەی وێنە و تابلۆكانییەوە ئازارەكانی خەڵكەكەمان پیشان بدەین، هەرچەندە سەرەتا بە لاوازی دەستمان پێكرد، بەڵام ئێستا گرنگییەكی زۆر بە بەرزكردنەوەی ئاستی هونەریی و نیگاركێشی دەدەین و چالاكیی جۆراوجۆرمان هەیە.
عەبدولمەجید خەلەف ئەندامی كۆمیتەی ئامادەكاری پێشانگەكە وتی: ئامانجمان لە نمایشكردنی بەرهەمی هەموو شێوەكارانی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا بووە بە هەموو پێكهاتەكانیشەوە بەبێ جیاوازی. تابلۆكان باس لە فەرهەنگی كوردی و ئێش و ئازارەكانی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان دەكەن كە هەزاران ساڵە لەسەر ئەو خاكە دەژین و گرنگییان بە هونەری نیگاركێشیی داوە. پێشانگەکە بە چەندین چالاكی هونەریی لەوانە میوزیك و شیعر كۆتایی بەكارەكانی هێنا.
 ئەیاز هەركی

بابەتە پەیوەندیدارەکان